دادگای تەمیز تۆمەتەكانی‌ لەسەر د. میران محەمەد هەڵگرت
  2021-09-14       1289       
دادگای تەمیز تۆمەته‌كانی‌ لەسەر د. میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەڵگرت‌و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، "چوار ساڵ دۆسیەکە لەداواکاری گشتی بو نەجوڵا، ناکۆکی دروستبو ئەویش جوڵاو بڕیاری دەستگیرکردن دەرچو، کە سوڵحی سیاسی کرا ئیدی گرفت نەما."

ئاوێنه‌: ئازاد رەشید محەمەد، پارێزەری میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی به‌میدیاكانی‌ راگەیاندووه‌، رۆژی یەكشەممە دادگای تەمیز تۆمەتەكانی لەسەر دكتۆر میران هەڵگرتووە. 

ناوبراو ده‌ڵێت، " لەو كەیسەدا هیچ شتێك لەسەر دكتۆر میران نەسەلمێندرا، بۆیە دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی بانگهێشتی نەكات، چونكە لەو دۆسیەیەدا هیچ سیفەتێكی نییە‌و كەیسەكە پەیوەندی بەدو كۆمپانیاوە هەیە‌و ژمێریارەكەیان دراوە بەدادگا". 

له‌به‌رامبه‌ردا عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، "چوار ساڵ دۆسیەکە لەداواکاری گشتی بو نەجوڵا، ناکۆکی دروستبو ئەویش جوڵاو بڕیاری دەستگیرکردن دەرچو، کە سوڵحی سیاسی کرا ئیدی گرفت نەما.. من کۆڵی لێنادەم."

د. میران محەمەد پێشتر بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بو، دوای روداوەكانی 8ی تەمموزی ناوخۆی یەكێتی‌، رۆژی‌ 29ی تەمموزی ئەمساڵ، دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەسلێمانی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ د. میران محەمەد عەباس ده‌ركرد بەپێی ماددەی 15 لەیاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی "تێوەگلانی لەدۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەی چەكی‌ پاره‌و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران.

د. میران محەمەد یەكێك لەو مەكتەب سیاسییانەی یەكێتی بو كە پشتیوانی لەلاهور شێخ جەنگی دەكرد، بۆیە ئەوكات هەندێك لەكەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی جوڵاندنی‌ دۆسیەكەیان بەبابەتێكی سیاسی ناودەبرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×