به‌ڕێوبه‌رى گشتیى خانه‌نشینى هه‌رێم: دۆسیه‌ى خانه‌نشینى د.شێركۆ عەبدوڵا هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌
  2021-09-08       1232       

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێم رەتیدەكاتەوە موچەی خانەنشینی د.شێركۆ عەبدوڵا راگیرابێت و جەختیش دەكاتەوە كە دۆسیەی خانەنشینی ناوبراو "هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە."

ئاوێنە: حازم ئیسماعیل، به‌ڕێوبه‌رى گشتیى خانه‌نشینى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە بوارنیوزی رایگەیاندوە"دۆسیه‌ى خانه‌نشینى د.شێركۆ عەبدوڵا هیچ كێشه‌یه‌كى یاسایى نییه‌و ته‌نها به‌پێى یاساى چاكسازى به‌شێك له‌ موچه‌ی پله‌ باڵاو تایبه‌ته‌كان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌و ناوبراویش له‌و مانگه‌دا موچه‌ى خانه‌نشینى خۆى وه‌رگرتوه‌."

حازم ئیسماعیل، راشیگەیاندوە: لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە دوی ساڵی 2020 كە بە یاسای چاكسازی ناسراوە، دابەشكردنی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری تێدا كراوە، بەجۆرێك ژمارەیەك لەو خانەنشینانە دۆسییەكانیان كەموكورتی تێدا بوە، ئەوانە موچەكانیان ڕاگیراوە تا ئەو كاتەی ئەو كەموكورتییەی كە لە دۆسیه‌كانیاندا هەیە چاكی دەكەن، بۆ نمونە ساڵانی خزمەتی چەند بوە؟ یان كۆتا پلەی وەزیفی چی بووە؟ یان هەر بابەتێكی دیكەی لەو شێوەیە، بۆیە دوای چاككردنی ئەو كەموكورتیانە ئەو موچانەی كە وەریاننەگرتووەو ڕاگیراوە بۆیان دەگێڕدرێتەوەو موچەی كەس نابڕدرێت مەگەر خانەنشینێك هیچ دۆسیەیەكی نەبێت و نەتوانێت بیسەلمێنێت كە بە مافی خۆی خانەنشین بوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خانەنشینانەشی كە دۆسییەكانیان هیچ كەموكورتییەكی تێدا نییە و خزمەتی 15 ساڵیان تەواوكردوە، ئەوا بەپێی یاسای چاكسازی موچەكانیان كەمكراوەتەوە بۆ نمونە كەسێكی وەك (د.شێركۆ عەبدوڵا) كه‌ 15 ساڵ خزمەتی فعلی زیاتری هه‌یه‌ موچەكەی نەبڕاوە، بەڵكو كەمكراوەتەوە ئه‌وه‌ش بە گوێرەی یاسای چاكسازی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكارەكان ئەوانە ٦٠% و ئەوانەی پەرلەمانتارن ئێستا لە ٥٠%ی موچەكانیان وەردەگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×