مه‌سرور بارزانی: چاوەڕێی حکومەتی عێراقی دەکەین بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکات
  2021-04-27       384       
مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، چاوەڕێی سەرۆک وەزیران‌و حکومەتی عێراقی دەکەن بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکەن. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم بەتەواوەتی پابەنده‌ بەسەرجەم بڕگه‌كانی رێککەوتنی‌ هه‌ولێرو به‌غدا.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی له‌چاوپێکەوتنێكیدا له‌گه‌ڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ په‌خشكرا، له‌باره‌ی پرسی بودجه‌و پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌ی‌ عێراق وتی‌، "لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، پەیوەندییەکان باشتر بون، بەڵام لەروی پڕاکتیکییەوە هێشتا هیچ کارێک نەکراوە. هێشتا چاوەڕێی سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراقی دەکەین بەشە بودجەی هەرێم رەوانە بکەن، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی هەمانە. ئێمە رامانگەیاندووە بەتەواوەتی پابەندین بەسەرجەم ئەو بڕگانەی رێککەوتنەکە، ئەوەی پەیوەستە بەئێمە جێبەجێی دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێ دەکەین سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، هەروەکو دەشزانن ئێستا ئێمە لەمانگی نیسانداین، بەڵام ئەوا بۆ ماوەی 10 مانگ دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە. بۆیە چاوەڕێش دەکەم و هانی سەرۆک وەزیران دەدەم پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات."

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیاو بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌ سنوورییه‌كان كردو وتی، "ئەمە کێشەی ناوخۆی تورکیا بوو هێنرایە نێو خاکی هەرێمەکەمانەوە، ئەوە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیایە، نەک کێشەی عێراق و کێشەی ئێمەش نییە. ئەم کێشەیە رووبەڕووی ئێمە کراوەتەوە، بەتایبەتی لەو کاتەی ئێمە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی داعش بووین. زۆربەی هێزەکانمان تەرخانکرابوون بە شەڕی دژ بە داعش و ئەو ناوچەیەش بێ هێز مابوونەوە. بەداخەوە پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە و هەوڵیدا هەژموونی خۆی فراوانتر بکات، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە لەو ناوچانە، بۆیە هێزەکانی پەکەکە دەستیان گرت بەسەر ئەو ناوچانەی، کە هێزەکانمانی تێدا بوون، زۆرێک لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکەش بەهۆی ئەو شەڕ و ناسەقامگیرییەی لەو ناوچەیە لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان".

مه‌سرور بارزانی‌ دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا هه‌ڵبژاردووه‌، له‌و ڕوه‌وه‌ وتی‌، "ئێمە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵ تورکیا هەیە. رێگەم بدە بیرتان بێنمەوە کە کورد هەمووی پەکەکە نییە. بۆیە پەیوەندی کورد و تورکیا ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و پەکەکە تەماشا بکرێت. تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەڵام کیشەی لەگەڵ کوردانی دیکە نییە. ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە، هەروەکو چۆن لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەیە. هیواخوازیشین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان پەرە پێبدەین و تێشدەگەین لەوەی هەموومان نیگەرانین بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی وڵاتانی خۆمان، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایین."

له‌به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران به‌م شێوه‌یه‌ دوا، "من نازانم تۆ بەتەواوەتی مەبەستت چییە، بەڵام ئێران دراوسێمانە و بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی لە عێراق هەیە، سیاسەتەکانی ئێمەش زۆر روون و ئاشکران، دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەبێت، لەنێویشیان ئێران. ئێمە سنوورێکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەرژوەندی بازرگانی و ئەمنی هاوبەشمان هەیە، بۆیە هیوادارین کە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بێت لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، کە دەستوەردان لە کاروباری یەکتری نەکرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×