سەركردەیەكی یەكێتی: دەرفەت بۆ رێككەوتنەوەی پارتی و یەكێتی هەیە
  2022-01-22       1324       

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، هەرچەندە پارتی یەكلایەنە چۆتە نێو بەرەی سەدر-حەلبوسی و بەوەش درزی نێوان پارتی و یەكێتی فراوانتربوە، بەڵام هێشتا دەرفەت بۆ رێككەوتنەوەی ئەو دو هێزە لەبەردەستە.

ئاوێنە: ئارێز عەبدوڵا، ئەمڕۆ شەممە، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"هەرچەندە، پارتی یەکلایەنە چۆتە ناو بەرەی سەدر-حەلبوسی و بەو هەنگاوەش درزی نێوان هەردو هێزە سەرەکییەکەی کوردستان فراوانتر بوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەرفەت بۆ رێککەوتنەوەو هەماهەنگی لەبەردەستە."

ئەو قسانەی ئارێز عەبدوڵا لەكاتێكدان كە باس لەوە دەكرێت ئەمڕۆ شەممە، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی كۆدەبنەوە.

بەبڕوای ئەو سەركردەیەی یەكێتی "کارایی و کاریگەریی سیاسیی کورد لە بەغدا بەندە بە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی، نەک ژمارە و جۆری پۆستەکان. ئەو چەمکە بۆ کارایی و کاریگەریی هەر یەک لە پارتی و یەکێتیش هەمان مانا دەداو بەندە بەوەی ئایا بەیەکەوە بەشداری کابینەی نوێ دەکەن یان بە جیاواز؟"

ئەوەشی خستۆتەڕو"رەنگە یەکێتی و پارتی رێکبکەونەوە، کە ئەوەش ڕێگا راستەکەیە، بەڵام لە بارێکدا ھەردولا تاک تاک و بە جیاواز رێگای بەغدا بگرینەوە بەر ئەگەری دروستبونی لێکەوتەی نەخوازراوی ھەیە."

بەقسەی ئارێز عەبدوڵا "وەدەستهێنانی ئەو پۆست و ئەم پۆست بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن لە چاو پێویستی و بەرپرسیارێتی کاری هاوبەش لە بەغدا هیچ بەهایەکیان نییە."

ئارێز عەبدوڵا وتوشیەتی"لە رێکنەکەوتن هەمومان باج دەدەین، بەڵام بە ھۆکاری بەشداریکردن لە بەرەی سەدر-حەلبوسی، ئەنجام و باجەکەی بۆ پارتی قورستر دیارن."

لەكۆتاییشدا ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتویەتی"لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە، نەک سەپاندن و مەرج بۆ یەکتری دانان. کوردیش دەمێکە بەگفتوگۆ دەڵێ: دان و ستان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×