بزاڤی شارستانی لەکوردستانی عێراق لەماوەی ماندێتی بەریتانیادا:  سلێمانی، ساڵانی ١٩١٨ - ١٩٣٠
  2022-06-29       2922       

جۆردی تێجێڵ گۆرگاس

پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە ئینستیتیوتی گراجوەیت بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی -  سویسرا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

  بڕیاری بەریتانیای مەزن لە شوباتی ساڵی ١٩٢٩دا بۆ وازهێنان لە ماندێتەکەی عێراقی و لێگەڕانی بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی بەدەستبێنێت لە رێگەی دانوستان کردنەوە لە سەر پەیماننامەیەکی نوێ کەوا لەسۆنگەی نەبوونی هیچ باس و خواسێک لەبارەی ئۆتۆنۆمیی کوردەوە گەورەترین بزاڤ و جموجووڵی مەدەنیی ورووژاندبوو لە کوردستانی عێراق لە ماوەی ماندێتەکەدا. ورووژاندنی سیاسی لە ناڕەزایی و پشێویی سلێمانیدا رۆژی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ گەیشتە لووتکە، کاتێ کە سوپای عێراق لە بارودۆخێکی ناڕوون و تەمومژاویدا تەقەی لە ئاپۆرەی خەڵک کرد و بوو بە هۆی کوشتنی چواردە کەس.

ئەم پشێوی و ناڕەزاییانە لاپەڕەیەکی گرنگن لە مێژووی لۆکاڵی و نیشتمانیی عێراق لە سایەی ماندێتدا. یەکەم تەقەکردنەکە جێگەیەکی کاریگەری داگیرکرد لە یادەوەریی دەستەجەمعیی دانیشتووانی سلێمانیدا و دووەمیش خەسڵەتی شارستانیی ناڕەزایی دەربڕین و پشێوییەکە بواردنێکی دا بە ناوەرۆکی جووڵانەوە کوردییەکان، کە پێشتر بە شێوەیەکی سەرەکی مۆرکێکی دێهاتیان پێوەبوو لە سەردەمی ماندێتدا. دواجار کاریگەری و لێکەوتەی سەرەکیی کوشتارەکە گەڕانەوەی بەهێزی شێخ مەحموود بوو، کە بەریتانییەکان لە سالی ١٩١٨وە بە کاریگەرترین کەسایەتیی کوردی دادەنێن لە کوردستانی باشووردا لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوای ئەوەش، لەسۆنگەی پێگەکەیەوە وەک سەرۆکی رێبازی سۆفیگەرێتیی قادری (سەر بە لقی بەرزنجی)١ و هەروەها لەسۆنگەی شکۆ و پایە و سامانەکەی وەک ئەریستۆکراتێکی خاوەن مڵک لە شانۆی سیاسیی کوردیدا ساڵی ١٩٣٠.

لە روانگەی ئەو سێ بوارەی کە لە سەرەوە باسکران - یادەوەریی دەستەجەمعی، رادیکاڵێتی و راپەڕین لە ژێر سەرکردایتیی شێخ مەحمووددا - ئەم باسە تیشک دەخاتە سەر رادیکاڵێتیی ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لە سلێمانیدا. پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێت رەوشی مێژوویی دەستەبژێرە ناوخۆییەکانی ئەم شارە کوردە باس بکەین لەگەڵ هۆکارەکانی پەیدابوونی کێبەرکێی جەمسەرە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٢٤دا و پاشان دێینە سەر شیکردنەوەی دینامیکییەتی پەڕگریی سیاسی لە سلێمانیدا و بەتایبەتیش هەرا و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠. دواتر باسەکە دێتە سەر روونکردنەوەی ئەوەی ئاخۆ بۆچی لە پاش سالی ١٩٣٠ و تا جەنگی جیهانیی دووەم ناوچە دێهاتییەکان بوون بە سەنتەری   بزاڤ و جموجووڵی کوردی، ئەگەرچی ساڵانی ١٩٢٠کان مۆرکی رادیکاڵیی شارستانێتیی سیاسیی کوردی پێوە دیاربوو.

شوێنی تایبەتمەندی سلێمانی لە بارودۆخی کوردی سەردەمی ماندێتدا دەکرێت بەو گۆڕانکاری و پەرەسەندنە تایبەتەدا لێکبدرێتەوە کە پاش رووخانی دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکەدا هاتەکایەوە. لە نۆڤەمبەری ١٩١٨دا، مێجەر ئێدوارد نۆئێڵ کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی بوو بە هەندێک ئەزموون و زانیاریی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە ئەرکێک نێردرا بۆ سلێمانی بە مەبەستی گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و بە هاوکاریی لەگەڵ سەرۆکە لۆکاڵییەکانی ئەو ناوچانەی دەکەوتنە دەرەوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سەربازیی بەریتانیاوە. شێخ مەحموود (١٨٨٢ - ١٩٥٦) کرابوو بە حوکمداری "باشووری کوردستان"، کە تێرمێکە بۆ دەستنیشان کردنی ئەو رووبەرەی دەکەوتە نێوان هەردوو زێی گەورە و دیالەوە (سیروان - و). بۆ هەریەک لەم ناوچانە کاربەدەستێکی کورد دامەزرابوو و لە ژێر رێنمایی ئەفسەر یان حاکمە سیاسییەکانی بەریتانیدا کاری دەکرد.

بەم پێیە باشووری کوردستان، بە سلێمانیی "پایتەختیەوە" وەک قەوارەیەک لەلایەن بەریتانییەکانەوە درووستکرابوو و نەخشەی بۆکێشرابوو بۆ ئەوەی ببێتە "تاقیگەیەکی" ئەندازەگرتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەستی بەڕێوەبەرە کۆڵۆنیاڵییەکاندا٢. بێجگە لەوە هۆکاری تریش هەبوون کە پشتگیریی ئەم تایبەتمەندییەیان دەکرد. پێش هەموو شتێک شاری سلێمانی دۆخێکی جیاوازتری هەبوو لە مەڵبەندە شارستانییەکانی تری باکووری عێراق بە هۆی هاوچەشنیی ئیتنیکی و ئاینییەوە، چونکە تاڕادەیەک تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە لە کوردی سوننی پێکهاتبوون، بەپێجەوانەی هەولێر و کەرکوکەوە کە بە تەنها تورکمان و عەرەب و کورد زۆرینەیەکی روون و ئاشکرایان پێکنەدەهێنا٣. (ئەمە رای نووسەری باسەکەیە کە لەم رووەوە ورد نەبووە دەنا بە واقیع وانەبووە و هەمیشە هەر کورد زۆرینە بووە لەم شوێنانەدا - وەرگێڕ). بێگومان تایبەتمەندی و تاقانەییەکی تری سلێمانی لە کەلەپوورە مێژووییەکەیدا خۆی دەبینییەوە، چونکە "باشووری کوردستان" تاڕادەیەک تێهەڵکێشی میرنشینی کۆنی بابان بووبوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەیەمدا لە لایەن بابا سڵێمانەوە (١٦٦٣ - ١٦٧٥) دامەزرابوو. سلێمانی وەک شار لەلایەن ئیبراهیم پاشاوە (١٧٨٣ - ١٨٠٣)، (لێرەدا پێموایە مەبەست ساڵانی حوکم کردنیانە - و) درووستکرابوو لەکۆتایی سەدەی هەژدەدا وەک پایتەختی نوێی میرنشینەکە. میرنشینی بابان لە گەورەترین و فراوانترین رەوشیدا کۆیسنجەق و بانە لە باکوورەوە و کفری و قەرەتەپەی لە باشوورەوە لەخۆگرتبوو. میرە کوردەکانی بابان کە لە نێوان هەردوو ڕکەبەری  تورک و فارسدا گیریانخواردبوو بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی دۆخی سەربەخۆییاندا بوون. بەڵام لە ساڵی ١٨٤٧دا ئەحمەد پاشا، کە دوا فەرمانداری بابان بوو، لە لایەن نەجیب پاشای والیی بەغدای عوسمانییەوە شکستی خوارد و سەربەخۆیی بابان کۆتایی پێهات. تێکدان و رووخاندنی دوا میرنشینی کورد بەشێک بوو لە پرۆسەی بەسەنتراڵ کردنی ئیدارە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە لە ساڵی ١٨٣٩وە دەستیپێکردبوو لە ژیر پەردە و چاودێریی بەرنامەی تەنزیماتدا (خۆڕێکخستنەوە) کە ئامانجی مۆدێرنە کردنی پێکهاتە و دامودەزگاکانی ئیمپراتۆرییەت بوو.

سلێمانی، سەرباری لەدەستدانی سەربەخۆیی، وەک پایتەختێکی هەرێمیی عوسمانی گەیشتبووە ئاستێکی بایەخداری گەشەکردن. لە پێش جەنگی جیهانیی یەکەمدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەگەیشتە زیاد لە دە هەزار کەس و فەرمانگەی تۆماری زەوی و خانووبەرەی لەخۆگرتبوو لەگەڵ چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی (رەنگە ئەم چەندینە لێرەدا ورد نەبێت - و) و زیاد لە سی مزگەوت، چەندین حەمامی تورکی، بانکێکی کشتوکاڵی، خانوودامی رێکوپێک و ژمارەیەکی باشی بازرگانی دەوڵەمەنددا٤. هەڵبەت جێی سەرسوڕمان نەبوو کاتێ کە لە ساڵی ١٩١٩دا بەریتانییەکان هاتنە سلێمانی هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو لە نەوەکانی فەرمانڕەوایانی پێشتری بابان هەر لە شارەکەدا دەژیان و ناودارترینیان جەمال بەگ٥ و عەزمی بەگ و فایەق بەگ بوون، کە ئەمانە گشتیان دواتر تێکەڵی حیزبی نەتەوەیی کوردی بوون. ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی بنەماڵەکە٦ لە بەغدا نیشتەجێ بوون چەشنی (حەمدی بەگ) و هەروەها ئەستەمبووڵیش چەشنی حوسێن شوکری و مستەفا زیهنی پاشا٧.

لە سەروبەندی وەرگەڕان بەرەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بازرگانان و گەورەپیاوانی سلێمانی کەوتنە ژێر رکێف و دەسەڵاتی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموود و پاشانیش شێخ مەحموود خۆی، کە هەردوکیان بە لای پشتگیریی سوڵتانی عوسمانیدا دایاندەشکاند٨. کاتێ نۆئێڵ گەیشتە سلێمانی کەوتە پشتبەستن بە "سەرۆکە ئاساییەکان" یان نێوەندگیرە لۆکاڵییەکان، کە بە زۆری شێخ و ئاغاکان بوون، بۆ پێکهێنانی ئیدارەیەکی ناوخۆیی ئاسایی. بە پێی ئەو رێنماییانەی لەلایەن کۆڵۆنێڵ ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری ئەودەمی کۆمیسیاری میزۆپۆتامیا، کە درابوو بە مێجەر نۆئێڵ: "پێویستە بۆ سەرۆک هۆزەکان روونبکرێتەوە کە تۆ پەیوەندییان لەگەڵ دەگریت و هیچ نیازێک نیە بۆ سەپاندنی ئیدارەیەک بەسەریاندا نامۆ بێت بە نەریت و ئارەزووەکانیان. بێگومان سەرکردە خێڵەکییەکان پڕکێشیی ئەوە دەکەن هاوپەیمانییەک درووست بکەن بۆ راییکردنی کاروباری گشتییان بەگوێرەی رێنمایی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان"٩.

ئەنجامی ئەم سیاسەتی 'پشت بە خەڵک بەستنە' کە لە ساڵانی دواتردا پەیڕەوی کرا بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی عێراقیش بەگشتی١٠. لە دیدی گەلێ لە بەریتانییەکانەوە، سەرۆک خێڵ ئەو کەسە بوو کەوا کاریگەرانە لە خزمەتی خاڵی پێکەوە گرێدانی نێوان دەوڵەت و دانیشتووانی بەربڵاوی دێهاتدا بوو١١ . بژاردەی شێخ مەحموود و هاوکارانی وەک "سەرۆکە سروشتی و ئاساییەکان"ی کوردستانی عێراق پەیڕەوی ئەو مۆدێلە کۆڵۆنیاڵییەی دەکرد کە لە هندستاندا جێبەجێ دەکرا١٢، هەروەها بەپێی فشارە هەنووکەییەکانیش. راستییەکەی لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ و ١٩٢٠دا بەریتانییەکان پلانی ئەوەیان هەبوو کە پشت بە گەورەپیاوانی شارستانیی شکۆدار ببەستن و بەتایبەتی ئەریستۆکراتەکانی بابان، چەشنی حەمدی بەگی بابان١٣. بەهەرحاڵ، فشاری سەربازیی تورکیا و کاریگەریی روو لە هەڵکشانی لە نێو خێڵە کوردەکانی باکووری عێراقدا، وای لە بەریتانییەکان کرد پشت بە شێخ مەحموود ببەستن و ئەو بە تاقە کەس دانرا کە بتوانێت هێزێکی گەورەی چەکدار لە نێو هۆزەکاندا بخاتەگەڕ بۆ بەرگرتن لە پێشڕەوی کردنی لەشکری تورک لە ویلایەتی مووسڵدا.

