قایمقایمی شەنگال: هێرشەکانی ئەمدوایەی تورکیا بۆسەر شەنگال بەهاوکاری پارتی بووە
  2021-08-22       571       
دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زنجیرەیەک هێرشیان بۆسەر چەند پێگەیەک لە قەزای شەنگال ئەنجامدا کە بەهۆیەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون، لای خۆیەوە قایمقایمی شەنگال پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان درێژ دەکات بەوەی سەبارەت بە ئامانجەکان زانیاریی دەداتە تورکیا.

ئاوێنە: فەهد حامید قایمقایمی شەنگال لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە کە ئەو هێرشانەی فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەر چەند ئامانجێکی ناوچەکەیان، بەهاوکاری و زانیاری پێدانی پارتی بووە.

بە وتەی حامید ئەو زانیاریانەی پارتی سەبارەت بە جێگای سەرکردەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و ئامانجەکانی تر لەناوچەی شەنگال بەتورکیایداوە، زۆر ورد بووە ، بۆیە لەکاتی بەئامانجگرتنیان لەلایەن فرۆکە جەنگییەکانەوە توانراوە شەهید بکرێن.

قایمقایمی شەنگال جەختی کردۆتەوە کە ئەوەی پارتی دەیکات بەوەی بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی کورد زانیاریی هەواڵگری بە تورکیا دەدات ناپاکییەکی گەورەیە و دەبێت لەسەر ئەو کار و کردەوانەیان سزا بدرێن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو ١٦ی ئاب، فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتای لە قەزای شەنگال کرد، لە ئۆتۆمبێلەکەدا شەش سەرنشین ھەبوون و سیانیان بریندار بوون و دووانیان شەھیدبوون کە یەکێکیان سەعید حەسەنی سەرکردەی هێزەکانی پاراستنی شەنگال بوو، هەروەک بۆ رۆژی دواتر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بەبیانووی بەکارهێنانی لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە سێ جار نەخۆشخانەیەکی گوندی سەکەنیێ لە باشوری چیای شنگال بۆردومان کرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×