دژه‌تیرۆر: هەر لایەن و گروپێک ئاراستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕن ڕووبەڕوویان دەبینەوە
  2021-11-25       135       
بەڕێوبەرایەتیی دژە تیرۆر پشتیوانی داواكاريی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان دەكات و جەختیش ده‌كاته‌وه‌، هەر لایەن و گروپێكی سیاسی یاخود كەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بەتوندی ڕوبەڕوویان دەبنەوە.

ئاوێنە: لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوبەرایەتیی دژە تیرۆردا هاتووە،” لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان زۆر بەڕوونی و بە ئاشكرایی پشتیوانی ڕاستەقینەی داواكارییەكانیان دەكەین وە هێزی بنەڕەتی پاراستنیانین، چونكە ڕۆڵەی خۆمانن و مافی یاسایی خۆیانە كە حكومەتی هەرێم مافی دەرماڵە و خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابینبكات”.

دژه‌تیرۆر ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه‌” بەڵام بەداخەوە لێرەو لەوێ ئاراستەی ناڕەزاییەكان تێك دەدرێت پێش ئێمە پێویستە خوێندكاران بەگژ ئەو دەستانەدا بچنەوە كە ڕێگەی ئامانجە ڕەواكەیان لێ تێك دەدات لە بەرامبەدا ئەركی سەرەكی ئێمەیە كە ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیان وەك هەمیشە بپارێزین و بەرگری لە داموو دەزگاكانی میری بكەین كە مووڵكی گشتین”.

جەختیشكراوەتەوە،” بۆیە ڕایدەگەیەنین هەر لایەن و گروپێكی سیاسی یاخود كەسانی بەرژەوەندی خواز بۆ مەبەستی خۆیان ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بگۆڕن بەتوندی ڕووبەڕوویان دەبینەوە و وە دڵنیایی بە خەلكی كوردستان و خوێندكارانیش دەدەین پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە ئەستۆی ئێمەدایە و بڕینەوەی دەستی تێكدەرانیش تەنها لە پێناو ئامانجە سەرەكییەكەی خۆپیشاندەردایە”.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×