دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماری کار و چالاکییەکانی لەماوەی یەک مانگدا بڵاوکردەوە
  2022-05-24       228       

دەستەی دەستپاکی عێراق رایدەگەیەنێت، لەماوەی مانگی رابردودا 54 هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنیان ئەنجامداوە و 25 کەسیشیان بە ئەنجامدانی دەستگیرکردوە، ئاشکراشیدەکات ئەو گەندەڵیانەی ئەنجامدراون بە بەهای ملیۆنان دینارن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سیشەممە، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردوەتەوە،" لەسەرەتای مانگی نیسانەوە تا کۆتایی مانگەکە کۆی ئەو چالاکیانەی نوسینگەکانی لێکۆڵینەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دەستەکە لە پارێزگا جیاوازەکان ئەنجامیان داوە 54چالاکی دەستبەسەرداگرتن بوە و 28 کەسیش بە تۆمەتی ئەنجامدانیان دەستگیرکراون".

لە سنوری کەربەلا 11 چالاکی ئەنجامدراون
رونیشیکردوەتەوە،" لە سنوری کەربەلا 11 چالاکی ئەنجامدراون کە دیارترینیان ئاشکراکردنی مامەڵکردن بە زەوییەکەوە بوە بە بەهای 116ملیار دینار بەمەبەستی وەبەرهێنان".

باسی لەوەشکردوە،" لەپارێزگای دیالە، پرۆسەی پێدانی قەرزێک بە بڕی شەش ملیار دینار ئاشکراکراوە لە بانکی رەشید بە کۆمپانیایەکی بواری خانوبەرەی پارێزگاکە، کە بڕی بەهای گەرەنتی دانەوەی قەرزەکە تەنها 804000000 هەشت سەد و چوار ملیۆن دینار بوە، کە ئەمەش یەکسان نییە بە بڕی ئەو قەرزەی کە وەرگیراوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەر لە پارێزگاکە، سێ بەڕێوەبەری خوێندنگە دەستگیرکراون کە هەستاون بە دامەزراندنی پێنج کەس کە لەناویاندا خوشک و برایەکی بەڕێوەبەری بەشی پیشەیی و یاریدەدەرەکەی هەبوە، کە بەبێ ئامادەبونی خۆیان موچەکانیان وەرگرتوە".

هەر لە راپۆرتەکەدا هاتوە،" فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک دو کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی گرێبەستی پێشوەختە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوک و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی دەوڵەت دەستگیرکردوە، جگە لەوەی نیمچە گەندەڵییەک لە گرێبەستی پیشوەختەی تەندروستی کەرکوک و یەکێک لە کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئامێری دیاریکردنی پێکهاتەکانی جەستە و نیمچە گەندەڵی لە مامەڵەکانی باجی تایبەتی دو موڵک لە دەستەی گشتی باجی یەکی کەرکوک ئاشکراکراون".

لەبەشێکی دیکەیدا باسی لەوەکردوە،" لەپارێزگای ئەنبار، دەست بەسەر دۆسیەیەکی ساختەکردن لە یەکێک لە لقەکانی بانکی کشتوکاڵیدا گیراوە، کە ئاماژەی حیجزکردن لەسەر ئەو موڵکە لابراوە کە وەک گەرەنتی وەرگرتنی قەرزەکە دانراوە، کە بڕی قەرزەکەش 800000000، هەشتسەد ملیۆن دینار بوە، هەر لەو ماوەیەدا، دەست بەسەر دو بارهەڵگردا گیراوە کە پەینی کیمیایی پارێزگاکەیان گواستوەتەوە، بەهۆی ئەوەی یاری بە پلانی کشتوکاڵی ناوچەکەدا کراوە و روبەری خەیاڵی زیادکراوە بۆ گرێبەستی جوتیاران بە مەبەستی وەرگرتنی بڕی زیادەی ئەو پەینە کیمیاوییە، جگە لەوەی ناوی هەندێک کەس بۆ لیستەکە زیادکراوە کە تەنانەت گرێبەستی کشتوکاڵیشیان نەبوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×