به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێری رابردودا بۆ سێیه‌مجار هێرشیكرایه‌وه سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای دانه‌غازه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
ئاوێنه: به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "ئه‌مڕۆ بۆ جاری سێیه‌م به موشه‌ك هێرش كرایه‌وه سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر له ناحیه‌ی قادر كه‌ره‌می سه‌ر به قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێردا سێیه‌مجاره به موشه‌ك هێرشده‌كرێته‌سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر".
دژه تیرۆر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "له چه‌ند ڕۆژی ڕابردودا به دو هێرشی جیاواز هێرشكرایه سه‌ر كێڵگه‌كه و 5 (پێنج) موشه‌ك له كاتی جیاوازدا ئاڕاسته‌ی كۆرمۆر كرا له سنوری قادركه‌ره‌می سه‌ر به قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ".
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه بۆ جاری سێیه‌م ژماره‌یه‌ك موشه‌ك ئاڕاسته‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆر كراون و زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی لێدراوه و ته‌واوی كارمه‌ندانی كۆمپانیای دانه‌غاز كه له كێلگه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن چونه‌ته نهۆمی ژێرزه‌مینی كه بۆ پاراستنیان دروستكراوه، هاوكات كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی خۆپارێزی له كێڵگه‌كه‌دا گیراوته‌به‌ر.
له ماوه‌ی كه‌متر له هه‌فته‌یه‌كه‌دا ئه‌وه جاری سێیه‌مه كه موشه‌ك ئاڕاسته‌ی كێلگه‌ی غازی كۆرمۆر ده‌كرێت، به‌ڵام به‌رپرسانی كێڵگه‌كه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێن، هێرشه‌كان زیانی گیانی و ماددیان نه‌بوه.