میترۆ داوای لێكۆڵینەوەی جدی دەكات لە هێرشكردنە سەر ماڵی رۆژنامەنوسێك لە سلێمانی
  2021-04-03       598       
محەمەد فاتیح، رۆژنامەنوس

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە دامەزراوەی ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكات، لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە بكەن لە روداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی رۆژنامەنوس (محەمەد فاتیح حامید) و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەنتەرەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی پێشوازییان لە بێژەرو هەواڵسازی رادیۆی نەوا (محەمەد فاتیح حامید)، كە بەمەبەستی ئاگاداركردنی سەنتەر لەو دەستدرێژییەی دەكرێتە سەر ماڵیان سەردانی كردون.

محەمەد فاتیح بە میترۆی راگەیاندوە، لەماوەی مانگێكدا چەند جارێك كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵەكەی كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ‌ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیداو دەرگای ماڵەكەیان شكاندوەو هەڕەشەشیان لێكردوە، وتوشیەتی"چەند جارێك بە رەسمی و نارەسمی ئاگاداری لایەنی ئەمنی ناوچەكەم كردوە" جەختیكردەوە "پێیان راگەیاندوم كە ئەو دەستدرێژییانە پەیوەندی بە كارەكەمەوە هەیە."

بەپێی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بۆ میترۆی بردوە، كۆمەڵێك هەرزەكار شەوانە هێرش دەكەنە سەر ماڵی ئەو رۆژنامەنوسە كە دەكەوێتە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی و بە پێ‌ لەقە دەكێشن بەدەرگای ماڵەكەیداو دەرگای ماڵەكەیان شكاندوەو هەڕەشەشیان لێكردوە.

بەپێی قسەكانی ئەو رۆژنامەنوسە ماوەی مانگێك زیاترە ئەم دەستدرێژیە بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامەو سێ‌ جار ئاسایشی ئاگاداركردوەتەوەو لەدوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دانانی كامێرای چاودێری، بەهەمان شێوە دەستدرێژی بۆ سەر ماڵەكەی بەردەوامەو لەئێستادا ژن و منداڵەكانی توشی ترس و دڵەڕاوكێ‌ بون.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایگەیاندوە كە پشتیوانی لە رۆژنامەنوس (محەمەد فاتیح) دەكەن و داوا لە دامەزراوەی ئەمنییەكانی شاری سلێمانی دەكەن لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە بكەن لە روداوی هێرشی بەردەوام بۆ سەر ماڵی ئەو رۆژنامەنوسەو ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەش بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×