عەتا سەراوی بۆ سەركردەكانی حزبەكەی: لەكوێی بەرپرسیارێتیدان و كام لە داواكانی خەڵکتان بەجێهێناوە
  2021-03-05       1035       

عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەیادی راپەڕیندا، رەخنە لە سەركردەكانی حزبەكەی دەگرێت و دەڵێت، ئێوە لە کوێی ئەم بەرپرسیارێتییەدان و کام و چەند لەداوا ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کورستانتان بەجێهێناوە. دەشڵێت: هەندێک لە برادەرانمان دیفاعی لە خۆی پێ ناکرێت جا چ جای ئەوەی کە حزبێک و گەلێک بپارێزێت و سەرکردایەتی بکات.

ئاوێنە: عەتا سەراوی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا بە بۆنەی یادی 30 ساڵەی راپەڕینەوە چەند پرسیارێكی روبەڕوی سەركردەكانی حزبەكەی كردۆتەوە.

عەتا سەراوی وتویەتی"بەرێز کاک کۆسرەت، هەڤاڵانی ئەنجومەنی باڵا، بەڕێز هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، بەڕێز دکتۆر بەرهەم، قوباد تاڵەبانی، هەڤاڵ ڕێواس، ئەرک نەبێ...ئێوە لە کوێی ئەم بەرپرسیاریەتی و کام و چەند داوا ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کورستانتان بەجێهێناوە؟"

ئەو سەركردەیەی یەكێتی ئەوەشی پرسیوە "ئێمەو عێراق بە غیابی سەرۆک مام جەلال کام لە مافە دەستورییەکانمان جێبەجێکردوە و کێ بەرپرسیارێتی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێرو بەغداد هەڵدەگرێت؟"

هەروەها وتوشیەتی"ئێمەو پارتی لە کوێی جێبەجێکردنی ماف و داخوازییەکانی خەڵکداین و لاسەنگی لە حوکمڕانی کێ لێی بەرپرسەو تاکەی بۆڵەبۆڵ دەکەین و کەی دەتوانین بڕیارمان لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێ و تاکەی لە بەرپرسیارێتی خۆمان دەدزینەوەو تاکەی ئەم وەزعە نەخوازراوە درێژە پێ ئەدەن؟"

عەتا سەراوی ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمەو گۆران کێ بەرپرسە لەو دۆخەی کە پرۆژەی هاوپەیمانی تا یەکگرتنەوەمان بە مردویی لە دایکبو، کەی هەردولا لە رقی یەکتری بچوکی پارتی و ملشکاندنی یەکتری واز لێ دێنین و ئەگەر نا ئێمە وەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەی بە جورئەتەوە کەیسی لامەرکەزی ئیداری و دارایی دەخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە؟"

عەتا سەراوی بە سەركردەكانی حزبەكەیشی وتوە"هەموتان تاکەی گوێ لەوانە دەگرن کە کویلە نین و شکۆی ئێوەو یەکێتی و خۆشی دەپارێزێت و لەشکرێک ماستاوچی و خەڵکانی دەس و پێ سپی هەیە کە نەک یەکێتی و گەلەکەمان ـ ئێوەشیان عەیبدار کردوە، بەندە واهەست دەکەم هەندێک لە برادەرەکانمان دیفاعی لە خۆی پێ ناکرێت جا چ جای ئەوەی کە حیزبێک و گەلێک بپارێزێت و سەرکردایەتی بکات."

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە "هیچ کەس خۆی لە ئەرک و مەسولیەت ناتوانێ بدزێتەوە، دڵنیابن نە دۆست و لایەنگرو ئەندامانی یەکێتی ئەم دۆخە قبوڵ دەکەن و نە ئێوەش دەتوانن تا سەر ئاوها گوێ لە کەسانی دڵسۆز نەگرن و بۆشتان ناچێتە سەر."

 


ڕاپەڕین کێ کردی و کێ خواردی وێڕای پیرۆزبای گەرم لە ساڵڕۆژی ڕاپەرین لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان،...

Posted by ‎Ata Sarawy - عەتا سەراوى‎ on Friday, March 5, 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×