یەكێتی زانایان: ئایینی ئیسلام وەك ئایینی رەسمی لە دەستوردا جێی بكرێتەوە
  2021-06-07       342       

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، پڕۆژە پێشنیاری خۆی سەبارەت بە پێگەی ئایین لەناو دەستوری هەرێم گەیاندە پەرلەمان و سەرۆكی یەكێتییەكەش دەڵێت: زۆر گرنگە وەک ئایینی رەسمی و سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان جێی بكرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، وەفدێكی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەكێتییەكە بە سەرپەرشتی عەبدوڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامانجی گەیاندنی پرۆژە پێشنیاری یەکێتی زانایان تایبەت بە پێگەی ئایین و ئەو بابەت و ماددانەی رەهەندی ئایینیان هەیە لە پرسی نوسینەوەی دەستوری هەرێمدا سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردو لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و دو پەرلەمانتارەوە پێشوازی كران.

لە دانیشتنێکدا عەبدوڵا مەلا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایان خۆشحاڵی بۆ هەوڵەکان لەمەڕ نوسینەوەی دەستورێک بۆ هەرێم دەربڕی و باسی لە هەڵوێستی یەکێتی زانایان سەبارەت بەو پرسانەی رەهەندی ئایینیان هەیە لەناو دەستوردا کردو وتی: یەکێتی زانایان پاڵپشتە بۆ هەنگاوەکانی دەستوری هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام گرنگە ئەو دەستورە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی کوردستان لەبەر چاو بگرێت بەتایبەت پێگەی ئیسلام لەناو دەستور، کە زۆر گرنگە وەک ئایینی فەرمی و سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان بێتە هەژمارکردن.

سەرۆکی یەکێتی زانایان وتیشی: زانایانی ئایینی لە کوردستان بە بایەخەوە لە دەستورو مەسەلەی ماف و ئازادییەکان و مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ترو دەڕوانن، بەڵام رەچاوکردنی تایبەتمەندی زۆرینە گرنگ و پێویستە، لەو سۆنگەوە ئێمە وەکو یەکێتی زانایان چەند بابەتێک لە شێوەی پرۆژە پێشنیار ئاراستە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەین، بە ئومێدی ئەوەی لەناو دەستور جێگەی بکرێتەوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وتی: گرنگە هەموان پێکەوە هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی دەستور بدەین، دڵنیاییش لەوە دەدەین کە ناسنامەی ئایینی بەلامانەوە گرنگەو دەشمانەوێ دەستور بۆ کوردستان بە شێوەیەکی تەوافوق و لە فۆرمی دەستورێکی مەدەنیدا بێت، کە هەوڵ بدات بنەمای هاوڵاتیبون بکاتە بنەماو پێوەر بۆ دانانی مادەو بڕگەکانی.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتیشی: ئێمە بەو پەڕی رێزەوە لە رای ئێوە دەڕوانین و بۆچونی ئێوە بۆ ئێمە گرنگەو سەرنجەکانتان بەهەند وەردەگرین، دەستور بۆ کوردستان پێویستیەکی سەرەکی و لە پێشینەیەو ئومێدمان وایە بتوانین بە هاوکاری و پاڵپشتی هەمولایەک لەو خولە دەستور تەواو بکەین.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×