سبەینێ ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەبەشداری ١٠٧ ھەزار و ١٣٠خوێندکار بەھەموو بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی لەھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنه: فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزمونەکانو هەڵسەنگاندن لەوەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاندووه، ''ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردو، گشت ئامادەکارییەکان کراوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ٢١٧٥ هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ ١٠٧ هەزارو ١٣٠ قوتابی دیاریکراوە کە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی دەگرێتەوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان".
وتیشی، "وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی ساڵانی پێشو هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لەوەزارەتی ناوخۆو وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کارەبادا کردووە، ئەمساڵ کۆڕەک تیلیکۆمیش هاوکارمان بووە تا لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا هێڵەکانی ئینترنێت ڕابگیرێتو ئەمانە گشتی ئامادەکارین بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، هەروەها نزیکەی ١٣٨ هەزار بژمێری زانستی ''حاسیبە'' ئامادە کراوە بۆ قوتابیانو ئەو وانانەی پێویستیان بەبژمێری زانستییە''.
فاتیح مەولەوی زادە دەشڵێت، ''هەر قوتابییەک گزی بکات لەهەریەکێک لەوانەکان، دوای گزییەکە هەموو وانەکانی تری بەگزی بۆ هەژمار دەکرێتو بۆی نییە تاقیکردنەوە ئەنجامبدات، ساڵی ئایندە دەبێت تاقیکردنەوەی هەموو بابەتەکان بکاتەوە، لەئاستی وەزارەتو لیژنەی باڵای وەزارەتو لیژنەی ئەزموونە گشتییەکان و لیژنەی فەرعییەکان لەسەر ئاستی قەزاکانیش لیژنەکان دێن و بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەزموونە گشتییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئامادەو دیاریکراون.''
بهرپرسهكهی وەزارەتی پەروەردە ڕونیدهكاتهوه، ''بابەتێکی تری زۆر گرنگ ئەوەیە کە قوتابیان وەڵامی تاقیکردنەوەکان یان دەرئەنجامی وەڵامەکانیان لەسەر پەڕهی سۆما دەنووسن و پەڕهی سۆما وێنەی قوتابییەکانی لەسەرە، بۆیە هەر قوتابییەک وێنەی خۆی لەسەر پەڕەی سۆمایەکەیەتی و هەر قوتابییەک وێنەی خۆی نەبینێت ئەوە ڕاستەوخۆ بیگەڕێنێتەوە بۆ سەرپەرشتیاریی هۆڵەکە، گرنگتریش ئەوەیە پەڕهی سۆماو پەڕهی پرسیارەکانیش ناوی سیانی و چواری سەرجەم قوتابیانی تێدایە، بۆیە دەتوانن بەراوردی بکەن لەگەڵ پەڕهی سۆماکەیان، ئینجا خەریکی وەڵامدانەوە بن و پێویستە وەڵامەکان بەپێنوسی ڕەساس بێت، بەهیچ پێنوسێکی تر قبوڵکراو نییە.''