"جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران لەسەدا 65 دابەزیوە."
  2021-08-11       789       

محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە دەروازەی پەروێزخان ئاشكرایكرد، جموجۆڵی بازرگانی لەدەروازەکانی هەرێم لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێژەی لەسەدا 65 دابەزیوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، ئەو وتانەی محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری كۆمپانیای كوالێتی كۆنترۆڵ لە دەروازەی پەروێزخان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا هاتون لەگەڵ سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی.

محەمەد حەسەن، رایگەیاندوە"جموجۆڵی بازرگانی لەسەرجەم دەروازەكانی هەرێم هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران روی لەکەم بونەوە کردوە لە مانگی چواری ساڵی پارەوە هەستی پێدەکرێت و مانگ دوای مانگ زیاتر كەم دەكات، بەتایبەت ئەو دەروازانەی لە سنورەکانی خواروی عێراق نزیکن وەک پەروێزخان، گەر بەراوردێک بکەین لەنێوان مانگی سێ و مانگی شەشی ئەمساڵ بەڕێژەی زیاتر لە لەسەدا 65 جوڵەی بازرگانی دابەزیوە و مانگی حەوت بەرامبەر بە مانگی سێ لەسەدا 70 جوڵەی بازرگانی دابەزیوە."

راشیگەیاند" هۆکاری دابەزینی ئەو جوڵە بازرگانییە دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی دەروازەکانی عێراق بەڕوی ئێراندا، ئەم دەروازانە نەبونی کۆنترۆڵی دەوڵەتی مەرکەزی هەیە کە هەندێک لادان لە کێش و پێناسی گومرگی و مامەڵە لەگەڵ بارهەڵگرەکان هەیە کە ئەمەش وادەکات بڕی تێچوی هاوردەکردن کەمتربێت بۆ بازرگان بەراورد بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و کێشی بارهەڵگرەکان کە بریتیە لە 25 تەن بەڵام هەندێکیان دەگاتە 50 تەن یان 60 تەن بۆیە دەچنەوە دەروازەکانی عێراق چونکە لە هەرێم هەر بارهەڵگرێک کێشی زیاتربێت غرامەدەکرێت."

ئاماژەی بەوەشدا جیاوازی لە جۆری پێناسی گومرگیدا هەیە کە هەندێک لەکاڵاکان نزیکن لەیەک بە گۆڕینی ئەو بەهایە بارەکان لەدەروازەکان هەرزانتر دەکەون و دەبێتە هۆی تێپەڕینی ئەو بارانەو پارێزگاریکردن لەبەرهەمی ناوخۆیی کە دەروازەکانی هەرێم پابەندە پێوەی، بەڵام لەدەروازەکانی دیکە وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت و تێ ئەپەڕێندرێت.

لای خۆیشییەوە، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند: بەداخەوەین کە دەبیستین جموجۆڵی بازرگانی بەو شێوەیە کەمیکردوە کە ئەمەش زیانی گەورە بە ئابوری هەرێم دەگەیەنێت و هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هۆکاری ئەو کێشەو گرفتانە بکۆڵێتەوە تا بتواندرێت بازرگانان بگەرێنەوە بۆ خاڵەسنوریەکانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشدا ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تەواوی ئەو کێشەو گرفتانەی لەخاڵە سنورییەکان هەیە بەڕاپۆرتێک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کردوە بەو هیوایەین چارەسەریان بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×