پەرلەمانتارێك: بەهۆی ئەوەی بەنزین لەدەست كەرتی تایبەتدایە نرخەكەی دانەبەزێنراوە
  2021-08-24       173       


ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، هۆكاری سەرەكیی هەرزاننەبوونی بەنزین، ئەوەیە كە لە دەست كەرتی تایبەتدایە.

ئاوێنه‌: ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە: "وەك لیژنەی سامانە سرووشتییەكان بەدواداچوونمان بۆ گرانبوونی نرخی بەنزین لەگەڵ وەزارەت و وەزیری سامانە سرووشتییەكان كردووە، لە دوا لێكتێگەیشتنیش لە نێوان ئێمە و ئەوان، باس لەوە كرا كە بۆ نموونە ئەو باجەی لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەیە بۆ هەر تەنێك  25 دۆلارە، هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی كە ئەم بەنزینەی دەگاتە هاووڵاتیان، بە نرخێكی گەنجاو و هەرزانتر لەوەی ئێستا هەیە، بیاندرێتێ."

وتیشی: "هەوڵ هەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و حكوومەتی هەرێم بەنزین عەمبار بكەن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكی وەهادا بەنزینی عەمباركراوی خۆمان بخەینە بازاڕەوە".

ناوبراو سەبارەت بە هۆكاری گرانبوونی بەنزین و هەرزاننەبوونی وتی: "سەردانێكی وەزیری سامانە سرووشتییەكان هەبوو بۆ لای وەزیری نەوتی عێراق، یەكێك لە بابەتەكان ئەوە بوو كە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق چارەسەری بكەن و ڕێگەچارەیەك بدۆزنەوە، وا بڕیار درا كە لە 23ـی ئەم مانگەوە هەر لترێك بەنزین ببێت بە 650دیناری عێراقی، هۆكار زۆرن، بەڵام یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان ئەوەیە كە بەنزین لە دەستی كەرتی تایبەتدایە و، ئەگەر بێت و بكەوێتەوە دەستی حكوومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان خۆیان، باشتر دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و بە نرخێكی گونجاوتر بەنزین و سووتەمەنی بدرێت بە هاووڵاتیان، ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر و نەكرا بەنزین لە وادەی دیاریكراودا هەرزان بكرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×