سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، پارتی ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەشڵێت، پێشتریش بەردەوام ھەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەردانی پارتییان کردوە.
ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی راگەیاند: ''پارتی ھەمیشە بەردەوام بوە لە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و ئێستایش پارتی دانوستان لەگەڵ ھیچ لایەنێک ڕەت ناکاتەوە، لە ڕابردوشدا بەردەوام لایەنە عێراقییەکان بۆ دانوستان لەبارەی پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردوە."
ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد''پارتی ھێڵی سوری لەسەر ھیچ لایەنێکی عێراقی نییەو لەپێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لە ھیچ کاتێکدا دەرگای دانوستانی دانەخستوە."