سەرۆكی پەرلەمان: دەمانەوێت زەمینەی نوسینەوەی دەستورێك بڕەخسێنین كە كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر بێت
  2021-08-16       252       

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەنگاوەكان بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم دەستیان پێكردوەو دەیانەوێت زەمینەیەكی لەبار بۆ نوسینەوەی دەستورێك بڕەخسێنن كە كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر بێت و گونجاویش بێت لەگەڵ هەلومەرجی ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌، رێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ خاتو ئاشڵی دۆرێك، به‌رپرسی نوێنه‌رایه‌تیی باڵیۆزخانه‌ى كه‌نه‌دا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسى له‌ كار و ئه‌ركی په‌رله‌مان له‌ چاودێریكردن و ده‌ركردنی یاسا و هه‌نگاوه‌كانی نوسینه‌وه‌ى ڕه‌شنوسی ده‌ستورى هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ده‌رچواندنی ئه‌و یاسایانه‌ كرد كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌هێزكردنی سێكته‌ره‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، گه‌شتوگوزار، بازرگانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن ته‌نها به‌ كه‌رتی نه‌وت وه‌ك تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهات.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی نوسینه‌وه‌ى ڕه‌شنوسی ده‌ستوریش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند"هه‌نگاوه‌كان بۆ نوسینه‌وه‌ى ڕه‌شنوسی ده‌ستورى هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان پێكردوه‌ و ده‌مانه‌وێت زەمینەیه‌كی له‌بار بۆ نوسینەوەی دەستورێکی گەلپەسەند بڕه‌خسێنین، كه‌ كۆده‌نگیی نیشتیمانیی له‌سه‌ر بێت و لەگەڵ هەلومەرجی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە گونجاو بێت، بە جۆرێک كه‌ خواستەکانی هاوڵاتییانی کوردستان و ته‌واوى ماف و ئازادییەكانی تێدا جێگیر بكرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×