بافڵ تاڵەبانی داوا لە كازمی دەكا قوتی خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێم نەبەسترێتەوە بە كێشە سیاسییەكانەوە
  2021-06-06       411       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، داوای لێكرد"شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکانەوەو رێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەمو کێشەکان."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی بون جەخت لە پابەندبون بەبنەما دەستورییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پابەندبون بە یاسای بودجەو دابینکردنی موچەی ھەرێم.

بافڵ تاڵەبانی بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی دوپاتکردەوە لەپێناو سەرخستنی ھەنگاوەکانی خزمەتکردن و چاکسازی ریشەیی لە جومگەکانی بەڕێوەبردن. 

داواشی لە سەرۆک وەزیران کرد شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان و رێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەمو کێشەکان.

لەدرێژەی کۆبونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کۆدەنگی هێز و لایەنەکان کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق كە ماندوی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانن و وتی، ئەرکی هەمومانە لەو پێناوەدا هەوڵبدەین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×