یەكگرتوو: کۆنگرەکەی هەولێر دەبێتە پاساو بۆ پەلامارێكی دیکەی ناحەزان بۆسەر هەرێمی کوردستان
  2021-09-25       380       

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند،  كۆنگرەی ئاشتی و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل کە رۆژی هەینی لەهەولێر بەڕێوەچوو "كۆنگرەیەكی پیلانگێڕانەیە و بەهەنگاوێكی دووژمنانەی دەزانین بۆ ناشرین كردن و تێكدانی دۆستایەتی گەلانی ناوچەكە، هەروەها کۆنگرەکە دەبێتە پاساو بۆ پەلامارێكی دیکەی ناحەزان بۆسەر هەرێمی کوردستان و ئەزموونەکەی".

ئاوێنه‌: لەراگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکردوە، "جێگەی داخە كە لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا، كۆنگرەیەكی پیلانگێڕانەی ئاوا ببەسترێ‌ لەلایەن كەسانێكی نەكرەو ناحەز بەدۆزی ڕەوای گەلەكەمان، بەناوی كۆنگرەی ئاشتی و ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی داگیركاری ئیسرائیل."

ئەوەش هاتووە، یەكگرتوو بەتووندی ئەو كارە "پیلانگێڕیە مەحكوم دەکات و بەهەنگاوێكی دووژمنانەی دەزانین بۆ ناشرین كردن و تێكدانی دۆستایەتی گەلانی ناوچەكەو یەكسانكردنی ستەمكارو ستەملێكراوو دەبێتە پاساو بۆ پەلامارێكی تری ناحەزانی هەرێم و ئەزموونەكەی."

ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو داوا دەکات دەزگا پەیوەندیدارەكان چاوكراوەتربن و ڕێگەنەدەن هەرێمی کوردستان ببێتە "مەیدانی خەڵكان و مۆڵگەی پیلانگێڕی لەسەر حیسابی مافی میللەتەكەمان."

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ژمارەیەک کەسایەتی عەرەب لە شاری هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەندێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، دیدارەکەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان هێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدان، بۆیە "وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە، هەروەها  ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە."

ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب رۆژی هەینی لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا، پشتگیری خۆیان راگەیاند بۆ ئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت، ئەمڕۆش جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاگادار نەکرابووینەوە لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە و بەبێ زانیاری و رێگەپێدانی ئێمە کراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×