ئەمڕۆ دادگاییكردنی پێنج زیندانیكراوی دیكەی بادینان دەستپێدەكات
  2021-09-08       300       

بڕیارە ئەمڕۆ دادگاییكردنی پێنج زیندانیكراوی دیكەی بادینان بەڕێوەبچێت.

ئاوێنه‌:  ئەمڕۆ چوارشەممە، یەكەمین دانیشتنی دادگاییكردنی پێنج زیندانیكراوی دیكەی بادینان بەناوەكانی (عامر خالید – مامۆستای زانكۆ، سلێمان كەمال – پێشمەرگەی دێرین، سلێمان موسا – مامۆستا، جەمال خەلیل – مامۆستا و فرسەت ئەمجەد – ئەندازیار) بەڕێوە دەچێت.

ئەو زیندانیكراوانە بەپێی ماددەی 1ی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دادگاییدەكرێن، كە تیایدا هاتووە، “هەرکەسێک بەدەستی ئەنقەست و یان بەهەرشێوەیەک لەکارێک تێوەگلێت بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و ببێتە هۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندکردنی هەتاهەتایی یان بەندکردنی کاتی سزا دەدرێت”، ئەمڕۆش یەكەمین دانیشتنی دادگاییكردنەكەیانە.

پێرێ بڕیاربوو دادگاییكردنی چوار زیندانیكراوی دیكەی بادینان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گۆڕینی لیژنەی دادوەرییەوە، دانیشتنەكە دواخرا.

بە دادگاییكردنی ئەو پێنج زیندانیكراوەی ئەمڕۆ، تا ئێستا 16 زیندانیكراوی بادینان دۆسیەكانیان لە ئاسایشەوە براوەتە دادگا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×