سەرکردایەتییەکی یەکێتی بۆ بەرپرسانی حزبەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی لاهور شێخ جەنگی قبوڵ مەکەن
  2021-07-26       4078       
سەرکردایەتیی یەکێتی لەبارەی دیاریکردنی سەرۆکی "هاوپەیمانی کوردستان" نامەیەک ئاڕاستەی بەرپرسانی حزبەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک دەستلەکارکێشانەوەی لاهور شێخ جەنگی لە سەرۆکایەتی "هاوپەیمانی کوردستان" قبوڵ نەکرێت، "دڵنیابن کاردانەوەی زۆر خراپی لە ناو جەماوەردا دەبێت".

ئاوێنه‌: ئارام قادر خەبات، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەنامەیەکدا بۆ دەستەی کارگێر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەی رایگەیاندوە، "وادیارە بڕیارە دەستەی کارگێری و مەکتەبی سیاسی لە سەر دانانی سه‌رۆكێكى نوێى بۆ هاوپه‌یمانیه‌كه‌مان لەگەڵ گۆڕان بۆ هەڵبژاردن کۆببێتەوە، تکایە ئاگاداربن ئەو بڕیارە مەترسی گەورەی دەبێت بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەروەها دەبێتە هۆی زیاتر بێ هیوا بونی جەماوەر لە چارەسەربونی کێشەکان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تکایە با لەبەر خاتری یەکێتی و شادکردنی دڵی جەماوەرەکەمان و سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنەکان و داواکاری و تکایی بەردەوامی ئەو هەمو کادیرو جەماوەرو بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەو تێکۆشەران با هەر هەمومان نێوانگیریەکانمان و کۆبونەوەکانمان لە ئێستادا زۆر زۆر گەرمترو گەورەتر و بەرفراوانتر بکەین بۆ نێوانگیری بەڕێزان کاک لاهور و کاک بافڵ بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو کێشەیە، جا کێشەکە چەندە گەورە بێت دڵنیا بن یەکێتی و ئایندەی یەکێتی زۆر زۆر لەوە گەورەترە، پێویستە ئەوە باش بزانین کە یەکێتییەکەمان لاواز بو هەمومان بێ هێز و لاواز دەبین".

ئارام قادر خەبات لەنامەکەیدا بۆ بەرپرسانی حزبەکەی نوسیویەتی، "تکایە بە هیچ شێوەیەک دەست لەکارکێشانەوەی کاک لاهور لە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتیەکە قبوڵ مەکەن چونکە دڵنیابن کاردانەوەی زۆرخراپی لە ناو جەماوەردا دەبێت و هەروەها وەک لەسەرەتادا باسمکرد دوبارەی دەکەمەوە ئەوەندەیی دیکەش خەڵک و جەماوەر بێ هیوا دەبن لە چارسەربونی کێشەکان و ڕێکەوتنی کاک بافڵ و کاک لاهور".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×