هەر لە ساڵی ١٩١٨وە یاخیبوون دژ بە بەریتانیا و یاخیبوون لە ناوچە شاخاوییەکانی رەواندز و ئاکرێ و بارزاندا بەرپابوو لە نێو خێڵە لۆکاڵەکاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆییان. زیاد لەوە و سەرباری قبووڵ کردنی ئاگربەسی نۆڤەمبەری ١٩١٨ کە کۆتایی بە جەنگ هێنا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام فەرماندەکانی "جەنگی سەربەخۆیی" تورکیا بە سەرکردایەتیی مستەفا کەمال ژمارەیەکی باشی سەرۆک هۆزە کوردەکانیان کۆکردەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئینگلیزە "کافرەکاندا" لە رێگەی بەگەڕخستنی پرۆپاگەندەی چڕوپڕی پان ئیسلامییەوە. ئامانجی ئەم پرۆپاگەندەیە بە کارایی و زیندوو راگرتنی سەرچاوەکانی یاخیبوون بوو بەهیوای دووبارە وەرگرتنەوەی ویلایەتی کۆنە عوسمانیی مووسڵ، کە وەک خاکێک لەقەڵەم دەدرا کەوا لەڕووی مێژووییەوە بەستراوە بە وڵاتی ئەنەدۆڵەوە١٤. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٨دا سلێمانی کەوتبووە دۆخێکەوە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان جیاواز بوو لە شکۆداریی grandeur جارانی پایتەختە کۆنەکەی میرنشینی بابان. بەپێی راپۆرتە جۆراوجۆرەکانی بەریتانییەکان کەوا هێزەکانی عوسمانی وەک کەلاوە    بەجێیهیشتووە و ٨٠%ی دانیشتووانەکەی لە ماوەی جەنگدا شاریان بەجێهێشتووە١٥. لە رەوشێکی ئاوهادا وادێتە بەرچاو کە زەحمەتە بیر لە بوونی ئاستێکی بەرچاوی گەورەپیاوان بکرێتەوە کە پەنایان بۆ ببرێت بۆ دامەزراندنی بەڕێوەبەرێتییەکی شارستانیی تۆکمە.

دامەزراندنی "حکوومەتێکی کوردیی" سەربەخۆ لە سلێمانی و دەوروبەریدا ساڵی ١٩١٨، بڕیاری کۆمەڵەی گەلانی بە هەڵپەسێردراوی هێشتبووەوە سەبارەت بە سوود و باشەی داهاتوو بۆ کوردستان و ئەمە لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەریتانییەوە وا تەماشا دەکرا کە ئیجرایەک بێت بەرەو ئاسوودەیی خەڵکەکەی. بەڵام بە شێوەیەکی دژوار و سەرباری سیاسەتی بەریتانیا بۆ سەرلەنوێ رێکخستنەوەی دۆخی هۆزەکان لە کوردستاندا، ئەو رۆڵە سیاسییە نوێیەی شێخ مەحموود لە ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩دا بەدەستیهێنابوو وەک "نوێنەری کورد" لە بەرژەوەندیی درووستبوونی دەستەبژێرێکی شارستانیی نوێ بوو کەوا پلە بە پلە و لەسەرخۆ بەدوای چەسپاندنی هێز و توانای لۆکاڵیی خۆیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی دواجار خۆی رزگار بکات لە کاریگەریی شێخەکان و ئاغاکان. راستییەکەی لە ساڵی ١٩١٨وە ناسیۆنالیزمی کوردی بوو بە سەرچاوەیەکی تازەی رەوایی شێخ مەحموود و توێژی ئەفەندییەکانی effendiyya١٦ لەخۆی نزیک کردەوە، کە دەستە و تاقمێک بوون بریتی لە فەرمانبەرانی مەدەنی، مامۆستایان، رۆژنامەنووسان و ئەفسەرانی کۆنی سوپای عوسمانی١٧. یەکەم حکوومەتی شێخ مەحموود ئاڵایەکی "نیشتمانیی" کوردیی بۆ خۆی چێکرد١٨. هەرچەندە راپۆرتە بەریتانییەکان پێ لە سەر بایەخی هۆزەکان دادەگرن، بەڵام نوێنەرانی ئەم دەستە و تاقمە رۆڵێکی بێ چەند و چوونیان بینی لە ئیدارە کوردییە سەربەخۆکەدا١٩.

لە ساڵی ١٩١٩دا جێگری کۆمیسیاری مەدەنی بڕیاریدا کۆتایی بە یەکەم حکوومەتی مەحموود بێنێت لەبەرئەوەی ئەم سەرۆکە کوردە هەوڵیدەدا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات و کەرکوک و کفریش بگرێتەوە و ئەمەش هەڕەشە بوو بۆ تێکدانی هاوتایی و پارسەنگی هێز لە باکووری عێراقدا و سەرۆکە کوردەکانی تر بەلای خۆیدا رابکێشێت و یاخیبوونێکی بەربڵاو لەدژی بەریتانییەکان بەرپا بکات. نۆئێڵ وەک ئەفسەری (حاکمی) سیاسی گۆڕدرا و ئی. بی. سۆن جێی گرتەوە، کەوا کەسێکی ریالیستی قسەلەڕووی رەخنەگر و توانجگر بوو لە شێخ مەحموود٢٠. پەیوەندیی نێوان ئەم دوو پیاوە تا دەهات روو لە گرژی و ئاڵۆزی بوو، تا وایلێهات بوو بە   قەیران و لە مایسی ١٩١٩دا تەقییەوە کاتێ شێخ مەحموود لەپڕ داوای لە تاقمێکی پشتیوانانی کرد لەودیو سنووری وڵاتی فارسەوە بێن بە هانایەوە و ئەفسەرە بەریتانییەکانی دەستبەسەر کرد و جاڕی سەربەخۆیی کوردستانی دا. بەڵام بێ یارمەتی و هاوکارییەکی ئەوتۆ لە لایەن هۆزە کوردەکانەوە و لە حوزێرانی ١٩١٩دا شێخ مەحموود گیرا و رەوانەی بەغدا کرا (لێرەدا مەبەستی شەڕی دەربەندی بازیانە _ وەرگێڕ).

بەهەرحاڵ سلێمانی چیتر ئەو ئارامییەی بەخۆوە نەبینی کە دەسەڵاتدارانی سەربازیی بەریتانیا ئومێدیان لە سەر هەڵچنیبوو بۆی. بەریتانییەکان لە ترسی پەلاماردان و پێشڕەویی هۆزە کوردە یاخییەکان و هێزی تورکی 'ناڕێکوپێک' زۆر بەخێرا و بەپەلە لە یەکی سێپتەمبەری ١٩٢٢دا شارەکەیان چۆڵکرد. پاشان کۆمیسیاری باڵا شێخ مەحموودی گێڕایەوە و لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا کردی بە حوکمدارhukumdar  یان حوکمڕانی کوردستان. شێخ مەحموود پاش چەند رۆژێک لە گەڕانەوەی فەرمانێکی باڵای دەرکرد بە پێکهێنانی کابینەیەکی حکوومەت کە لە هەشت "وەزیر" پێکهاتبوو و لە هەردوک ئەریستۆکراتییەتی خێڵەکی و توێژی ئەفەندییەکان effendiyya دانرابوون، کە تێیدا شێخ مەحموود خۆی بوو بە وەزیری بەرگری (سەرەڕای حوکمدارییەکەشی - و) و شێخ قادری برای کرا بە سەرۆک وەزیران و شێخ محەمەد غەریبی زاوای کرا بە وەزیری ناوخۆ. پۆستە وەزارییەکانی تریش دران بە کەریمی عەلەکە کە بازرگانێکی کریستیان بوو بۆ دارایی، ئەشغاڵی گشتی بۆ حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا کە بازرگان و زەویدارێکی دەوڵەمەند بوو لە سلێمانیدا، داد درا بە شێخ عەلیی قەڵەندەری، سەرۆکی پۆلیس بە سەید ئەحمەد بەرزنجی کە خاوەن مڵک بوو لە سلێمانی، پەروەردە و فێرکردنیش درا بە مستەفا پاشا کە جەنەراڵێکی پێشووبوو لە سوپای عوسمانیدا. لە پاش مانگێک شێخ مەحموود خۆی کرد بە "مەلیکی  کوردستان" و کەوتە دەرکردنی رۆژنامەیەک بە ناوی "رۆژی کوردستان Roji Kurdistan" بە هاوکاریی رۆشنبیران و شاعیرانی سلێمانی٢١. شێخ سیمبۆڵەکانی ناسیۆنالیستیی برەو پێدەدا وەک گەڕانەوە بۆ ئاڵای کوردستان و بووژاندنەوەی، چاپکردنی پوولی پۆستەی "کوردی" و رێکخستنی نمایشی سەربازی کە رۆڵی خۆی دەبینی لە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم یان نەتەوەپەرستی وەک زمانی هاوبەشی lingua franca خەڵکی سلێمانی. لە تەمووزی ١٩٢٢دا کۆمەڵێک لە رۆشنبیران (مونەوەران - و) و پیاوماقووڵانی سلێمانی، بە رابەریی مستەفا پاشا (١٨٦٦ - ١٩٣٦) جەمعییەتی کوردستانKurdistan  Jamiyeti (کۆمەڵەی کوردستان) یان دامەزراند، کە رەنگدانەوەی ئەو کۆمیتە و لیژنە کولتووری و فەرهەنگییانە بوو کەوا لەلایەن   رۆشنبیر و ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئەستەمبووڵەوە دادەمەزران لە ماوەی حوکمی عوسمانیدا٢٢. لە ئابی ١٩٢٢دا مستەفا پاشا یەکەم ژمارەی بانگی کوردستانیBangi  Kurdistan دەرکرد، کە جۆرناڵی رەسمیی کۆمەڵەکە بوو.

لە ساڵی ١٩٢٣دا دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بۆ جاری دووەم بڕیاریاندا کۆتایی بە خولیاکانی شێخ مەحموود بێنن و گومانی ئەوەیان خستبووەسەر کە پەیوەندیی بەردەوامی هەیە لەگەڵ رابەرە شیعەکانی کەربەلا و نەجەف و کەمالیستەکاندا کە هێشتا هەر ئیددیعای خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵیان دەکرد. بەم پێیە سلێمانی لە مایسی ١٩٢٣دا جارێکیتر داگیرکرایەوە، سەرەڕای ئەوەش کاربەدەستە بەریتانییەکان هەر لە ساڵی ١٩٢١وە کاریان بۆ جێبەجێ کردنی ئەوەبوو کەوا دەسەڵاتی ئیداری و سیاسیی شارەکە ببەستن بە حکوومەتی عێراقەوە.  کۆتایی "مەملەکەتەکەی" شێخ مەحموود دەرگای خستە سەرپشت بۆ بەشێنەیی درووستبوونی کێبەرکێی سیاسیی لە نێوان دەستە و تاقمە جیاوازەکاندا. کاپتن سی. جەی. ئەدمۆنز بەڕێوەبەرێتییەکی ناوخۆیی پێکهێنا بە هاوکاری ئەو پیاوماقووڵانەی ئامادەبوون بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ماندێتدا. شێخ قادری برای شێخ مەحموود، کە هەمیشە رێککەوتنی لەگەڵ بەریتانییەکان بەلاوە پەسەندبوو، کرا بە بەرپرسی ئاسایشی گشتی و ئەحمەد تۆفیق بەگیش، کە پیاوماقووڵێکی شاربوو، کرا بە بەرپرسی کارگێڕیی مەدەنی.

