خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبونەتەوە
  2021-04-13       309       
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەولێر و سلێمانی لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران لە شاری هەولێر گردبونەتەوە و دەڵێن، رەمەزان بە سکی برسی ناگیرێت و داوا دەکەن دۆخی ژیانیان باش بکرێت.

ئاوێنە: سامان حسێن، سكرتێرى یه‌كێتى كه‌مئه‌ندامانى كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، "ئێمە نەهاتوین بۆ روخاندنی حکومەت، نەهاتوین شەقامەکان بگرین و فەوزا دروستبکەین، هاتوین بە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان دەڵێین رەمەزان بە سکی برسی ناگیرێت، تا کەی 100 هەزار وەربگرین و ئێوەش دەیان ملیۆن دینار موچەتان بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران خێزان ناویان نوسیوە کە تەنها داوای پێنج کیلۆ برنج و قوتی رۆژێکێکیان دەکەن، "هاتوین ئەو پەیامە بگەیەنین کە رەمەزان بە سکی برسی و گیرفاتی بەتاڵ ناگیرێت".

خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن و موچەی مانگانەیان کەمترە لە 150 هەزار دینار، لەماوەی رابردوشدا دەیان خۆپیشاندان و ناڕەزاییان ئەنجامداوە و داوایان لە حکومەت و پەرلەمان کردوە دۆخی ژیانیان باش بکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×