ئەنجومەنی سوریای دیموكرات: ئەمریكا بەرلەوەی بكشێتەوە پێویستە ئاگادارمان بكاتەوە
  2021-09-10       440       

نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن رایگەیاند، پێویستە ئەمریكا بەرلەوەی بڕیاری كشانەوە لە سوریا بدات كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە بڕیارەكەی ئاگاداربكاتەوەو كشانەوەشی پێویستە هەنگاو بەهەنگاو بێت نەك خێراو دەستبەجێ.

ئاوێنە: بەسام سەقەر، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە واشنتۆن لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی رایگەیاند، ئەمریكییەكن دەڵێن تاوەكو كۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە سوریا دەمێننەوە بەڵام ئێمە نازانین دەمێننەوە یان نا.

وتوشیەتی، ئەگەر دەیانەوێت بكشێنەوە دەبێت كشانەوەكەیان هەنگاو بە هەنگاو بێت نەك دەستبەجێ و خێراو دەشبێت پێشتر ئێمە ئاگادار بكەنەوە.

بەسام سەقەر جەحتی كردۆتەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی سوریا دەبێت چونكە "بۆشایی" دروست دەكات لەگەڵ ئەوەش پێی وایە ئەمریكییەكان تا ئەو كاتەی كۆتایی بە شەڕی داعش دەهێنن، لە سوریا دەمێننەوە.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، نوێنەرەكەی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات، لەگەڵ ئەوەی باشی لەوە كردوە كە ئەمریكییەكان فشار لە وڵاتان دەكەن بۆ ئەوەی بەندكراوانیان لە كەمپی هۆل ببەنەوە، بەڵام راشیگەیاندوە كە پێویستە ئەمریكییەكان پرسی كەمپی هۆل بەر لە كشانەوەیان چارەسەر بكەن كە دەستگیركراوانی داعشی تێدایە، چونكە "بۆمبێك" و كێشەیەكی مەترسیدارەو هەڕەشەیە نەك تەنها بۆ كوردانی سوریا بەڵكو بۆ سەرجەم جیهان.

هەروەها ئاژەی بەوەشداوە كە كوردانی سوریا دەیانەوێت واشنتۆن بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنیان چ بۆ شەڕی داعش و چ بۆ هەوڵەكانیان لە بەدیهێنانی سەقامگیری لەناوچەكەیان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×