بەڕێوەبەرێتییە نوێکە لە لایەن بازرگانانەوە پشتگیریی کرا کە پێشتر لە ساڵانی ١٩١٨ - ١٩١٩ و   ١٩٢٢ - ١٩٢٣دا بە توندی سزادرابوون بە هۆی ئەو سیستەمی باج کۆکردنەوەوە کە شێخ مەحموود سەپاندبووی بۆ یارمەتیدانی دارایی "پشتیوانیی" هۆزەکان. لە دید و بۆچوونی بازرگانەکانەوە ئیدارەی بەریتانی بووژانەوەی بارودۆخی دارایی دەگەیاند و دواجاریش ئەگەرێک بوو بۆ چەسپاندنی کاریگەرییان لە کاروباری ناوخۆدا کەوا هێز و تینی لە توانای ئابووری و تۆڕی بازرگانییانەوە وەردەگرت لەگەڵ دێهات و شارۆچکەکانی تری ناوچەکەدا٢٣. ئەم بەرەیە لەلایەن پارتیزانەکانی شێخ مەحموودەوە بەرەنگاریی دەکرا، بە رابەریی سەید ئەحمەد بەرزنجیی سەرۆکی پۆلیسی پێشوو لە سەردەمی دەسەڵاتی "مەملەکەتەکەی" شێخ مەحموودا. ئەم دەستە و تاقمە هەندێجار لە راپۆرتە بەریتانییەکاندا بە تاقمی "سەر بە شێخ مەحموود" باسیان دێت و هەندێجاریش بە "سەر بە تورک"، چونکە بەرهەڵستییان بۆ ماندێتی بەریتانیا وەک ئەوە وابوو کە مۆرکێکی ستراتیجیی هاوپەیمانییان پێوەبێت لەگەڵ حکوومەتی ئەنقەرەدا.

شێخ مەحموود لە تەمووزی ١٩٢٣دا توانی بگەڕێتەوە سلێمانی لەدوای پاشەکشەی هێزەکانی بەریتانیا وەک ئەنجامێک بۆ ئەو فشارە سەربازی و داراییەی ماندێت بوو بە هۆکاری و لە سەرێکیشەوە بوو بە هۆی هەڵاتنی نزیکەی دوو هەزار کەس لەم   شارە و ئاوارەبوونیان و زۆربەی زۆریان ئەو پیاوماقووڵ و بازرگانانە بوون کەوا کەم و زۆر دەستیان لەگەڵ بەریتانییەکان تێکەڵ کردبوو. ئەمەش بوو بە هۆی زیادبوونی دەسەڵاتی دەستە و تاقمی "سەر بە شێخ مەحموود". بەهەرحاڵ، ئەم رەوشە سیاسییە هەروا نەمایەوە و زۆری نەخایاند و ئەزموونی "کوردستانێکی باشووری" ئۆتۆنۆمیدار راشکاوانە لەگۆڕنرا. لەو ماوەیەدا کە شێخ مەحموود لە سلێمانی دەرکرا کانتۆنەکانی (قەزاکانی - و) رانیە و قەڵادزە لە باکوورەوە، چەمچەماڵ لە رۆژئاواوە، قەرەداخ و هەڵەبجە لە باشوورەوە لە ناوچەی سلێمانی دابڕان و بەم رەنگە کاتێ شێخ مەحموود لەم سەروبەندەدا گەڕایەوە دەسەڵاتەکەی بەتەواوی دابەزی تا ئاستێکی تەواو سنووردار و رووبەرێکی بەرتەسکی نێوان سنوورەکانی وڵاتی فارس (کە لە ساڵی ١٩٣٤وە بە رەسمی ناوی ئێرانی لێنرا - و) و ئەو ناوچە کوردییانەی تازە بەم دواییە خرابوونە بندەستی راستەوخۆی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقەوە.

پاشان سلێمانی دیسانەوە بۆ جارێکیتر لە مایسی ١٩٢٤دا کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی بەریتانییەکان٢٤. لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا سلێمانی دۆخی شارێکی بووژاوە و گەشەکردووی بۆ گەڕایەوە. ژمارەی دانیشتووانی شار کە ساڵی ١٩٢٤ دابەزیبوو بۆ حەوت سەد کەس لە ماوەی دوو ساڵدا بەرزبووەوە بۆ دوانزە هەزار و لە ساڵی ١٩٢٨دا بوو بە بیست هەزار٢٥. بەرنامە و پرۆژەی بەستنی سلێمانی بە عێراقەوە بەزۆری لە رێگەی زیرەکیی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکانەوە ئەنجامدرا، کە کێبەرکێی سەرۆک هۆز و پیاوماقووڵانیان یەکلاکردەوە دژ بە  مێمڵ و ڕکەبەرەکانیان، چەشنی بابەکر ئاغا دژ بە عەباس مەحموود ئاغا، کە دوو سەرۆک هۆزی پشدەر بوون و هەروەها شێخ قادر لەدژی شێخ مەحموودی (برای - و). بە هەمان شێوە ئەفسەرە بەریتانییەکان پێگە و پۆستی رەسمییان دەدا بە هاوپەیمانە لۆکاڵییەکانیان، وەک دامەزراندنی ئەحمەد تۆفیق بەگ بە موتەسەڕیف. بەهەرحاڵ، ترنجاندنی هەندێك "بریکار یان گوێ لە مست" لە ناو رژێمە نوێکەی بەریتانییەکاندا بوو بە هۆی زیادبوونی کێبەرکێی نێوان دەستەبژێرەکان. هەرکاتێ ئاشتیی   سەقامگیر و پتەو دەبووPax Britannica   ئەوە بەرەی ناسیۆنالیستە کوردەکان، کە دواتر بەرپرس بوون لە بەرپاکردنی ئاژاوە و پشێویی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠، لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی کوردستان کۆدەبوونەوە، کە لە بەهاری ١٩٢٦دا دامەزراوە بە ئامانجی "پەرەپێدانی پەروەردە و فێرکردن بۆ جەماوەری کورد"٢٦. بەڵام هەر زۆر زوو ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان، کە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە جەمال بەگی بابانیش لەناویاندا بوو، ویستیان مۆرکێکی سیاسیی زیاتری بدەنێ و ئەفەندییە کوردەکان بخەنە ناوجەرگەی گفتوگۆ و مشتومڕی هەنووکەییەوە، چەشنی ئۆتۆنۆمیی ئیداری و پەرەپێدانی ئابووری و بەرفراوان کردنی خوێندن و فێرکردن بە شێوەیەک کە لە زیانی سەرۆک هۆزەکان بکەوێتەوە٢٧.

وەک داڤید ماکدواڵ بۆیدەچێت کەوا کۆمەڵەی زانستیی کوردستان بووبوو بە "گۆڕەپانی شەڕەدەنووکی ڕکەبەرە سیاسییە لۆکاڵەکان کەوا کوردە ناسیۆنالیستە قسەڕۆیشتووەکان دەیانویست بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریبێنن"٢٨. بەم پێیە مستەفا پاشای "وەزیری" پێشووی پەروەردە و فێرکردن لە حکوومەتەکەی شێخ مەحمووددا، کۆمەڵەکەی بەکاردەهێنا بۆ سەپاندنی بەربژێربوونی خۆی وەک نوێنەری سلێمانی لە پەرلەمانی عێراقدا. ئەم هەوڵ و تەقەلایە لەلایەن ئەحمەد تۆفیق بەگی موتەسەڕیفی سلێمانییەوە خەتابار کرا، کە ئەم خۆیشی سەرۆکی کۆمەڵەکە بوو، بە دنەدان و ورووژاندنی ئەفسەرە بەریتانییەکان. دەست لەکار کێشانەوەی مستەفا پاشا لە ساڵی ١٩٢٧دا هاوکات بوو لەگەڵ کەمپێنێکدا لە دژی ئەحمەد تۆفیق بەگ لەپێناوی دانانی جەمال بەگی بابان لە جێگەکەیدا وەک موتەسەڕیف. هەڵبەت بەریتانییەکان وایبۆدەچوون کەوا جەمال بەگی بابان پەیوەندیی بنەماڵەیی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە ئیدارییانەی کە مابوون٢٩. هەرچەندە ئەم فڕوفێڵە شکستی هێنا، بەڵام ئەوە روون و ئاشکرایە کە خولیا و مەراقی تاکەکەس و پەیوەندیدار بە "بنەماڵەوە" بۆ هەندێک لە پیاوماقووڵانی کوردی وەک بابان، زۆر لە نزیکەوە تێهەڵکێشی خەون و خولیاکانی ناسیۆنالیستی بووبوون.

لە ساڵی ١٩٢٩وە ئەو دەستە و تاقمە سیاسییانەی لە دەوری کۆمەڵەی زانستیی ئاڵابوون چوونە نێو ڕکەبەری و ململانێیەکی ئاشکراوە بە هۆی سێ فاکتەرەوە کە بریتین لە: بڕگەکانی پەیماننامەی ئەنگلۆ - عێراقی و سیاسەتی هەڵبژاردن و تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لە نێوان گەورەپیاوانی سلێمانیدا دوابەدوای دەرکردن و دوورخستنەوەی تۆفیق وەهبیی موتەسەڕیفی نوێ (١٨٩١ - ١٩٨٤) لە شارەکە لە ساڵی ١٩٣٠دا٣٠. نەبوونی تەواوی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆیی کورد لە رەشنووسی پەیماننامەی ئەنگلۆ - عێراقیدا کە ساڵی ١٩٢٩ ئاشکرابوو و کاردانەوەی بەهێزی لێکەوتەوە لە بازنەی کوردە ناسیۆنالیستەکاندا. لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠دا چەندین یاداشت و سکاڵانامە لەلایەن کەسایەتی و کۆمیتە (رێکخراوە - و) کوردییەکانەوە بەرزکرایەوە بۆ دەسەڵاتە بەریتانییەکان و کۆمەڵەی گەلان. وەک ئەنجامێک بۆ ئەم چالاکی و داواکاریانە حکوومەت بەڵێنی سیاسەتێکی دا کە لە دەوری یاسایەک بۆ زمانە ناوخۆییەکان یان لۆکاڵییەکان دەخولایەوە لە سەرەتای نیسانی ١٩٣٠دا. بەهەرحاڵ، سەرباری فشارە بەردەوامەکان بۆ سەر کابینەی حکوومەتی عێراق لە لایەن راوێژکارە بەریتانییەکانەوە، ئەم یاسایە تا مایسی ١٩٣١ هێشتا هەر لە قۆناخی رەشنووسیدا بوو، "کاتێکیش کە بۆ دواجار دەرکەوت هێند لاواز بوو کە تا رادەیەک وەک ئەوە وابوو کە دانی پێدا نەنرابێت"٣١. ناهەستیاریی حکوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داواکارییەکانی بازنە کوردییەکاندا هاوپەیمانییەکی لێکەوتەوە لە نێوان سێکتەرە میانڕەوەکانی کەوا شێخ قادر و پشتیوانەکانی نوێنەرایەتییان دەکرد و کاربەدەستە بەریتانییەکان لە لایەک و ئەو "رادیکاڵانەی" نوێنەرەکانی توێژی ئەفەندییەکان سەرۆکایەتییان دەکرد لە لایەکی ترەوە کە بازرگانان و ئەفسەرانی سوپای عێراقیشیان لەگەڵ بوو. سەرەڕای ئەوەش و بە پێی راپۆرتە بەریتانییەکان ئەفەندییە ناسیۆنالیستەکان لە شێخ قادر کاریگەرتر بوون چونکە ئەم هەمان گونجاوی و خەسڵەتی شێخ مەحموودی برای نەبوو٣٢.

بەدەر لە دەستە و تاقمی "سەر بە کورد" دەستە و تاقمی ڕکەبەری "سەر بە بەغداش" هەبوون و بایەخیان لەو کاتەوە پەیداکرد کە تاقمی "سەر بە تورک" رۆڵ و کاریگەرییان لەدەستدا لە پاش بڕیارەکەی ساڵی ١٩٢٥ی کۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە بەستنەوەی ویلایەتی مووسڵی جاران بە عێراقەوە. تاقمی "سەر بە بەغدا" وایان بەلاوە پەسەند بوو سلێمانی بخرێتە سەر دەوڵەتی عێراق بەو هیوایەی کەڵک و سوودی لێببینن، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی درووستکردنی رێگەوبان کە ئاسانکاریی بازرگانی دەکرد لەگەڵ مووسڵ و بەغدادا٣٣. لایەنگرانی ئەم تاقمە دڵسۆزی ناسیۆنالیزمی عەرەب نەبوون بەڵام تاڕادیەک بیر و بۆچوونی تێکەڵ و پێکەڵیان هەبوو. هەندێک لە سەرۆکەکانیان، چەشنی مستەفا پاشا، ناسیۆنالیستی کورد بوون بەڵام سەرکێشییەکانی شێخ مەحموود نائومێدی کردبوون و دەیانخواست دەرووی نوێی کاریگەریی شەخسیی بدۆزنەوە و بەشێکی تریان کە پارتیزانەکانی جارانی سەر بە تورک یان سەر بە شێخ مەحموود بوون و بۆچوونی دژە بەریتانی زاڵ بوو بەسەریاندا. بۆشایی نێوان ئەوانەی لایەنگری ئۆتۆنۆمیی کورد و ئەوانەی کە یەکگرتنیان لەگەڵ بەغدا بەلاوە باشتر بوو تا دەهات قووڵتر دەبووەوە لە قۆناخی سەرەتایی پێش هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراودا. پاش ئەوەی بەندە سەرەکییەکانی پەیماننامەی     ئەنگلۆ -  عێراقی لە یەکی تەمووزی ١٩٣٠دا بڵاوبووەوە دەستەیەکی یانزە کەسی لە پیاوماقووڵان کۆمیتەیەکیان لە خۆیان پێکهێنا بۆ ئاڕاستە کردنی هاندانی سیاسی لە سلێمانیدا و توانییان بایکۆت بە خەڵکی شار بکەن لە هەڵبژاردنی لیژنەی پشکنیندا بۆ ناوچەکە کە سەرپەرشتیکار و بەرپرس بێت بۆ ئامادەکردنی بۆ هەڵبژاردنی تەشریعیی تازە٣٤.

