فراكسیۆنی یەكێتی: ئەم رەفتارە قێزەونانەی توركیا مایەی قبوڵ كردن نین
  2022-06-17       698       

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێك لەلایەن توركیاوە لە كەلار، رایگەیاند، پێشێلكردنی سەروەری خاك و ئاسمانی عێراق لەلایەن توركیاوە مایەی قبوڵ كردن نییەو ئەم رەفتارە فێزەونانەی توركیا، بەتوندی ئیدانەو مەحكوم دەكەین.

ئاوێنە: فراكسیۆنی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"پێشێلکردنی سەروەری خاک وئاسمانی عیراق بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن تورکیاوە ماییەی قەبول کردن نیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم ڕەفتارە قێزەونانەی تورکیا بوەتە بارگرانی لەسەر وڵاتانی ئیقلیمی ونێو دەوڵەتی، ئێمە لە فڕاکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەتوندی ئیدانەی و مەحکومی دەکەین."

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە"دیارە تورکیا لە سۆنگەی هزری دژایەتی کردنی دراوسێکانی و بۆ جێبەجێکردنی پلانی دڵبژۆکی و دزێوەکانی هەر ڕۆژە و سوچێکی ئەم وڵاتە دەکاتە ئامانج، دوێنی لە شەنگال و ئەمڕۆ لەکەلار کۆمەڵێک خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بە ناهەقی شەهیدبون."

فراكسیۆنی یەكێتی داوای لە حکومەتی عێراق كردوە بە  ئەرکە نیشتیمانییەکەی هەڵستێت و سەروەری دەوڵەت و گیان و موڵکی هاوڵاتیانی خۆی بپارێزێت و سنورێک بۆ ئەم کردەوە دوژمنکاریانەی دەوڵەتی تورك دابنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×