قادر حەمەجان: هەڵبژاردنی ئەمجارە تەزویری زۆری تێدا دەكرێت
  2021-06-15       838       

ئەمڕۆ سێشەممە، مەلا بەختیار، عومەر فەتاح و قادر حەمەجان، ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەگەڵ جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتی و كۆلۆنێل چارلی سایكس، راوێژكاری سەربازی بەریتانیا لەكوردستان، كۆبونەوەو دۆخی ناوخۆی كوردستان‌و عێراق، هەڵبژاردنی ئایندە، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، تاوتوێ كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەكۆبونەوەكەدا، كە ئەمڕۆ (15/6/2021) بەڕێوەچو، مەلا بەختیار، سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئاییندە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، هەڵبژاردنی ئایندە قورسە، چونكە ئەو كێشانەی بونە هاندەر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، كەمی نەكردوە، هەروەك داعش لەجموجۆڵی بەردەوامدایەو هێزەكانی عێراق‌و میلشاكانیش لەگەڵ سوپای عێراقدا، لەناكۆكی قوڵدان. هەربۆیە باوەڕم نییە هیچ لایەنێك موتەفائیل بێ‌ لەدۆخی ئێستا‌و ساڵی ئاییندە! بەهۆكاری ئەوەی كاریگەری دەرەكی، هێزی مێلیشیا‌و چەكدارە ناوخۆییەكان، وایانكردوە عێراق سەقامگیرنەبێ‌، كە ئەمەش كاریگەری لەسەر رەوتی سیاسی هەیە.

یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ‌و پەیوەندییەكانی یەكێتی نیشمانی و پارتی دیموكرات، بەشێكی تری گفتوگۆكە بو، كە تیایدا مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە، ئەگەر لەڕوی سیاسییەوە پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی باش و تەندروست نەبێ‌، یەكگرتنی هێزەكانیش ئەنجامی نابێ‌. بێگومان دەستوریش، بەتاكە گرەنتی دەزانم بۆ ئەوەی هەوڵەكان بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە بگاتە ئاكام. 

عومەر فەتاح: لەڕوی دابەشكردنی كوردستانەوە، بەریتانیا بە قەرزاری نەتەوەكەمان دەزانین

هەر لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا، عومەر فتاح، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە سەد ساڵ بەسەر دابەشكردنی كوردستاندا تێپەڕدەبێت‌و لەو روەشەوە بەریتانیا بەقەرزاری نەتەوەكەمان دەزانین. ئەگەرچی بەریتانیا لەدوای بەجێهشتنی كوردستان چەندین پێشنیاری هەبو، بەڵام نەك پیشنیارەكان جێبەجێ‌ نەكران، بەڵكو ساڵ لەدوای ساڵ و حكومەت لەدوای حكومەت، نەتەوەكەمان روبەڕوی چەوساندنەوەو لەناوبردن‌و قەتڵ‌و عام بۆتەوەو دۆخێكی زۆر خراپمان بەسەرداهاتوە، تا بەئێستا دەگات‌و هیچ نیزامێكی سۆشیالیستی، نە دیموكراسی و نە كەپیتالیزمیش، هیچ سودێكی بەئ ێمە نەگەیاند.

وتیشی: رەنگە بوترێت خەتاو هەڵەی خۆیەتی كە ئەمە بەتەواوی وا نییە، چونكە هەروەك چۆن نەتەوەكەمان یەك نەتەوەیە، بەهەمانشێوە دوژمن و نەیارەكانیشمان بۆ لەناوبردنمان یەك ئامانجیان هەیە ‌و دەروبەریشمان هەموی نەیارە، بۆزۆربونی ئەم نەیارانەش وایكردوە، هەر لایەی كاریگەری نەیارێكی لەسەر بێت.

تەئكیشدی كردەوە، كە هیواخوازین وەك بەریتانیا، هاوكارو پشتیوانمان بن بۆ دەربازبون لەو ئازارەی سەد ساڵە، نەتەوەكەمان پێوەی دەناڵێنێت ‌و سەرچاوەكەی بۆ ئەو دابەشكردنە دەگەڕێتەوە.

حاكم قادر حەمەجان: هەڵبژاردنی ئەمجارە تەزویری زۆری تێدا دەكرێت

هاوكات حاكم قادر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد لەعێراقدا ناكرێ‌ و هەڵبژاردنی ئەمجارە تەزویری زۆری تێدا دەكرێت. هەروەها ئەو سەروەت و سامانە زۆرەی عێراق كە باسدەكرێت دزراوە، لەلایەن كاربەدەستانی عێراقەوە دزراوەو هەمان دزەكان دەردەچنەوە!

وتیشی: ئەگەر بمانەوێ‌ عێراق، عێراقێكی مەكەرزی و بەهێزبێت، هەرگیز وایلێنایەت، چونكە سێ‌ ململانێی سەرەكی لەعێراقدا هەیە، سوننەو شیعە ناگونجێن، كوردیش لەگەڵ هیچیان ناگونجێ و ئەمەش راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، كە راستی پێكهاتەی عێراق بەمشێوەیەیە. بۆیە دەبێ‌ بیر لەئەجێنداو ئەلتەرناتیڤێكی تازە بكەنەوە، بەدانیشتن لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنەكان، بەرێكخراوە مەدەنییەكانیشەوە. سەرەڕای ئەو مەترسیانە، هەژاری گەورەترین هەرەشەیە لەسەر عێراق، كە زۆر زیادی كردوە و بەردەوامیش دەبێت.

