په‌رله‌مانتارێك: حەلبوسی وتی‌ هەر کاتێک نرخی نەوت بگاتە 65 دۆلار ئەوا کورد لەبەغدا نابیننەوە
  2021-06-13       1109       
محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان جدی نین لەجێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان لەسەر بودجە. قسه‌یه‌كی‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق-یش ئاشكرا ده‌كات كه‌ وتویه‌تی‌، هەر کاتێک نرخی نەوت گه‌یشته‌ 65 دۆلار ئەوا کورد لەبەغدا نابیننەوە.

ئاوێنه‌: جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له‌باره‌ی‌ دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كانی‌ جێبه‌جێكردنی‌ رێککەوتنی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا لەسەر بودجە ڕایگه‌یاند، تا ئێستا حکومەتی عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەسەر میکانیزمی رادەستکردنی داهات‌و ناردنی داهات رێکنەکەوتون.

وتیشی‌، "هەردو حکومەت لەو رێککەوتنە جیددی نین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دەیویست لەو بودجەیە ئەوەبو شەرعیەت وەرگرێت بۆئەوەی خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت".
 
ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەیەکێک لەدانیشتنەکاندا کاتێک لایەنە شیعییەکان داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتیان کردووە، "بەڕێز حەلبوسی لەو دانیشتنەدا وتی کامێرەکان بکوژێننەوە با بەراشکاوی پێتان بڵێم، هەر کاتێک نرخی نەوت بگاتە 65 دۆلار ئەوا کورد لەبەغدا نابیننەوە".

جەمال کۆچەر وتی‌، "ئێستا نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت، مۆڵەتیشی پێدراوە بەپێی یاسای بودجە. حکومەتی عێراقیش نایەوێت پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە بەهەر میکانیزمێک پارە بەهەرێمی کوردستان بدات، بڕەکە زیاترە لەوەی کە هەرێمی کوردستان رادەستی دەکات، ئەوکاتیش رەنگە حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتباربکرێت کە پارەیەک بەهەرێم دەدات بەبێ بەرامبەر. بۆیە هەردو حکومەت جدی نین، هاوڵاتیانیش لەنێوان هەردو حکومەتدا بونەتە قوربانی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×