لە هەمان کاتدا هەندێک لە گەورەپیاوانی دەستڕۆیشتووی شار لە هاوینی ١٩٣٠دا چەند داواکارینامەیەکیان نارد بۆ جنێڤ و تێیاندا داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی کوردییان کردبوو لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵەی گەلاندا. لەوە بەدواوە ناردنی داواکارینامەکان هاوپێچ دەکرا بە "کۆمەڵێک بابەتی هەمەچەشن"٣٥. ئەمەش بریتیبوو لە ئامادەکردنی "راڕەوێکی جۆشدان" بە رابەریی بازنەیەکی بچووکی ئەو رۆشنبیر یان مونەوەرانەی لە دەوری "جەمعییەتی کوردستان" و دواتر کۆمەڵەی زانستیی کوردستان یەکیانگرتبوو بە مەبەستی پتەوکردنی "سیاسەتی جەماوەریی" ناسیۆنالیستی.

یەکەم خۆپێشاندانی جەماوەری لە سلێمانیدا لە ١٦ی تەمووزی ١٩٣٠دا بەرپابوو بە بۆنەی سەردانی شازادە غازییەوە بۆ شارەکە. رێڕەوی بەشدارانی ناڕەزایی دەربڕین بوو دژ بە پەیماننامە تازەکە لە سەر ئەو بنەمایەی کە هیچ شتێکی تێدا نیە بۆ کورد. هەردوک رەمزی فەتاح ئەفەندی و تۆفیق قەزاز کە سەرکردەی حیزبەکەی شێخ قادر بوون لە بەردەمی غازیدا وتاریان خوێندەوە٣٦. هەست و هۆشی دڵگەرمانە و دژە عەرەب بەخێرایی گەشەی دەکرد بە هۆی سەردانی کۆمیسیاری باڵا و سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سلێمانی، کە وای بۆ دانرابوو لە ١٠ی ئابی ١٩٣٠دا ئەنجام بدرێت. رۆژی پێشتر، ئەحمەد فایەق بەگ کە فەرمانبەرێکی رەسمیی دائیرەی تۆمارکردنی زەوی و خانووبەرە (تاپۆ) بوو هەروەها ئەندامی پێشووی دادگای سلێمانی بوو، لە کەرکووکەوە گەیشتە سلێمانی و لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عەرەبی وتارێکی دا و ئەوەی ئاشکرا کرد کە نیاز وایە ئەم بکەنە موتەسەڕیف لە جێی تۆفیق وەهبی. پاش ئەمە خوێندکارانی قوتابخانە حکوومییەکان لێی کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەری و ئەمیش ناچار پەنای بردە بەر بنکەی پۆلیس و لەوێوە خرایە ناو ئۆتۆمبیلێکەوە و گەڕێنرایە دواوە بۆ کەرکووک و هۆشداریی درایە کە جارێکیتر نەگەڕێتەوە. بۆ رۆژی دوایی لە دەشتی تەیارەخانە خێوەت هەڵدرا و کەپر   درووستکرا و عەشاماتێکی زۆر کۆبووەوە بۆ پێشوازی کردن لە دەسەڵاتداران. لێرەدا خەڵکەکە سەریان سوڕما کەوا فایەق بەگ لە ناو ئەو تاقمەدایە کە لەگەڵ کۆمیسیاری باڵا و سەرۆک وەزیراندا هاتوون و بەشێک لە جەماوەرەکە بە بەرد هاوێشتن پەلاماریاندا و برینداریان کرد. کۆمیسیاری باڵا ئاگای لە رووداوەکە نەبوو و پێشوازییە جەماوەرییەکە بەردەوام بوو. هەڵبەت بە رێگەپێدانی بەریتانییەکان، رێکخەرانی پێشوازییەکە قوتابییەکیان سازکردبوو وتارێک لە بەردەمی کۆمیسیاری باڵادا بخوێنێتەوە و جەعفەر پاشای سەرۆک وەزیرانی عێراقیان پشتگوێ خستبوو. وتارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

"خوێندکارانی کورد بەوپەڕی خۆشحاڵی و شانازییەوە بەخێرهاتنی جەنابی بەڕێز و پایەبەرزتان دەکەن بۆ کوردستان ... ئێمە بەتەواوی ئاگادارین کەوا گەلێ لە کۆمەڵگاکانی تر لە ژێر دەستی ئێوەدا راهێنراون و فێرکراون. جەنابی پایەدارتان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەکەڵک دەبین بۆتان و ... نیشتمانی دایکی کوردان زۆر بەهیوای پێشکەوتن و گەشەکردنە لە ژێر سایەی پارێزگاریی حکوومەتی بەریتانیادا. هەر بژی حکوومەتی بەریتانیا، هەر بژی جەنابی پایەدارتان کە پشتیوانیی کوردان دەکەن"٣٧.

بۆ رۆژی دوای ئەوە خۆپیشاندان شەقامەکانی سلێمانیی گرتەوە و تەوەری ئەم خۆپیشاندانە پەنجا قوتابی بوو بە رابەری و هاندانی دوو بەڕێوەبەری قوتابخانە، کە ئەوانیش محەمەد ساڵح قەفتان و رەفیق حیلمیی سەر بە قوتابخانەی شەوی زانستیی کورستان بوون. بێجگە لەوەش وتەکەی کاربەدەستێکی بەریتانی ئاماژەیەکی تێدابوو بۆ "شوێنکەوتووە ستەمکار و پیاوکوژەکانی شێخ قادر و هاوڕێکانی"٣٨. لە سەرای، کە تەلاری بەڕیوەبەرێتیی سەرەکی بوو لە شارەکەدا، کۆبوونەوەیەک بەسترا لە نێوان دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی هەردوو تاقمەکەدا (تاقمی ئۆتۆنۆمی و تاقمی یەکگرتن لەگەڵ عێراقدا)، سەرەڕای ئەوەی کە سەرکردە دیارەکانی تاقمی سەر بە بەغدا زۆریان ئامادە نەبوون، حاجی مەلا محێدینی لێدەرچێت کە یەکێک بوو لە بازرگانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سلێمانی و پیاوێکی دەم سپی و ناودار بوو. دەستە و تاقمی سەر بە کورد (نەتەوەپەروەر - و) داواکارییەکیان بەرزکردەوە بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆ لە ژێر سایەی بەریتانیادا یان شێوە ماندێتێک بێت لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە. هەر کە لە کۆبوونەوەکە هاتنە دەرەوە رەمزی فەتاح ئەفەندیی وتەبێژ و دەمڕاستی تاقمەکە لەلایەن "جەماوەرێکی بێشوماری خەڵکەوە بە دڵگەرمییەوە پێشوازیی لێکرا و خستیانە سەرشان و بە ناوشاردا گێڕایان"٣٩. لەم کەشە بە جۆش و خورۆش و پڕ لە ئومێدەدا تاقمی سەربەخۆیی خواز پڕکێشییان کرد و دەسبەجێ داواکارییەکی پڕ وردەکاری و دوورودرێژیان ئامادە کرد بۆ ئەوەی بەرز بکرێتەوە بۆ کۆمەڵەی گەلان. بەڵام لەولاوە بڕیاردرابوو کە هیچ گۆڕانکارییەک نەکرێت لەو هێڵ و بنەمایانەی کە هەبوون و ئەمەش بزووتنەوەیەک بوو کە ئیلهامی لە تەکتیکە هندییەکانەوە وەرگرتبوو لەبارەی ئەوەی کە باج نەدان دەبێ رێکبخرێت٤٠.

لەم رووەوە وا چاکە سەرنجی ئەوە بدرێت کە بەریتانییەکان هانی خەڵکی سلێمانییان دەدا بە زۆر بێت یان بە خوایشت پەیڕەویی ئەو گەشەکردنانەی هندستان بکەن لە ساڵی ١٩٢٠وە و لە رێگەی دیلە کوردەکانی جەنگەوە کەوا لە سومارپور و بێلەری و نۆگۆنگەوە گەڕابوونەوە بۆ سلێمانی. بە پێی قسە و بەڵێنی ئەفسەرە بەریتانییەکان بوایە پێدەچوو هەموو دانیشتووان "دەبوایە ئەو بیرەیان لە مێشکی خۆیاندا گەڵاڵە بکردایە کە پەست و ناحەزن بەو رێبازەی هندستان". هەڵبەت دیلە گەڕاوەکان یەکەم پرۆپاگەندەی دژە بەریتانییان بڵاوکردەوە و بانگەشەی کۆتاییهێنانیان دەکرد بۆ پرۆسەی "بەهندستان کردنی کوردستان"، کە بە دەربڕینی ئەوان ملکەچ کردنی سەرۆکەکان و هەژار کردنی جووتیارانی دەگەیاند٤١. بەڵگە و شایەتی زانیاریی زیاتر لە سەر بزووتنەوەی دژە بەریتانی لە هندستاندا بوو بە هۆی ئەوەی کەوا تۆفیق قەزاز، کە یەکێک بوو لە ناودارترین سەرکردەکانی دەستە و تاقمی نەتەوەپەروەر لە سلێمانیدا، لە نێو هاوەڵەکانیدا بە غاندی بناسرێت٤٢.

کێنهان کۆرنواڵیسی راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، کە ئاگاداری ئەم پەرەسەندنانە بوو، هانی پشکنەری ئیداریی سلێمانی دەدا بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر دەمڕاست و سەرۆکەکانی سلێمانی کە دەبێ بە شێنەیی و لە سەرخۆ چاوەڕێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان بکەن سەبارەت بە سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمیی کورد٤٣. بەهەرحاڵ، هەوڵەکانی بەریتانییەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە سلێمانیدا بێئەنجام بوو، چونکە دەستێوەردانی ئەکتەری سێهەم، کە حکوومەتی عێراق بوو، لە برەوپێدانی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان دوو تاقمەکە لەم رووەوە یەکلاکەرەوە بوو. لە کۆتایی ئابی ١٩٣٠دا تۆفیق وەهبی لەلایەن بەغداوە لابرا و تۆمەتبار کرا بە هاندان و برەوپێدانی هەستی جوداخوازی لای دانیشتووانی سلێمانی. دوابەدوای ئەم بڕیارە کۆمەڵی نەتەوەپەروەری کورد خۆپیشاندانیان رێکخست بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە سەر لادانی وەهبی و بڵاوبوونەوەی واتەوات سەبارەت بە ئەگەری دانانی ئەحمەد تۆفیق بەگ بە موتەسەڕیف لە جێگەی تۆفیق وەهبی ئەوەندەی تر دۆخە گشتییەکەی ئاڵۆز کرد. پێشتر ئەحمەد تۆفیق بەگ موتەسەڕیفی سلێمانی بوو بەڵام کەوتبووە ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ چەند سەرۆک و دەمڕاستێکی ناوخۆییدا کە لە یانەی زانستیی کوردستان بوون و لە هەموویشی گرنگتر ئاوەڵزاوای بابەکر ئاغای سەرۆکی "سەر بە بەغدای" بەشی پشدەری ئەو کۆنفیدراسیۆنە خێڵەکییە بوو کە بەهێزترین هۆزی کوردی    پێکدەهێنا و ناکۆک بوو لەگەڵ شێخ مەحموود و شێخ قادری برایدا.

