په‌رله‌مانی كوردستان و عێراق به‌دواداچون بۆ له‌شكركێشیه‌كانی توركیا ده‌كه‌ن
  2021-06-08       255       
بڕیاره‌ ئەمڕۆ سێشەممە شاندێكی هاوبه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی پارێزگای دهۆك و ناوچه‌ سنوریه‌كان بکات، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون بۆ له‌شكركێشیه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان.

ئاوێنە: باڵانبۆ محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌ن خۆجێیه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمڕۆ سێشەممە شاندێكی هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی پارێزگای دهۆك و ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج له‌و سه‌ردانه‌دا ئاماده‌كردنی راپۆرتێكه‌ له‌سه‌ر له‌شكركێشیه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق و ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان و ژینگه‌ی ئه‌و ناوچانه‌.

لە 23ی مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵەوە سوپای تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکردوە، تا ئێستاش لە چەند ناوچەیەک پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە، هەفتەی رابردوش هەواڵی بڕینەوەی درەختی دارستانەکانی بادینان لەلایەن تورکیاوە بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی گەورەی لەناوخۆی باشوری کوردستان بەدواداهات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×