پەیامی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی خۆپیشاندانەكان و دەستگیركراوانەوە
  2021-11-24       1281       

لاهور شێخ جەنگی، لە پەیامێكدا پشتیوانی خۆی بۆ داوای خوێندكارانی خۆپیشاندەر دوپاتدەكاتەوەو ئیدانەی دەستگیركردنی چەند خوێندکارێک و هەروەها سێ کەسایەتی نزیك لەخۆی دەكات. هۆشداریشدەداتە بەرپرسانی ئێستای یەكێتی كە "هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە."

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لە پەیامەكەیدا وتویەتی" بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندوە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا."

ئەوەشی وتوە"ئێمە لەکاتێکدا دوبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت. نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕوی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبوڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا لاهور شێخ جەنگی وتویەتی"لێرەشەوە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گیانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپوچ و بێ بنەما بە توندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر توڕە و ڕق ئەستورتر نەبێت بەرامبەریان."

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشداوە"بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربوانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لەلایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی شەش ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن."

هەروەها لەكۆتاییدا وتویەتی"هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانەو هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە."

دەقی پەیامەكە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،

 بەداخەوە ئەمڕۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، حەرەمی زانکۆیان شکاندوە، بە بەکارهێنانی غازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن بەسەر خوێندکاران، هەوڵی ڕێگرییکردنی خۆپیشاندەرانیاندا. ئێمە لەکاتێکدا دوبارە پشتیوانیی سەرسەختی داوا ڕەواکانی خوێندکارە ئازیزەکان دەکەین، لەهەمانکاتدا هیواخوازین ڕێگەنەدەن داوا کانیان تێکەڵ بە کێشە و ململانێی سیاسی بکرێت و ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بە لاڕێدا ببرێت و زیان بە موڵکی گشتی بگەیەندرێت. نیگەرانی خۆشم دەردەبڕم بەرامبەر ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی هەندێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لەبەرامبەر خوێندکاران بەکاری دەهێنن، بە تایبەتی تەقەکردن بە ڕوی خۆپیشاندەران و بریندارکردنی چەند خوێندکارێک بە فیشەک، کە ئەمە هەرگیز قابیلی قبوڵ نییە و دەبێت برایانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خۆیان بە دور بگرن و نەچنە ژێر باری هیچ گوشارێکەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

لێرەشەوە دەستگیرکردنی چەند خوێندکارێک و چەند کەسایەتییەکی پێشمەرگەی دێرین لە شارەزور بە ناوەکانی (مام وریا برا خاس) و (کاک سەڵاح گیانەیی) و لە سلێمانیش (کاروان عەلی شامار) کوڕی پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان (عەلی شامار)، بە بیانوی پڕوپوچ و بێ بنەما بە توندی سەرکۆنە دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی جەماوەر توڕە و ڕق ئەستورتر نەبێت بەرامبەریان. بۆ چارەسەرکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش، وا پێدەچێت بەشداربوانی حکومەت لە زۆنی سەوز هیچ حسابێکیان بۆ نەکرێت لە لایەن باڵادەستانی بنەماڵە و سەرانی پارتی، بۆیە دەتوانن پارەی دو ڕۆژی قاچاخچییەتی مەرزی باشماخ کە نزیکەی (٦) ملیۆن دۆلارە بۆ دەرماڵەی خوێندکاران تەرخان بکەن و چارەسەری كێشەی خوێندکاران بکەن.

لە کۆتاییدا هۆشدارییەکی هەڤاڵانە بۆ بڕیاربەدەستانی ئێستای یەکێتیی، وەبیریان دەهێنمەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها بۆ دوژمنانی گەلەکەمانە و هەر کەسێک بیەوێت هێز بەرامبەر گەلەکەی خۆی بەکاربهێنێت، ئەوا دڵنیابن کە گەل ڕق ئەستورتر دەبێت بەرامبەریان و ژیانی خۆیان و کەسوکاریان دەکەوێتە مەترسییەوە.

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×