ئەنجامی ئەمەش زیادبوونی چالاکیی دەستە و تاقمەکەی شێخ قادر بوو، کە بە تەواوی و دوور لە ئامانجە نەتەوەییەکان، بەرەوڕووی لەدەستدانی دۆستێکی شەخسیی بووەوە کە تۆفیق وەهبی بوو، لە هەمان کاتیشدا موتەسەڕیفێک دەچێتە جێگەکەی، با بیر و بۆچوونی سیاسی هەرچییەک بێت، بەڵام بۆ ئەمان کەسێکی دۆست نەبوو. سەرباری ململانێ و ناکۆکیی پێشتری نێوان شێخ قادر و شێخ مەحموود وا ئێستا یەکەمیان پێویستی بە پاڵپشتی دووەمە و بەم رەنگە هەردوو برا لەگەڵ یەکتر رێککەوتنەوە و زۆربەی هەرە زۆری پشدەریان بەلای خۆیاندا راکێشا. هەروەها ژمارەیەک پیاوماقووڵی دیار هەبوون چەشنی حاجی مەلا محێدین و مستەفا پاشا کە بەلای جێبەجێ کردنی ئەم هەڵبژاردنەدا دایاندەشکاند. ئەمان بوون بە قوربانیی چەند کردەوەیەکی دوژمنکارانە و جارێکیان لە کاتی کۆبوونەوەیەکی رەسمیدا کە تاقمەکەی شێخ قادر بڕیاریاندا بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە بکەن کە بەو نزیکانە لە ١٦ی تەمووزی ١٩٣٠دا دەکرا، مستەفا پاشا کەوتبووە وتاردان و دایشکاندبوو بەلای عەرەبدا و دژ بە بەریتانیا وەستابوو بەڵام نەیانهێشتبوو قسەکانی تەواو بکات و بە توندی پێیدا هەڵشاخابوون و لە کۆبوونەوەکە کردبوویانە دەرەوە و لە ژێر چاودێری و پاسەوانیی پۆلیسدا ناردبوویانە ماڵەوە و ماوەی چەند رۆژێک خۆی شاردبووەوە. بێجگە لەوەش، نامەی هەڕەشەیان ناردبووە سەر هەموو ئەو کەسانەی گومانیان لێکردبوون کە مەیلیان بەلای حکوومەتەوە بووە و نامەی هەڕەشەکانیان بە خەنجەر و دەمانچەی خوێناوی رازاندبووەوە٤٤.

لە سەرەتای سێپتەمبەردا کاپتن ئەڵبان سەرکردەکانی سلێمانی ئاگادار کردەوە، ئەوانی کە پێشتر ناحەزیی خۆیان دەربڕیبوو سەبارەت بە بەشداری کردن لە هەڵبژاردندا، لەبارەی نیاز و مەبەستیەوە بۆ دەستپێکردنەوەی کاری پێویست بۆ هەڵبژاردن و هۆشداریی پێدان لە سەر ئاسایشی گشتی. لەو ساتە بەدواوە ئەو گێڕانەوەکانی پەیوەندیدار بە رووداوەکانەوە جیاوازن. راپۆرتە بەریتانییەکان هێشتا هەر وایدادەنێن کە گرنگترین سەرچاوە نووسراوەکان لەبارەی ئەو ئاژاوە و پشێویانەی کە دوابەدوای ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠بەرپابوون. ئاشکرایە کەوا سەرکردەکانی کۆمەڵانی ناسیۆنالیست و بەشدارانی رووداوەکە بە "ئاژاوە" ناویان نەدەبرد و خۆیشیان بە "ئاژاوەگێڕ" لەقەڵەم نەدەدا. هەردوک ئەو هۆنراوانەی کە لەلایەن شایەتحاڵانەوە٤٥ یان مێژوونووسانی ناوخۆوە نووسرابوون٤٦ ، بە پێچەوانەوە باس لە راپەڕینێکی    میللی و کوشتارێک دەکەن کە لەلایەن سوپای عێراقەوە ئەنجامدراوە. وەک چارڵس تیلی باسی دەکات تێرمی "ئاژاوە" هەڵسەنگاندنێکی سیاسی بەرجەستە دەکات. لەم رووەوە، دەسەڵاتداران و چاودێران "ئاژاوە" بە کۆبوونەوەیەکی رووخێنەر دادەنێن ئەگەر لەگەڵی نەبن، "بەڵام تێرمگەلی وەک خۆپیشاندان، پرۆتێست، بەرگری یان تۆڵەکردنەوە بۆ رووداوی هاوشێوە دادەنێن ئەگەر پەسەندی بکەن"٤٧.

لەکاتێکدا کە سەرکردە ناسیۆنالیستەکان ئیددیعای بێتاوانیی خۆیان دەکەن و سەرکۆنەی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەم رووداوانە و ئەفسەرە بەریتانییەکان هاوڕای گێڕانەوەیەکی یەکگرتوو نین. ئەوە بێسوودە کە بڵێی ئیدارەی بەریتانی   یەکلا و یەکهەڵوێست نەبووە لە پێگە سیاسییەکانیدا چەشنی ئەوەی کە مەسەلە لەپێشینەکانی کۆمیسیاری باڵا دەکرێ ناکۆک بێت لەگەڵ ئەوانی   هەرێم و دێهاتەکان و ئەفسەرانی لۆکاڵ هەمیشە وەکیەک شتەکان راڤە ناکەن یان یەکناگرنەوە لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانی یان هەرێمیدا. ئەم گێڕانەوانەی خوارەوە لەبارەی ئاژاوە و پشێوییەوە نموونەیەکی باشە کە چۆن لە ناو کاربەدەستە بەریتانییەکاندا هەریەکە تێگەیشتن و باری سەرنج و رۆڵی خۆی لە سەر عێراق و پێگەی کوردەکان لە عێراقدا دەگۆڕێت. لەکاتێکدا یەکەم راپۆرت، کە لە لایەن پشکنەری ئیدارییەوە نووسرابوو، وا باسی لە "ئاژاوە" کردووە کە بەرهەمی "مانۆڕی دەستەبژێرەکان" بێت دژ بە سیاسەتی بەریتانییەکان، دووەمیش لەلایەن ئەفسەری خزمەتگوزاریی تایبەتەوە ئامادەکرابوو، کە "چاو و گوێی" دەزگای هەواڵگری بوو لە سلێمانیدا و لە ژێر ناوی "هاندان و ورووژاندن" لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ دانیشتووانی سلێمانی کە "بەمدواییە" خۆپیشاندانیان کرد بۆ نمایشکردنی تووڕەییان. لەکاتێکدا ئەوی پێشتر خواستی گشتیی دانیشتووانی کورد دەگەیەنێت بۆ ئەوەی بچنە سەر دەوڵەتی عێراق، کەچی ئەمی دواییان بە پێجەوانەوە جەخت لە سەر رقی میللی دەکات لە ئاست حکوومەتی عەرەبیدا.

کاپتن ئەلبانی پشکنەری ئیداری بەرفراوانترین و گشتگیرترین راپۆرتی نووسیوە لە سەر رووداوەکان و بە پێی ئەم راپۆرتە سەرلەبەیانیی ٦ی سێپتەمبەر بانگهێشتنامە نێردراوە بۆ نزیکەی ٣٠ پیاوماقووڵ بە نوێنەرایەتیی گەڕەکە جیاوازەکانی شار، کە بڕۆنە سەرا بۆ دەنگدان، کەمێک دوای ئەوە راپۆرت دراوە کەوا نزیکەی پەنجا   قوتابی و چەند سەرسەرییەک خۆیان نمایش دەکەن لە ناو بازاڕدا و بە خاوەن دوکانەکان دەڵێن دایبخەن و بچن لە نزیک سەرای کۆببنەوە و تا دەهات ئاپۆرای خەڵکەکە زیادی دەکرد بە هۆی گردبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە "خەڵکی سەرسەری و هەرچی و پەرچی" و بەرەبەرە کەوتنە لاساری کردن و لەناکاو بەشێک لە ئاپۆرا و قەرەباڵغییەکە کەوتنە بەکارهێنانی کورسییەکانی چایخانەیەک وەک چەک لەدژی پۆلیس، کە هەندێکیان بریندار بوون. پاشان سەرا و پۆلیسەکانی درانە بەر بەرد و ئەوجا ژمارەی کوتەک بەدەست و دار و پەت بەدەست لە ناو ئاپۆرای خەڵکەکەدا دەرکەوتن و تا دەهات ژمارەیان زیادی دەکرد.

پاشان پۆلێک لە هێزی پیادە گەیشتن و خۆپیشاندەران بەردەفڕکێیان وەستاند و هێزەکان سونگییەکانیان ئامادەکرد و و دابەشکران بۆ دەستەی شەڕکردن و پەلاماردان. دواجار تێبینی کرا کەوا ئاژاوەگێڕان و کوتەک بەدەست پەلاماری سەربازەکان دەدەن، لەکاتێکدا لەگەڵ پێشڕەویی یەکبینە و سەرومڕی سەربازەکاندا کورسی و دار و بەردیان تێدەگرتن٤٨. لەم ئان و ساتەدا دەنگی تەقەیەک هات و سەربازێکی عێراقی کەوت و گیانی لەدەستدا. ئەوجا چەند دەسڕێژێکی دەمانچە و غەدارە کرا و دوو سەرباز بریندار بوون. لێرەدا هێزەکان دەسبەجێ کەوتنە تەقە و دەسڕێژ  کردن و بەخێرایی ئاپۆرا و قەرەباڵغییەکە بڵاوەیان لێکرد و هەڵاتن و چەند کەسێکی کوژراو و برینداریان لە سەر شەقامەکان لێبەجێما. بە پێی کاپتن ئەڵبان زیانی ئاژاوەگێڕان ١٣ کوژراو و ٢٣ بریندار بوو کە "هەموویان لە چینەکانی خوارەوە بوون"٤٩.

ئەنجامگیریی نووسەر ئەوەیە کە ئاژاوەکە بە هۆی بڕیاری سەرۆکەکانەوە بوو بۆ تێکدانی هەڵبژاردن بە "ڕێگای تۆقاندن"، چونکە چەکەکانی تریان بۆ پرۆپاگەندە و قایلکردن دەرکەوت "کەموکووڕیی تێدایە و ناتوانێت گرەو بباتەوە بۆ راکێشانی تەواوی پیاوماقووڵان و هاوڵاتییان بە لای بەرەکەی خۆیاندا و بەم رەنگە بە هۆی بایکۆتێکی گشتییەوە هەڵبژاردن دەوەستێنن"٥٠. کەوابوو "ئاژاوەکە" بە پێی ئەم گێڕانەوە بێت هەروا لەخۆوە نەبووە و بەڵکوو رێکخراوە و ئاڕاستە کراوە. بە کاریگەریی گوتاری ئیمپریالیستیی هەڵبژاردن وەک مەشخەڵ و رێنمایەکی ژیاری و شارستانی، پشکنەری ئیداری وای لە قەڵەم دەدا کەوا، سەرەڕای ئەو زیانە گیانیانەی بەداخێکی گەورەوە روویاندا، باشتر و پەسەندتر بوو لەوەی ژمارەیەکی کەم "سەرسەری و هەرچی و پەرچی" دەبوایە تەقەیان لێبکرێت و بکوژرێن لەپێناوی ئەوەی "هاوڵاتییە بەڕێز و پابەندەکانی یاسا کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیدا بەر لێدان و تۆقاندن و سووکایەتی پێکردنی ناڕەوا و بێئەندازە نەکەون". لەبەرئەوە مەسەلەکە نەک ئارامی و ئاسایشی سلێمانی بوو بەڵکوو شکۆ و ئابڕووی بەریتانیاش لە مەترسیدا بوو٥١.

هەر لەم رووەوە گێڕانەوەیەکی تری جیاواز لەلایەن پی. ئێس. مەمفۆردی ئەفسەری دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت باس دەکرێت و ئەو وایدادەنێت کە هۆکاری راستەوخۆی ئاژاوە و پشێوییەکەی سلێمانی هەوڵدان بوو لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ دەستەبەر کردنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ١٦ی تەمووز وەک لەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکرێت٥٢. هەڵبەت حکوومەت لەو مەترسییانە تێگەیشتبوو کە روودەدەن چونکە راستییەک لەئارادا بوو کە شەوی پێش رووداوەکە هۆشداری درابووە پۆلیس و پاسەوانیی دابین کرد بۆ هاوڕێتی کردنی ئەو   نێردە و وەفدانەی دەچوونە کۆبوونەکەوە پێش روودانی هەر ئیشارەت و بەڵگەیەکی کێشە و گرفت. پاشان هێزی ئیزافیی پۆلیس لە بازاڕ و سەرادا جێگیر کرا و فەرمانیان پێکرابوو رێگە لە داخستنی دوکانەکان بگرن و نەهێڵن کۆڕ و کۆبوونەوەی خەڵک لە نزیک سەراوە ئەنجام بدرێت.

