وەزارەت: هەفتەی داهاتو دۆخی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە
  2021-11-25       333       

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم دڵنیایی دەدات كە سەرەتای هەفتەی داهاتو دۆخی كارەباو پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردودا، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەبەر چەند هۆكارێك، كەمبۆتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندوە"لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا، هاوکات لەگەڵ بەرزبونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ پێنج هەزار مێگاوات،  ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نزم بوەتەوە."

لەگەڵ ئەوەش وەزارەتی وتویەتی"هاوڵاتیان دڵنیادەکەینەوە ئەم بارودۆخە كاتییەو لە سەرەتای هەفتەی داهاتو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوەو پێشبینی دەكەین ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ سێ هەزارو 800 مێگاوات بەرزبێتەوەو کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش ئاسایی ببێتەوە."

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم هۆکاری کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای لەم چەند رۆژەی دواییدا بۆ ئەم هۆكارانە گەڕاندۆتەوە: وێستگەی بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتیی گەرمیان بە مەبەستی فراوانکردنی وێستگەكە و دانانی چەند یەكەیەكی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی 200 مێگاوات کارەبا ڕاوەستاوە، لەگەڵ راوەستانی 130 مێگاوات كارەبا لە هێڵی توركیاوە كە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بڕدراوەو هەروەها هەردو یەكەی وێستگەی خەبات بەهۆی پرۆسەی چاككردنەوەوە راگیراون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتو بەگەڕ دەخرێنەوە.

پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاندبو، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا لە سەرجەم شاروشارۆچكەكان كەم بوەتەوەو لە سێ رۆژی رابردودا ئەو بڕە بوەتە 16 كاتژمێرو 20 خولەك، ئەوەش بەهۆی چاكسازی لە وێستگەكان و راگرتنی كارەبا لەلایەن توركیاوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×