تەئكیدیشی كردەوە: هەوڵەكانتان بۆ یەكگرتن و رێكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، مایەی رێزو پێزانینە، هەمومان خاوەنی ئەزمونین لەشاخ، لەشار و لەداو دەزگا ئەمنییەكانیش، بۆیە ئەو هەوڵە بەباشی هەڵدەسەنگێنین و دەتوانن بەم هەوڵەتان، بەشێكی كەم قەرەبوی مێژومان بكەنەوە. پێشنیازیش دەكەم، هەوڵ بۆ یەكخستن‌و یەكگرتنەوەی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایشیش بدەن، چونكە ئێمە تەنها لەحكومەت و لەسەرەوە پێكەوەین، ئەگەرنا هەمو هێزەكانمان جیاوازن.

لەبەشێكی تری وتەكانیشدا، حاكم قادر، سەبارەت بەدۆخی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە خزمەتگوزاری لەسلێمانیدا نییە، كە چەندین ساڵەو لەماوەی سێ‌ كابینەدا هێشتا رێگەی سەرەكی سلێمانی دەربەندیخان تەواو نەكراوە، خەلەكان و رانییە بەهەمانشێوە. هەر ئەمەشە وایكردوە خەڵك لەم ناوچەیە گللەیی و رەخنەیان هەبێت. هەردوێنێ‌ نەخۆشخانەی هیواش بەو هۆیەوە مانگرتنیان ئەنجامدا. دیاریشە كە زوڵمێك لەئاوەدانی لەم ناوچەیە دەكرێت.

رونیشیكردەوە، كە بەهۆی نەبونی تەنسقی ئەمنییەوە، لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو عێراق، داعش توانیویێتی ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە، بۆیە هەتا ئەو تەنسیقە بەتەواوی دروست نەبێت، داعش لەجموجۆڵ بەردەوامدەبێت و وتیشی: هەروەك چۆن تا ئێستا بەشێكی دەستور لەعێراقدا جێبەجێ‌ دەبێت، ئەویش تەنها ئەو بڕگەو ماددە دەستوریانەن، كە لەبەرژەوەندی خۆیانن. هەربۆیە ئەو تەعریبەی لەخانەقینەوە تا شەنگال لەئێستادا لەسایەی كازمیدا جێبەجێ‌ دەكرێت، لەمێژوی رابردودا شتی وا روینەداوە! لەسایەی سوننەدا ئەنفال و كیمیاباران كراین، لەسایەی شیعەشدا ئەو حاڵەكەیە كەباشتر نییە و حەشدی شەعبی ئەجێندای تایبەتی خۆی هەیە.

لەلایەن خۆشییەوەو لەكۆبونەكەدا، جەیمس سۆرنتن، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لەكوردستان، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ خواستی وڵاتەكەی كرد لەجێبەجێكردنی دەستوری عێراق، تەئكیدیشی كردەوە كە ئەوان لەسەر سێ‌ بنەما لەعێراق كاردەكەن، لەناوبردنی داعش، عێراق ببێتە وڵاتێكی دامەزراوەیی و خۆی بڕیار بدات و سەروەرییەكانی خۆیشی بپارێزێت ‌و ببێتە خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری پتەو. هەروەك خاڵی سێهەم كە بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە تاكی عێراق، بتوانێت بەشداری كاریگەری هەبێ‌ لەبڕیاری سیاسی و دیاریكردنی چارەنوسی خۆی.

رونیشیكردەوە كە گرنگە بەلایەنەوە داعش جارێكی تر دروستنەبێتەوەو دامەزراوەكانی عێراقیش رۆڵی راستەقینەو تەندروستی خۆیان بگێڕن لەژیانی بەڕێوەبردندا.

كونسوڵی گشتی بەریتانیاش، لەبارەی هەڵبژاردنی ئایندەوە، بەگرنگییەوە خواستی بەریتانیای بۆ هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد دوپاتكردەوەو بەگرنگیشزانی كە متمانە بۆ هەڵبژاردن بگەڕێتەوە، تا زۆرینەی خەڵك بتوانن بەشداری لەپرۆسەكەدا بكەن ‌و بەبایەخیشەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە نوێنەری راستەقینەی خەڵك بتوانن سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەكان بكەن. لەو روەشەوە پاشئەوەی تەئكیدیی لەهاوكاریی و پشتیوانییەكانیان بۆ یۆنامی كردەوە تا بتوانن لەعێراقدا زۆرتر بمێننەوەو خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەن. رونیكردەوە كە گۆڕانكاری ریشەیی لەعێراق كاتێكی زۆری پێویستە، هەر بۆیە ئێمەو هاوكارو هاوتاكانیشمان لەپشتیوانی و هاوكارییەكانمان بەردەوامدەبین، تا لەئەنجاندا عێراقییەكان، خۆیان بڕیار لەچارەنوسی خۆیان بدەن.

هەر لەكۆبونەوەكەدا، كۆلۆنێل چارلی سایكس، راوێژكاری سەربازی بەریتانیا لەكوردستان، بەئاماژەكردن بۆ روداوەكانی ناوخۆ، ناوچەكەو دەوروبەر، جەختی لەپێویستی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كردو، تەئكیدیشی كردەوە كە لەو روەوە كات كەم لەبەردەستدا ماوەو ناكرێ‌ ئەو دەرفەتەی ئێستا لەبەردەمدایە، فەرامۆش بكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×