بە پێی گێڕانەوەکەی مەمفۆرد بێت کەوا کاتێک واتەواتی ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەڵبانەوە درابوو لە سلێمانیدا بڵاوبووەوە، خەڵکەکە وردە وردە کۆدەبوونەوە و هاواریان دەکرد کە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت. پاشان هەوڵدانێک بۆ دەسگیر کردنی گەنجێکی قڕەقڕکەر خەڵکەکەی    تووڕەکرد و بە دار و بە بەرد پەلاماری پۆلیسیان دا. دواتر لە پاش نیوسەعات سریەیەکی هێزەکانی سوپای عێراق گەیشتن و کەوتنە دەسڕێژ کردن لە خەڵکەکە و هەرچەندە بە پێی سەرچاوەکانی مەمفۆرد پێنەدەچوو هیچ تەقە و دەسڕێژێک لەلایەن ئاپۆرای خەڵکەکەوە کرابێت. خۆپیشاندەران شانزە کەسیان لێکوژرا، کە دە کەسیان کوڕی گەنج و مێرمنداڵ بوون و نزیکەی پەنجا کەسیشیان لێ بریندار بوو، لەکاتێکدا کە تەنها چوار سەرباز بە سووکی بریندار    بوون و یەکێکیشیان بەهەڵە لە لایەن سەربازێکی ترەوە کوژرا. هەر ئەو دواینیوەڕۆیە سەرکردەکانی دەستە و تاقمی نەتەوەپەروەر هەموو گیران لەگەڵ ئەو کەسانەی راستەوخۆ لە مەسەلەی بەشداریی هەرا و ئاژاوەکەوە گلابوون٥٣ و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول سەد کەس دەسگیرکران.

رۆژانی دوای رووداوەکە مەمفۆرد، کە بڕێکی لە ئەژمار نەهاتوو سکاڵای لە لایەن دانیشتووانی شارەوە پێگەیشت، بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت لە سەر رووداوەکانی ٦ی ئەیلوول و لێکۆڵینەوەکەی "ئەوەی روونکردەوە" کەوا بەپێچەوانەی راپۆرتەکەی ئەڵبان، زۆربەی زۆری  نوێنەران (کە دووکاندار بوون) بۆ ئەو کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەی هەوڵی بۆ درابوو لەو رۆژەدا ببەسترێت "بەزۆر نێردراون و خۆیان حەزیان نەکردووە بەشداریی تێدا بکەن"٥٤.

لەگەڵ پەرەسەندنی تەواوی دەسڕێژی تەقەکردندا، بەپێی دوو راپۆرتی بەریتانی بەڕوونی پێدەچێت کە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە تێوەگلاون لە توندوتیژیدا لە رێگەی بەکارهێنانی هەموو ئەو هۆکارانەی بۆیان رەخساوە لەپێناو وەستاندنی هەلبژاردنە کێشەلە سەرەکەدا. بێگومان بەم مانایە بێت ئەو توندوتیژییەی کە لە رۆژی ٦ی ئەیلوولدا تەقییەوە ئەنجامی ستراتیجییەکی ئەقڵانیی دنەدان و جموجووڵی سیاسی بوو. سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکە و تۆقاندنی نەیارە سیاسییەکان لە میانەی هاوینی ١٩٣٠دا زات و بوێریی خستەبەر دەستە و تاقمی ئۆتۆنۆمی یان سەربەخۆییخواز کە بەم شێوەیە کار بکەن. هەڵبەت وەک کاپتن ئەڵبان زۆر بەباشی لێیتێگەیشتووە کەوا رێکخەران و بەشداربووان "لە هێز و توانای خەڵکی هەرچی و پەرچی و سەرسەرێتیتێ گەیشتبوون"٥٥. لەکاتێکدا ئەگەر هەیە کەوا بەشداربووان و رێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بە هەڵە رەچاوی ئەنجام و لێکەوتە وردەکانی کارەکەیان لێکدابێتەوە یان مەسەلەیەکی خۆڕسکی تێدا هاتبێتە ئاراوە و رووداوەکانی پێشتر و کار و کردەوە بەکۆمەڵەکان هاوزەمان لەگەڵ بەکارهێنانی "چەک" ، کوتەک، دار و بەرد ئەوەمان پێدەڵێت کەوا "پسپۆڕانی توندوتیژی" یان "هەرچی و پەرچییە پسپۆڕەکان" لە سلێمانیدا پەیدابوون. بەڵام بۆچی توندوتیژی باڵادەستیی بۆ رەخسا وەک "زەخیرەی سەرەکیی کار و کردەوەی دەستەجەمعی" - ئەگەر چارڵس تێللی بە نموونە بێنینەوە -  لە بەرەی لایەنی ناسیۆنالیستدا؟

لە تەمووزی ١٩٣٠وە دەستە و تاقمەکەی شێخ قادر پەنایان بردە بەر توندوتیژی بۆ ئەنجامدانی دوو مەبەستی یەکتر تەواوکردوو. لە سەرێکەوە مەبەستیان بوو ناوبانگی نەیاران بزڕێنن و پێگەیان لەق بکەن وەک بەشداری ئەمان لە هەڵبژاردنەکاندا و قبووڵ کردنی پەیماننامەی بەریتانی - عێراقیی ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن دەستە و تاقمی "سەر بە بەغدا". لە سەرێکی ترەوە دەوڵەت رۆڵێکی مەترسیدار و یەکلاکەرەوەی بینی لە لایەنگیریی بلۆکی "سەر بە بەغدا" لە مەسەلەی کێبڕکێی سیاسیی ناوخۆییدا. لە ئاوها کارێکدا، دەوڵەت دەرفەت و هۆکاری رەخساند بۆ بەرەی شێخ قادر کە توندوتیژی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی جارێکیتر پێگەی خۆی رێکبخاتەوە. دەستێوەردانی دەوڵەت یان حکوومەت دیسانەوە بە مەبەستی ئەوەش بوو کە "سنووری ئیتنیکیی"٥٦ قووڵ بکاتەوە لە نێوان کوردەکاندا، بە نوێنەرایەتیی تاقمی شێخ قادر و عەرەبەکاندا کە سەربازە عێراقییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد و ئاژاوەگێڕانیان سەرکوت کرد. لایەنی ناسیۆنالیستی کوردی هێز و توانای رەشەخەڵک و توندوتیژیی بەکاردەهێنا وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ جموجووڵی سیاسی بۆ درووستکردنی هێڵی جیاکەرەوەی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی نوێ. لە رێگەی توندوتیژی و بە قوربانی کردنەوە لایەنگرانی شێخ قادر بەنیازی بنیاتنان و گەڵاڵە کردنی "گرووپی ئێمە" بوون، واتە کورد وەک نەیار و بەرهەڵستکاری "ئەوان"، واتە عەرەب، یان "دوژمن" کە لەگەڵیاندا نەتوانرێت ناکۆکیی نێوانیان بگاتە چارەسەر٥٧. لەکۆتاییدا و بە رەوشی ناکۆکی و ململانێی نێوان کورد و عەرەب، بلۆکی "میانڕەوی"٥٨ سەرۆک و سەردارانی سلێمانی دەبوو یان بچنە پاڵ "رادیکاڵەکان"٥٩ یان بە سادە و ساکاری پشتگیرییان بکەن.

بە شێوەیەکی دژوار، براوەی راستەوخۆی بزاڤە مەدەنییەکەی نێوان ساڵانی ١٩٢٩ و ١٩٣٠ شێخ قادر و شوێنکەوتووانی نەبوون بەڵکوو شێخ مەحموود بوو. دەسگیرکردنی دەسبەجێی شێخ قادر بە دوای ئاژاوە و پشێوییەکەدا دەرفەتێکی بۆ شێخ مەحموود رەخساند کە بگەڕێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەتی کوردی و خۆی وەک پاڵەوانی مافەکانی کورد لە عێراقدا پیشان بدات. بە گوێرەی قسەی شێخ مەحموود کوردەکان "قوربانیی" دەستی زوڵم و ستەمن و پەو پێیە مەحاڵە بۆیان لەگەڵ عەرەبدا پێکەوە بژین، وەک لە دەقی ئەم قسانەدا دەردەکەوێت:

"بە هۆی رووداوەکەوە کە تێیدا عەرەب مافی ئەوەی نەبوو بە تفەنگی رەشاش دەسڕێژ لە خەڵکی سلێمانی بکات، هەموو کورد لە حاڵەتی هەڵچوون و ورووژاندان. بەم پێیە بە رەهایی مەحاڵە ئەم دوو بەرەیە بتوانن دۆستانە لەگەڵ یەکتر هەڵبکەن ... هەر لە زاخۆوە هەتا پشتی خانەقین هەمووان پێکەوە بە یەک زمان و بە یەک دڵ دەیانەوێت حکوومەتێکی کوردی پێکبێنن لە ژێر سایەی ماندێتی بەریتانیادا"٦٠.

شێخ مەحموود هەوڵی زۆری دا کە خەڵکی سلێمانی بەلای خۆیدا رابکێشیت بە سوودوەرگرتن لە "شەهیدەکانی ئەیلوولی رەش" و لە نێوان ئۆکتۆبەری ١٩٣٠ و مارتی ١٩٣١دا، چەندین بەیان و جاڕنامەی بڵاوکردەوە بۆ "خەڵکی سلێمانی کە دڵیان لە سەر ئاگرە" بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی یادەوەریی ئەو رووداوانە و هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی باوەڕ بە حکوومەت نەکەن و بەتایبەتی مەلیک فەیسەڵ، "کە بکوژی راستەقینەی شەهیدەکانمانە و پێشێلکەری مافەکانی کوردە"٦١. هەروەها جێی سەرسوڕمان نیە کە شێخ مەحموود، وەک سەرۆکی رێبازێکی سۆفیگەری، هێما و گوتاری ئاینی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی رەوایی بداتە خەبات و تێکۆشانەکەی لەپێناوی "مافەکانی کورددا" و بانگەواز بۆ "پیاوانی شار"ی سلێمانی بکات شوێنی بکەون: " ئەمڕۆ، خەڵکانی چیاکان مافی ئەوەیان هەیە ... بڵێن ئەوان ئەو کەسانەن کە دەتوانن مافەکانی خەڵکی شار و هەموو کورد بەدەستبێنن .. بۆیە دەبێ شارنشینانیش پەیڕەوی نموونەی براکانی شاخیان بکەن و پێویستە شوێن رێچکە و رێبازیان بکەون تەنانەت بۆ مردنیش"٦٢.

هەروەها شێخ مەحموود نیازی وابوو ئاشوورییەکانیش قەناعەت پێبکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە هێزەکانی لێڤی٦٣ و پۆلیسدا ناونووس کرابوون کە واز لەو ئەرکانەیان بێنن و بچنە پاڵ ئەم٦٤. بەهەرحاڵ، سەرکەوتنی لەم بوارەدا سنووردار بوو و تا مانگی کانوونی دووەمی ١٩٣١، تەنها حەوت سەربازی کورد لە سوپای عێراقدا، نۆ پۆلیس (کە شەشیان کورد و سیانیان ئاشووری بوون) و چوار قوتابی چوونە پاڵی٦٥. شێخ مەحموود شکستی هێنا و نەیتوانی یاخیبوونێکی جەماوەری رێکبخات و لە بەهاری ١٩٣١دا خۆی رادەستی بەریتانییەکان کرد، چونکە زۆربەی دانیشتووانی شارەکان و هۆزەکانی ناوچەی سلێمانی نەچوونە پاڵ بزووتنەوەکەی٦٦، بێجگە لە شوێنکەوتووە هەرە دڵسۆزەکانی لە نێو سەرۆکە خێڵەکی و ئاینییەکاندا چەشنی (پشدەر، شیلانە،    غەوارە و هەمەوەند). هەرچۆنێک بێت شێخ مەحموود توانی ببێتە قارەمانێکی گەورەی میللی لە سلێمانیدا لە ناوەندی ئەفەندییە ناسیۆنالیستەکان و چینە میللییەکاندا٦٧. یادەوەریی دەستەجەمعی لە هەردوک سلێمانی و تەواوی کوردستانی عێراقدا هەر زوو ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و پەنهانەی ئەوی پشتگوێ خست کە هەیبوو لەگەڵ رژێمی کەمالی و بەریتانییەکان و سەرۆکەکانی شیعەدا لە ساڵی ١٩١٨وە و شێخ مەحموودی کردە نەک "دز و جەردە"٦٨، وەک بە زۆری ئاماژەی پێدەدرا لەلایەن حکوومەتی   عێراق و کاربەدەستە بەریتانییەکانەوە، بەڵکوو کردی بە قارەمانێکی نیشتمانی٦٩. دواجار شێخ مەحموود لەوەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گۆڕینی ئاژاوە و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوول بۆ هێما و سیمبۆڵێکی بەرگریی نیشتمانی لەبەرامبەر عەرەبەکاندا تا ساڵانی ١٩٤٠کان٧٠.

