حکومەتی هەرێم بریاریدا به‌ ڕاگرتنی جۆرێک له‌ سیمکارت
  2021-09-05       497       
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنی سیمکارتی بێ فۆڕم و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن راسپێردران بۆ وەرگرتنی رێككاری پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵكردن بەو جۆرە سیمكارتانە كە هیچ سەرەتایەكیان نیە.   

ئاوێنه‌: لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاند، "لەژێر رۆشنایی بریار و راسپاردەی جەنابی سەرۆکی  ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بریاری راگرتنی سیمكارتی بێ فۆڕم درا و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راسپێردران بۆ وەرگرتنی رێككاری پێویست بۆ قەدەغەكردنی مامەڵكردن بەو جۆرە سیمكارتانە كە هیچ سەرەتایەكیان نیە."   

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لەمەودوا تەواوی زانیاری بەكارهێنەر و كڕیار دیار دەبێت، بەوەمەش بەمەبەستی رێگرتن لە تەشەنەكردنی دیاردەكە هەنگاوەكان دەست پێ دەكرێن بۆ بەیاساكردنی مامەڵەی هێلەكانی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستان."   

ئەوەشی خستووەتەڕو، "‏‎وەكو هەموو لایەك ئاگادارن ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ بەرێزان لە وەزارەتی ناوخۆ  لەماوەی رابردوودا چەندین هەوڵی جدیمان داوە بۆ چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە، لەو بارەیەوە چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدراوە و لیژنەی تایبەتی بۆ دروستكراوە و بە بەشداری ئێمە و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆ."   

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "‏‎لەلایەكی دیكە بەدواداچوون و كۆبوونەوەی بەردەوام هەبووە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئەنجومەنی باڵای خانمان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو لەسەر ئەو پرسە و پرسی دیکە پەیوەست بە مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی ومافی ئافرەتان وخانمان بە شێوەیەکی تایبەت."   
  
ڕوونیشیکردووەتەوە، "‏‎لەرۆژانی داهاتوودا بۆ جێبەجێكردنی ئەو راسپاردەیە لیژنەكانی راسپێدراو لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن كارەكان چڕتر دەكەینەوە بە هەماهەنگی تەواوی كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێگری دەكەین لە مامەڵەكردن و بەكارهێنانی سیم كارتی بێ فۆڕم و ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی یاسایی بە تەواوەتی رێکدەخری لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی."  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×