عەلی حەمە ساڵح: دوو کۆمپانیا بەناوی سۆنەری بازگە ساڵانە 80 ملیۆن دۆلار لەهاوڵاتیان وەردەگرن
  2021-08-22       461       
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم بە (ملیۆنێک دۆلار) دەتوانێت چەندین ئامێری سۆنەر بۆ بازگە و خاڵە سنورییەکان دابین بکات بەمەبەستی پشکنینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بەڵام ئەو کارەی سپاردووە بەدوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە هەولێر و سلێمانی و ئەوان ساڵانە 80 ملیۆن دۆلار لەهاوڵاتیان وەردەگرن، دەشڵێت، "سۆنەری بازگەو خاڵە سنوریەکان دەرگایەکی گەورەی گەندەڵین".

ئاوێنە: عەلی حەمە ساڵح لەپەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کردووە و باسی لەوەکردوە، پێشتر چەندین جار بە یاداشت ئەم دۆسیەی بۆ لایەنی پەیوندیدار ناردوە بەڵام ھیچ دامەزراوەیەک وەڵامی پێویستی نیە، بۆیە بەگرنگی دەزانن رایگشتی ئاگادار بکەنەوە، " جیھازی سۆنەر بوە بەدەرگایەکی گەورەی گەندەڵی لە خاڵی سنوری و بازگەکان، ساڵانە نزیکەی (80 ملیۆن دۆلار) لە سەرجەم بازگەو خاڵە سنوریەکان لە ژێر چەتری کۆمپانیادا لە ئۆتۆمبیل بەتاڵ و بارھەڵگر وەردەگیرێت، "ئەمەش بۆ بەرژەوەندی دوو کۆمپانیایە."

ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە خاڵە سنوریەکان کە بۆ ھەر پشکنینێک لە نێوان 35 بۆ 50 دۆلاردایە، لە بازگەکانیش ئەم پارە ھەر وەردەگیرێت، بۆنمونە لە بازگەی دێگەڵە ھەر بارھەڵگرێک بە پڕی بێتە ھەولێر (35 ھەزار دینار)ی لێوەردەگیرێت و بەتاڵیش بێت (15ھەزار دینار) وەردەگیرێت، ئەمە بۆ بازگەکانی دیکە ڕاستە کە دێنە ھەولێر ھەندێک جار پشکنین ھەر ناکرێت و تەنیا پارە وەردەگیرێت، بەتایبەت بۆ ئەو بارانەی بەرزترە لەئاستی سۆنەرەکە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "سەرجەم خاڵی سنوری و بازگەکانی ھەولیر دراوە بە کۆمپانیای ( HANDDAWN )، بۆچی حکومەت خۆی ئەم کارە ناکات، بەپێی بەدواداچونی من نرخی یەک ئامێری سۆنەر (100ھەزار دۆلارە)، واتە: 10 ئامێر (ملیۆنێک دۆلار) ، بەڵام ئەم دوو کۆمپانیای کە یەکیان بۆ سنوری سلێمانیەو ئەوی دیکە بۆ ھەولێرو دھۆک ساڵانە نزیکە( 80 ملیۆن دۆلار ) لە ھاوڵاتیان وەردەگرن، هەروەها چەندین کۆمپانیای دیکە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی لە خاڵە سنوریەکان دامەزراون و مانگانە ملیۆنان دۆلار وەردەگرن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×