پرسیارەکە هەر بە "بۆچی" ماوتەوە، سەرباری پرۆسە تایبەتەکانی بەرادیکاڵ بوونی مەیدانی سیاسی لە سلێمانیدا، بەڵام هیچ "بەرۆتینبوونێکی" ئاژاوەگێڕی نەهاتە ئاراوە لە شاردا٧١.  تۆ لێرەدا دەتوانیت دوو گریمانەی یەکتر تەواوکردوو بخەیتەڕوو، کە لەلایەکەوە گەڕانەوەی شێخ مەحموود بۆ شانۆی سیاسی سەری کێشایەوە بۆ گواستنەوەی سەنتەری قورسایی چالاکییەکانی کورد لە شارەوە بۆ گوندەکان تا مایسی ١٩٣١ و لەلایەکی تریشەوە شکستهێنانی بزووتنەوەکەی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩٣١دا یاخیبوونە پەرت و بڵاوەکانی دژ بە حکوومەتی عێراق بێ پشتگیریی بەریتانیای مەزن ئەوەی دەرخست کە داهاتووی سیاسیی نەبوو. لەکۆتاییدا دەستەبژێری سیاسیی سلێمانی لەوە گەیشتن کەوا هێزەکانی ماندێت و لە ناویاندا ئەفسەرە بەریتانییەکانی دڵبەندی کوردی وەک سی. جەی. ئەدمۆنز دەیانویست کوردستان بچێتە سەر دەوڵەتی عێراق. بەم جۆرە تا ساڵی ١٩٣١ لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی ناوخۆوە مەیلێک هەبوو بۆ چاوەڕێ کردنی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماندێت٧٢.

درووستکردنی "باشووری کوردستان" ساڵی ١٩١٨ لە لایەن بەریتانیاوە بواری بە پێکهێنانەوەی رابەر یان پیاوماقووڵی مەدەنی دا لە سلێمانیدا و پەرەسەندنی لە سەرخۆی گوتاری ناسیۆنالیستی لەناو دانیشتوواندا لە پاش ئەو پشێوی و تێکچوونی بارودۆخەی بە هۆی جەنگ و رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە هاتە ئاراوە٧٣. ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان رۆڵیان گێڕا لە پرۆسەی درووستکردنی ناسنامەی لۆکاڵیدا بە دیاریکردنی ئەو مەیدانەی کە دەستە و تاقمە سیاسییە جیاوازەکانی (سەر بە ئۆتۆنۆمی و سەر بە بەغدای) تێدا کەوتبوونە کێبەرکێوە و ئەو دەستەبەندییانەی کەوا گرووپەکانیان ریزبەندی دەکرد وەک (کورد و عەرەب) و هەروەها بە دیاریکردنی سەرکردە دانپێدانراوەکان لەناو دانیشتووانی سلێمانیدا.

دەستێوەردانی کاربەدەستانی بەریتانی و حکوومەتی عێراق بوو بە هۆی ناکۆکی و ململانێی نێوان سەرکردەکانی هەردوو بلۆکەکەی سەر بە کورد و سەر بە عەرەب، کە شەڕیان بوو لە سەر سەرچاوە سیاسییە سیمبۆڵییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و هەرێمیدا. بەم مانایە، بەرادیکاڵ کردنی جموجووڵە سیاسییەکان کەوا سەریکێشایەوە بۆ ئاژاوە و پشێوییەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ دەبێ مایەی تێگەیشتن بێت لەڕووی هەردوک کاردانەوەی گرووپی ناسیۆنالیستیی کوردەوە بۆ مافە دانپێدانەنراوەکانی کورد لە پەیماننامەکەی ساڵی ١٩٣٠ ئەنگلۆ - عێراقیدا و بۆ ئەو بەرەنگارییەی لەلایەن هەواخوا ناوخۆکانی حکوومەتی عێراقەوە کە لە سلێمانیدا هاتبووە ئاراوە.

ئەو رۆڵەی شێخ مەحموود لەئەستۆی گرتبوو لە قۆناخی هەڵچوونی ناوچە دێهاتییەکانی کوردستانی دوای هەرا و ئاژاوەکەدا و بەتایبەتی لە ماوەی نێوان   ١٩٣٠ و ١٩٣١دا بوو بە هۆی پەراوێز کەوتنی توخمە ناسیۆنالیستییە چالاکەکانی سەر بە شارەکان لە تێکۆشانی سیاسیدا و ئەمەش بوو بە مۆرکی سەرەولێژبوونەوە و لاوازبوونی بزاڤ و جموجووڵی شارستانی لە سلێمانیدا تا جەنگی جیهانیی دووەم.

 

تێبینی

جۆردی تێجێڵ گۆرگاس بە سوپاسەوە پێزانینی خۆی رادەگەیەنێت بەو هاوکاری و کۆمەکەی لەلایەن دامەزراوەی زانستی نیشتمانیی سویسرییەوەSwiss National Science Foundation دەستەبەر کرا بۆ پاڵپشتی لێکۆڵینەوەکەی لە ئۆفیسی تۆماری گشتی Public Record Office و خوێندنگەی لێکۆڵینەوە رۆژهەڵاتناسی و ئەفریقییەکان (لە لەندەن). سوپاسی تایبەت بۆ خاتوو دکتۆر نێلیدا فوککارۆ لە SOAS بۆ سەرپەرشتی کردنی کارەکە و دکتۆر کامەران ئەحمەد مەنتیک لە زانکۆی هەولێر بۆ پێدانی لە هۆنراوەی کوردیی پەیوەندیدار بە رووداوەکانی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠وە.

 

پەراوێز:

١ -  لەبارەی شێخەکانی قادری لە کوردستانی عێراقدا بڕوانە:

مارتن ڤان برونەسن، " مەلا و سۆفی و بێدینەکان: رۆڵی ئاین لە کۆمەڵگەی کوردیدا"،

Mullas, Sufis and Heretics: The Role of Religion in Kurdish Society

 (ئەستەمبووڵ: چاپی ئایزیس ، ٢٠٠٠)، ل ٢١٣   

٢ -  بۆ شیکردنەوەی رەوشی ماندێت لە عێراقدا بڕوانە ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:

پ. سڵاگلێت، "هەندێک کاردانەوە لەبارەی رەوشی ئامادەگیی بەریتانیا لە عێراقدا و ئامادەگیی فەرەنسا لەسووریادا

P. Sluglett, “The Mandates: Some Reflections on the Nature of the British Presence in Iraq, 1914 -   1932, and the French Presence in Syria, 1918 - 1946)",

لە کتێبەکەی پ. سڵاگلێت و ن. مۆچی، "هەردوو ماندێتی بەریتانیا و فەرەنسا لە روانگەی بەراوردکارییەوە

 The British and French Mandates in Comparative Perspectives "، (لەیدن و بۆستن: بریڵ، ٢٠٠٣)،   ل ١٠٣ - ١٢٧ و ٣٦١ - ٣٨٤؛ پ. سڵاگلێت ، "بەریتانیا لە عێراقدا: مەلیک و وڵاتێکی ساختە Contriving King and Country "، (لەندەن: ئای. بی. تۆریس، ٢٠٠٧).

٣ -  لە ساڵی ١٩٢٥دا دانیشتووانی سلێمانی نزیکەی ١٠ هەزار کەس بووە، کە ٩ هەزاریان کوردی موسڵمان، ٧٥٠ جوولەکە و ١٢٩ ئاشووری بوون. بڕوانە: ئەدمۆنز، "کورد و تورک و عەرەب ...

C. J. Edmonds, Kurds, Turks and Arabs" (London: Oxford University Press, 1957), p. 80.

٤ - ئەو تووتنەی کە لە ناوچەی رەواندز دەچێنرا گەورەترین بەروبوومی هەناردە بوو لە سلێمانییەوە، بەڵام دیسان شارەکە خاڵێکی دابەشکردن بۆ کاڵا هاوردەکانی ئەوروپا کە لە بەغدا و مووسڵەوە دەهات و پاشان دەگەیشتە ئەودوای ناوچە کوردییەکان، هەروەها شوێنێکی کۆکردنەوە بوو بۆ هەناردە کردنی کەتیرە یان گەون و خوری و بەرهەمی تری وڵاتەکە، بڕوانە: ئی. بی. سۆن "راپۆرت لە سەر هەرێمی سلێمانی لە کوردستان"،        

      E. B. Soane, “Report on the Sulaimaniya District of Kurdistan”, Edmonds Papers, Box  6 / 1, p. 97.

٥ - جەمال بەگ سەرەڕای تێکەڵبوونی بە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کەردەوە، وەک وەزیری دادی عێراق خزمەتی کرووە لە ساڵانی ١٩٣٠ - ١٩٣٢ و ١٩٣٣ - ١٩٣٤.    

٦ - چەند نەوەیەکی هەندێک بنەماڵەی پەیوەندیدار بە میرەکانی بابانەوە رۆڵێکی ناوخۆیی بەرچاویان بینیوە لە ماوەی ماندێتی بەریتانیدا وەک عادیلە خانمی هەڵەبجە (کە سەرۆک هۆزی جاف بوو)، هەروەها محەمەد ساڵح بەگ کە نوێنەری سلێمانی بوو لە پەرلەمانی عێراقدا. (ئەم دوو کەسایەتییە ناچنەوە سەر بنەماڵەی بابان و دیارە نووسەر لێی تێکچووە - و).

٧ - یەکەم سکرتێری پێشتری کۆمیسارێتی باڵای تورکی بوو لە قاهیرە و پاشانیش حاکمی گشتیی حیجاز بوو 

٨ - بنەماڵەی بەرزنجی و سوڵتان عەبدولحەمید (کە ٣٤ ساڵ حوکمی کرد ١٨٧٦ - ١٩٠٩) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکتر درووستکردبوو. کاک ئە‌حمەدی باپیرە گەورەی شێخ مەحموود ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردبوو وەک خاوەن کەراماتێک کە موعجیزە دەنوێنێ و عەبدولحەمید دڵبەندی بووبوو. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەم پەیوەندییانە زۆر تۆکمە و بەهێز بوون پاش ئەوەی سوڵتان و شێخ سەعید جۆرێک لە هاوپەیمانییان بەست کە ئەمی دواییان پابەند بوو بە پارێزگاری و بەرگری کردن لە بەرژەوەندییەکانی سوڵتان لە ناوچەکەدا لە بەرانبەر مڵکداریی زەویوزار و سەربەستییەکی تەواو لە هەڵسوکەوتدا. هەڵبەت لە ترسی کاربەدەستانی عوسمانی و تەنانەت ئەفسەرە سەربازییەکاندا، شێخ سەعید و شێخ مەحموود بەم پەیوەندییە دەیانتوانی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆیان بە سەر سلێمانی و دەوروبەریدا بسەپێنن.

٩ - ئەرنۆڵد تاڵبۆت ویڵسن،" دڵسۆزی و میزۆپۆتامیا، ١٩١٧ -  ١٩٢٠  Loyalties. Mesopotamia "(لەندەن: چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد ، ١٩٣٦)، ل ١٢٨.                                                                                

١٠ - حەننا بەتاتو، "چینە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان لە عێراقدا: لێکۆڵینەوەیەکە لە سەر خاکی دێرینی عێراق و چینی بازرگانان لەگەڵ کۆمۆنیستەکان، بەعسییەکان و ئەفسەرانی ئازاد The Old Social Classes and Revolutionary Movements of Iraq: A Study of Iraq’s Old Landed and Commercial Classes and its Communists, Ba’thists and Free Officers".   (پرینستۆن، نیوجێرسی: چاپی زانکۆی پرینستۆن، ١٩٧٨)، ل ٩٤ - ٩٦.                                                           

١١ -  تی. دۆج، "درووستکردنی ساختەی عێراق: شکستهێنان لە دروستکردنی وڵات و نەتەوە و نکووڵی کردن لە مێژوویەک Inventing Iraq: The Failure of Nation Building and a History Denied ، (نیویۆرک: چاپی زانکۆی کۆڵۆمبیا، ٢٠٠٣).

١٢ - س. فرایتاگ،  "رێوڕەسمی ئاینی و ئاژاوە و پشێوی: لە پێناسەی کۆمەڵگەوە بۆ بەکۆمەڵگە کردن لە باکووری هندستاندا Religious Rites and Riots: From Community Identity to Communalism in North India, 1870 - 1940"، (بێرکەلەی: زانکۆی کالیفۆرنیا، ١٩٨٠)، ل ٤٢ - ٥٠

١٣ - لە مێجەر ئی. بی. سۆنەوە، ئۆفیسی سیاسی (سلیمانی)، بۆ ئێن. بی. فوڵەر، جێگری کۆمیسیاری مەدەنی (بەغدا)، ١ی کانوونی دووەم ١٩٢٠. FO 371 / 5068 / E3297.

