نەوەی نوێ: كۆبونەوەمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رەتكردەوە
  2022-05-21       417       

هیمداد شاهین، وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاند، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیانوتون‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی سەردانەكەی سبەینێیدا بۆ سلێمانیو سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئەمان ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌.

ئاوێنە: هیمداد شاهین، وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، ئەمڕۆ شەممە، له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی"بێگومان سەرۆکایەتی هەرێم بە ئێمەشیان وتوە کە سەردانی کاک شاسوار بکەن وەک سەرۆکی جوڵانەوە، ئێمە مەبدەئییەن دەرگا بەڕوی هیچ کەس و لایەک داناخەین، بەڵام بەڕاستی سەرۆکی نەوەی نوێ وەک پێشتر رایگەیاندبو لەسەر کێشەی خەڵک و گرفتەکانی هاوڵاتییان ئامادەیە دانیشتن بکات، نەک تەنها لە پیناو وێنەگرتن و دانیشتنی پڕۆتۆکۆڵی".

هیمداد شاهین وتیشی"وەک بە ئێمە وترا سەردانەکەی سبەی تەنها دانیشتنێکی ئاساییە، بۆیە لەم کاتەدا نەوەی نوێ پێی باش نەبو دانیشتنێکی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت هەتا دانیشتنەکان ئەجندایەکی فیعلی نەبێت و باس لە خاڵی رون و دیاریکراو نەکات."

بڕیارە سبەینێ یەكشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێك بگاتە سلێمانی و بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی، سەلاحەدین بەهادین و عەلی باپیر و چەند حزب و كەسایەتییەكی دیكە کۆببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×