پارتی: ئەنجامی هەڵبژاردن لە بازنەی چواری سلێمانی رەتدەكەینەوە
  2021-10-12       1686       

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامی دەنگەكانی كاندیدێكیان لە سنوری بازنەی چواری سلێمانی كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە راگەیەندراوە "جیاوازە" لەو ئەنجامەی كە بە بریكارەكانیان دراوە، بۆیە ئەو ئەنجامە رەتدەكەنەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكێتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر رەتكردنەوە.

ئاوێنە: سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشه‌ممە، لە کۆنگرەیه‌کی ڕۆژنامەوانیدا ئوفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی بازنەكانی پارێزگاكەی راگەیاند.

مەکتەبی هەڵبژاردنی لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن کاندیدی پارتیمان لە بازنەی چواری سلێمانی ناسکە عەبدوڵا، 11 هەزارو 742 دەنگی بە دەستهیناوە."

وتوشیەتی"لەکاتێکدا ئێمە ئاماری تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیمان لەبەردەستە کە بریکارەکانمان لە بنکەکانی دەنگدان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن وەریان گرتوە تەنها لە هەڵبژاردنی گشتیدا 13 هەزارو 416 دەنگمان بەدەستهێناوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم ئەنجامەی كه‌ کۆمیسیۆن ڕایگەیاند بە هەڵە تۆمارکراوە یان دەستێکی لەپشتە، بە تەواوی ڕەتی دەکەینەوە. داواکارین کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پێداچوونەوە بە ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامەدا بکات."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بۆ ئەم بابەتە ئێمە سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر بەرپرسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی لە هەولێر، هەر ئەمڕۆ رایگەیاند"ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕەتدەکەینەوەو ئەنجامەکان دەستکاری کراون."

وتیشی"وەک یەکێتی سکاڵامان تۆمارکردوەو چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵاکەین."

  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×