لێدوانی لاهور شێخ جەنگی لەبارەى تیرۆرکردنی دوو کادیرەکەى پەکەکە
  2021-09-18       1532       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەداخە بۆ ئەو ڕووداوانەى لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە سلێمانیانی ڕوویان دا و دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانیش کرد کە تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە.   

ئاوێنه‌: لاهور شێخ جەنگ لەدوای بەشداری لە پرسەی ئەو کادیرەى پەکەکە کە دوێنێ لە سلێمانی تیرۆر کرا وتی، "ئێمە بە توندی ئیدانەی دەکەین، هیوادارین کە دام و دەزگا ئەمنییەکان چارەنوسی ئەو کەسانە دیاری بکەن کە ئەو کارەیان کردووە، هەواڵی خۆشیش هەیە کە هێزە ئەمنییەکان یەکێکیان لەو کەسانە دەستگیرکردووە کە کارەکەیان ئەنجامداوە."  

دەشڵێت، "من دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم، هیوادارین بە زووترین کات ڕوونکردنەوە بدەن بۆ ڕای گشتی، کارەساتێکە کە نەبدەبوو ڕووبدات، سلێمانی پەناگە بووە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان."  

میدیای فەرمی پەکەکە زانیارییەکانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای سلێمانی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، "بکوژانی شەهید شوکری دەستگیر نەکراون".  

ئەمڕۆ شەممە، 18ی ئەیلولی 2021، ژووری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌ش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند و وتی، ئەو کەسە تۆمەتباری سەرەکی هەردوو کردەی تیرۆرکردنی دوو کادیری باڵای پەکەکە بووە لە سلێمانی.    

بەڵام ماڵپەڕی "ڕۆژنیوز"ی فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسیکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، "بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە."    

دەشڵێت، "هەروەها ئەو کەسەش کە دەوترێت دەستگیرکراوە بکەری هێرشەکەی سەر ‘فەرهاد باریش’ـە، لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، بەڵام هێرشکارانی سەر شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەکراون."    

"ڕۆژنیوز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەشڵێت، "ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لە شەهید شوکری کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون."    

ژووری ئۆپە‌راسیۆنێكی ھاوبە‌ش لە پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (18ی ئەیلولی 2021) دەڵێت،  "لەسەر راسپاردەی بە‌ڕێز قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکهێنرا لەدەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پاريزگاى سلێمانی و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی گشتى دژه تيرور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەمەبەستی لێكۆڵینە‌وە‌ و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دوو کردەوەکەی دوو رۆژی رابردوو."      

دەشڵێت، "پاش چڕكردنە‌وە‌ی ھە‌وڵە‌كان، توانرا لەماوەی کەمتر له 24 كاتژمێردا پیلانە‌كە‌ ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سە‌رە‌كی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیر بکرێت".      

 دوو کردەوەکەش بریتین لە
- یەكە‌ميان: ڕۆژی 16ی ئەیلول ڕوویدا و تێیدا كە‌سێك بریندار بوو.      
- دووە‌میان: ڕۆژی 17ی ئەیلول ڕوویدا و تێیدا كە‌سێك تیرۆر كرا.      
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×