عەسائیبی ئەهلی هەق ناهێڵێت یەكێتی لە جەولەلا بانگەشە بكات
  2021-09-20       1258       

بەپێی قسەی دو بەرپرسی یەكێتی لە سنورەكە، چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی هەق لە جەلەولا رێگرییان لە تیمەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كردوە بە ئازادی بانگەشە بۆ كاندیدەكەیان بكەن و بانگیان كردون بۆ بارەگاكەیان و "سوكایەتی و هەڕەشە"یان لێكردون.

ئاوێنە، كەركوك ناو: ئەو رێگرییە دوێنێ یەكشەممە 19ی ئەیلول لە ناحیەی جەلەولا سەر بە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە كراوە، لەوكاتەی تیمەكانی كۆمیتەی جەلەولای یەكێتی سەرقاڵی بانگەشە بون.

یەكێك لە ئەندامی ئەو تیمەی یەكێتی، كە بەقسەی خۆی، لەبەر كاردانەوەی چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی هەق و مەترسی لەسەر ژیانی ئامادەنییە ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "سەرقاڵی هەڵواسینی پۆستەرو بانگەشە بوین لەناو جەلەولا و لە گەڕەكە جیاوازەكان، بەڵام چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی هەق پەیوەندیان پێوەكردین كە سەردانی بارەگاكەیان بكەین...لەوێ وتیان بۆچی بانگەشە دەكەن، بانگەشە قەدەغەیە، چونكە دۆخی جەلەولا خراپەو ئارام نییەو ئێوە كێشە بۆ ناوچەكە دروستدەكەن."

ئەوەش خستەڕو"وتم بانگەشە مافی هەمو نەتەوەو لایەنێكە... دو کوڕو برایەکم پێشمەرگەن و ئەمە سێیەم جارە ئێوە سوکایەتی و هەڕەشەمان لێدەکەن."

لەبارەی ئەوەی كێشەكە ئێستا بە كوێ گەیشتوە، وتی"حزبەكەم لەسەروی خۆمەوە پەیوەندی پێوەكردوین و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەیان پێداوین."

لێپرسراوێكی یەكێتی لە مەڵبەندی خانەقین، كە بەهەمان شێوە لەبەر كاردانەوەی روداوەكەو هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت"دو رۆژە خەریکى چارەسەركردنی ئەو كێشەیەین... چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی هەق رێگرییان كردوە، تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیان لە تیمەكان كردوە ئەگەر بانگەشە رانەگرن... تیمەكانیان بانگكردوین بۆ بارەگای خۆیان و لەوێ قسەی نەشیاویان پێوتون و وتیانە نابێت بەم گەرم و گوڕییە بانگەشە بكەن."

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەر كەسێك هێرشبكاتە سەر هۆكارەكانی بانگەشەی رێگەپێدراو ئەوا زیندانی دەكرێت كە لە مانگێك كەمتر نەبێت و لە ساڵێك زیاترنەبێت، یان غەرامە دەكرێت لە نێوان ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دینار.

عیماد ئەلڕەکابی، لێپرسراوی نوسینگەی جەلەولای عەسائیبی ئەهلی هەق، بە (كەركوك ناو)ی وت "راستە لەناو جەلەولا رێگریمان لە تیمەكانی یەكێتی كردوە بانگەشە بكەن، بەڵام کێشەکە چارەسەر کراوە."

لە بارەی ئەوەی بۆچی رێگرییان كردوە، ئەلڕەکابی وتی "ئێمە هیچ کێشەو گرفتێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى ناحییەکەدا نییە، بەڵام بانگەشە دەبێتەهۆی كێشەو ئاژاوە، دۆخی ئەمنی ناوچەكە جێگیر نییەو لە كاردانەوەی خەڵك دەترسین دژی ئەو تیمانە كە بەهۆی شەڕی داعشەوە ماڵەكانیان وێران بوەو لەناوچوە."

وتیشی "راستە بانگمان كردون بۆ بارەگاكەمان و پێمانوتون بانگەشە بەو شێوەیە رابگرن، بەڵام سوكایەتیمان پێ نەكردون."

یەكتێیی نیشتیمانیی كوردستان، لە پارێزگای دیالە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستاندا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا بە كاندیدێك بەشداری هەڵبژاردنی تشرینی یەكەم دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×