2021-08-24   296     
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ھۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەم و پێنجەمی کۆرۆنا، ئەگەر ھاوڵاتیان پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان نەبن.
"ڕوبا فەلاح" ئەندامی تیمی پزیشکیی جیھانی، لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ئێستا عێراق بە لووتکەی شەپۆلی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا تێپەڕدەبێت و تا ئێستا بازنەی مەترسی ئەو قۆناغەی تێنەپەڕاندووە و مانگی ڕابردوو ئامارەکان گەیشتوونەتە لووتکە و ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ ھەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
وتیشی، ھێشتا شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق بڵاونەبووەتەوە، بەڵام دوور نییە شەپۆلی چوارەم و پێنجەمی ڤایرۆسەکە لە عێراق بڵاوببێتەوە، کە لە شەپۆلەکانی پێشوو توندتر دەبێت، ئەگەر ھاوڵاتیان پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان نەبن.
تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٣٢ ھەزار کەس لە عێراق تووشی کۆرۆنا بوون، زیاتر لە ٢٠ ھەزار و ٢٦٠ کەسیان گیانیان لە دەستداوە، نزیکەی دوو ملیۆن و ٩٧٩ ھەزار کەسیش لانیکەم ژەمێکی ڤاکسینیان وەرگرتووە.