هیچ دامەزراوە و لایەنێكی هەرێم ئیدانەی هێرشی توركیای بۆسەر كامپی مەخمور نەكرد
  2021-06-06       652       
نزیكەی 24 كاتژمێر بەسەر هێرشی توركیا بۆسەر كامپی مەخمور تێپەڕدەبێت، تا ئێستا هیچ دامەزراوە و لایەنێكی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هێرشەكەی نەكردووە.

ئاوێنە: دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ شەممە، توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیكردە سەر كامپی مەخمور “ڕۆستەم جودی”، بەهۆیەوە سێ كەس شەهید بوون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون، سەرەڕای ئەوەی هێرشەكە لە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا و شەهید و برینداری لێكەوتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دەسەڵات، دامەزراوەیەكی فەرمی و لایەنێكی سیاسی ئیدانەی هێرشەكەی نەكردووە.

هێرشەكەی توركیا بۆسەر كامپی مەخمور، هاوكات بوو لەگەڵ شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە لە چیای مەتین، كە بەوتەی لایەنە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن پەكەكەوە ئەنجامدراوە و بۆ ئەم ڕووداوەیان، دامەزراوە فەرمییەكان و بەرپرسانی حكومیی هەرێم، كاردانەوەیان هەبوو و هەڵوێستی خۆیان لەبارەیەوە دەربڕی.

پێشتریش چەند جارێك لەلایەن توركیاوە بۆردوومانی كامپی مەخمور و دەوروبەری كراوە و هاوڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی.

چەند ڕۆژیك لەمەوپێشیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەڕوونی ڕایگەیاند، جگە لە قەندیل، مەخموریش ئامانجیانە، زیاد لە جارێكیش باسی شەنگالی كردووە و وتویەتی، “بەیانییەك دێت بچینە شەنگال”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×