١٤ - پەیماننامەی سیڤەر (١٠ی ئابی ١٩٢٠)، لە نێوان حکوومەتی ئیستانبوڵ و هاوپەیماناندا بەسترا، بە روونی درووستکردنی کوردستانی سەربەخۆی رەخساندووە. بەڵام سەرکەوتنی مستەفا کەمال لە ساڵی ١٩٢٢ داکێشە و ناکۆکی کەوتە مەسەلەی پەیماننامەکەوە. پەیماننامەی لۆزان (٢٤ی تەمووزی ١٩٢٤) بە شێوەیەکی زیمنی ئەوەی سێڤرەی هەڵوەشاندەوە بە زەمینە خۆشکردنی دابەشبوونی ناوچە کۆنە کوردییەکانی عوسمانی لە نێوان تورکیا و عێراقدا. چارەنووسی ویلایەتە  کۆنەکەی مووسڵیش بە هەڵپەسێردراوی مایەوە تا ئەو کاتەی کۆمەڵەی گەلان بڕیارەکەی دیسەمبەری ١٩٢٥ لە بەرژەوەندیی یەکگرتنی ئەم ویلایەتە لەگەڵ عێراقدا دەردەکات.                                                                      ١٥ -  ئۆفیسی سیاسی سلێمانی بۆ ئۆفیسی سیاسی بەغدا، ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩١٨،    Air 20 / 512.

١٦- تێرم یان نازناوی ئەفەندی لە سەرەتادا لە لایەن خەڵکی میسر و شامەوە بەکارهاتووە بۆ وەسفکردنی ئەو کەسانەی خوێندنی مۆدێرنی رۆژئاواییان تەواوکردووە، لە هەر ئاستێکدا بووبێت. ئەم تێرمانە لە لایەن کاربەدەستانی بەریتانییەوە بەکاردەهاتن. وەسفەکە چین و توێژێکی بەربڵاوی دەگرتەوە، هەر لە خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆوە تا دەگەیشتە مامۆستا و پارێزەر و رۆژنامەنووس و کاربەدەستی حکوومەت و گەلێکی تریش.

M. Eppel, “The Elite, the Effendiyya, and the Growth of Nationalism and Pan – Arabism in Hashemite Iraq, 1921 - 58”, International Journal of Middle East Studies, Vol. 30, No. 2 (1998), pp. 227 - 50.

م. ئەپەڵ، "دەستەبژێر و ئەفەندییەکان و گەشەکردنی ناسیۆنالیزم و پان - عەرەبیزم لە عێراقی هاشمیدا،      ١٩٢١- ١٩٥٨".

١٧ - دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ دەستەی ئەرکانی هەواڵگریی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا)، ٣٠ حوزێرانی ١٩٢٧324 . AIR 23 /

١٨ -  ئەو ئاڵایەی لە ساڵی ١٩١٩ دا دیزاین کرا بریتی بوو لە رەنگی سەوز و بازنەیەکی سوور و نیوە مانگێکی سپی لە ناو بازنەکەدا.

١٩ - چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرەیدوون رەفیق حیلمی (١٨٩٨ - ١٩٦٠)، بەڕێوەبەری قوتابخانە و   هاوکار و پشتیوانی نزیکی شێخ مەحموود. لەندەن، نۆڤەمبەری ٢٠٠٦.

20. S. H. Longrigg, “Iraq, 1900 to 1950. A Political, Social and Economic History” (Oxford: Oxford University Press, 1953), p. 104.

ئێس. ئێج. لۆنگریگ، "عێراق لە ١٩٠٠ تا ١٩٥٠، مێژوویەکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابووری"...

٢٠ - مەبەست محەمەد نووری یە (کە رۆژی کوردستانی دەرکردووە و کوڕی بازرگانێکی تووتنە)، عارف سائیب (سکرتێری دووەمی دادگای باڵای شاهانە)، رەفیق حیلمی (بەڕێوەبەری قوتابخانە)، عەلی کەمال (پێشتر لە شارەوانیی سلێمانی کارمەند بووە) و شێخ نووری بابەعەلی.

٢١ - بڕوانە سی. جەی. ئەدمۆنز "رۆژی کوردستان: رۆژنامەیەکی کوردی A Kurdish Newspaper: Rozh - I - Kurdistan "، کۆمەڵەی جۆرناڵی ئاسیای ناوەڕاست، بەرگی ١٢ ، ژمارە ١ (١٩٢٥)،         ل ٨٣ - ٩٠.

٢٢ - بڕوانە ئێج. ئوێزۆغڵوو، "ناودارانی کورد و دەوڵەتی عوسمانی، پەرەسەندنی ناسنامە و کێبڕکێی دڵسۆزی و گۆڕانکاریی سنوورەکان

 Kurdish Notables and the Ottoman State. Evolving Identities, Competing Loyalties and Shifting Boundaries " ، (ئەلبانی: ویلایەتی نیویۆرک: سەنی، ٢٠٠٤)

٢٣ -  چاوپێکەوتن لەگەڵ دلێر بەرزنجیی کوڕەزای شێخ محەمەد غەریب (کە ساڵی ١٩٢٢ وەزیری ناوخۆ بووە).   لۆڕاچ، ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ .                                                                            ٢٤ -  شێخ مەحموود هەرچەندە کشایەوە بۆ سنووری عێراق - ئێران بەڵام پەیوەندیی لە گەڵ شاردا نەبچڕا، بەشێوەیەکی سەرەکی بە هۆی ئامادەگی و هاوکاریی تۆڕێک لە سەرۆک هۆزەکان   بازرگانان و خەڵکانی دڵسۆز بە شێخ. ئەم تۆڕە وایکردبوو کە شێخ ئاگاداری پەرەسەندنی رووداوەکان بێت و لە رێگەشیەوە پرۆپاگەندەی خۆی لە سلێمانی و دەوروبەریدا بڵاوبکاتەوە، کە بە زۆری لە شێوەی واتەواتدا تەشەنەی دەکرد، بڕوانە:                                                            

 بۆ شیکردنەوەی تێوەگلان و بەشداریی سەرۆک هۆزەکان لە بەرپابوونی ناڕەزایی سیاسی لە عێراقدا بڕوانە ئەی. ڤینۆگرادۆڤ، "چاوگێڕانەوە بە یاخیبوونی ساڵی ١٩٢٠ لە عێراقدا: رۆڵی هۆزەکان لە سیاسەتی نەتەوەیی/ نیشتمانیدا  The 1920 Revolt in Iraq Reconsidered: The Role of Tribes in National Politics"،

گۆڤاری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرگی ٢، ژمارە ٣ (١٩٧٢)، ل ١٢٣ - ١٣٩.

٢٥ - لە کۆمیسیاری باڵاوە (بەغدا) بۆ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری کۆڵۆنییەکان (لەندەن)، ١٣ی.   مارتی ١٩٣١.   FO 371 / 15311 / E 125  

٢٦ - لە ساڵی ١٩٢٦ دا، ئەندامانی کۆمەڵەکە ئەمانە بوون: رەفیق حیلمی (بەڕێوەبەری قوتابخانە)، رەمزی ئەفەندی (بازرگان)، فایەق بەگی بابان (مڵکدار)، جەمال بەگی بابان (داوەر)، ئەحمەد تۆفیق بەگ (موتەسەڕیفی سلێمانی)، شێخ مستەفا قەرەداخی (قازیی سلێمانی)، ئەحمەد بەگ و عیزەت بەگ (کوڕانی عادیلە خانمی کۆنفیدراسیۆنی جاف، کە یەکەمیان پارێزەر بوو لە هەڵەبجە دووەمیشیان پێشتر لە ساڵی ١٩١٩ دا قایمقام بووە لە سلێمانیدا)، تاهیر ئەمین ئەفەندی (سکرتێرێکی ئەوسای شێخ مەحموود بووە)، حاجی فەرەج (بازرگان)، عەبدوڕەحمان ئاغا (پێشتر مودیری ناحیەی تانجەرۆ بووە)، حاجی برایم ئاغا (بازرگان)، مستەفا پاشا (پێشتر وەزیری پەروەردە و فێرکردن بووە لە حکوومەتەکەی شێخ مەحموودا و تۆفیق قەزاز (بازرگان).

لە ئەفسەری خزمەتگوزاریی تایبەتەوە (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە،                  ٢٠ی تەمووزی١٩٢٦.  AIR 23 / 323.

٢٧ -  لە هیگینسەوە (بارەگای هێزی ئاسمانیی شاهانە، بەغدا) بۆ وەزیری هێزی ئاسمانی (لەندەن)،٣٠ مارتی١٩٢٧ ، FO 371 /12255/E 1945

٢٨ -  دی. ماکدواڵ، "مێژووی نوێی کورد"، (لەندەن: ئای. بی. تۆریس)، ل ١٧٥.                                                                       

٢٩ -  لە هیگینسەوە (بارەگای هێزی ئاسمانی، بەغدا) بۆ وەزیری هێزی ئاسمانی (لەندەن)،           ٣٠ مارتی ١٩٢٧،       FO 371 / 12255 / E 1945                                                                                     

٣٠ - تۆفیق وەهبی، کە لە ئیستانبوڵ خوێندوویەتی و مەشق و راهێنانی کردووە، بوو بە کاپتن لە سوپای عوسمانیدا. لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، بوو بە یاریدەدەری شێخ مەحموود و لە دوای شکستی شێخ مەحموود لە ساڵی ١٩١٩دا، چووە سوپای عێراقەوە. ساڵی ١٩٣٠ کرا بە موتەسەڕیفی سلێمانی بە عوکمی دۆستایەتیی لەگەڵ مێجەر ئەدمۆنز، کە پێشتر ئەفسەر یان حاکمی سیاسیی سلێمانی بوو، پاشانیش بوو بە شارەزا لە کاروباری کورددا.

٣١ - پ. سڵاگلێت، "بەریتانیا لە عێراقدا"، ل ١٢٩.

٣٢ - لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا)، ١٨ی ئابی ١٩٣٠. AIR 23 / 417.

٣٣ - ئەندامانی ئەم بلۆکە ئەمانە بوون: مستەفا پاشا، حاجی مەلا محێدین، شێخ محەمەد غەریب، سەید نوری نەقیب، سەید عەبدوڵا، شیخ جەلال، سەید ئیبراهیم، عەبدوڵا ئاغا، مەجید رەسوڵ، سەید محەمەد موفتی،شێخ موفتی. دەکرێت ئەوە ببینیت کەوا سێکتەرە نەریتییەکان (شێخەکان و ئاغاکان) چونکە بەرهەڵستیی لایەنی ناسیۆنالیستیی کوردییان دەکرد، باڵادەست بوون بەسەر بلۆکی "سەر بە بەغدا. لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆهەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانی (بەغدا)، ١٦ی شوباتی ١٩٣١.                                                                                                

 ٣٤ - یەکەم هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە ناوداران بوو (لە سلێمانی بە شێوەیەکی ئاسایی ٣٠ کەس دەبوون)، کە نوێنەرایەتی گەڕەکەکانیان دەکرد. ئەمانە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی شارەوانی (رەیس بەلەدیە)  کۆبوونەوە و کۆمیتەیەکی پشکنینیان هەڵبژارد بۆ سەرپەرشتی کردنی هەڵبژاردنەکان. هەنگاوی دواتر کۆکردنەوەی لیستە سەرەتاییەکانی دەنگدەران بوو لە هەر گەڕەکێک کە دەکەوتە ژێر سەرپەرشتیی ئەم کۆمیتەیە و پاشان لیستی دەنگدەرانی قۆناخی دووەم کۆدەکرایەوە و دواجاریش دەکرا هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن.                                              

٣٥ - لیستی ئەو کار و کردەوانەیە کە لە لایەن چارڵس تیلی یەوە پێناسە دەکرێت بەو مۆدێلەی کە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی تێدا تۆمارکراوەوە و گرێدراوی ستراتیجییەکانی دەسەڵاتە و بەم پێیە یەک لە هۆکارە سنووردارەکان کردەییتر و سەرنجڕاکێشتر و بەردەوامترە لە گەلێک لەو هۆکارانەی تر کە دەتوانێت خزمەتی هەمان شت بکات.

C. Tilly, "Les origines du re´pertoire de l’action collective contemporaine en France et en Grande -  Bretagne", Vingtie`me Sie`cle, No. 4 (1984), pp. 89 - 108   .

تیللی، ساڵانی دواتر،  بە دەستبەرداربوون لە خاسییەتی کارکردنی کەڵەکەبوونی ئەزموون، وایدادەنێت کەوا هەموو رۆتینێک لە ناو ئەزموونە بنیاتنراوەکەدا لەڕاستیدا بریتییە لە کارلێککردنی نێوان دوو لایەن یان زیاتر.

  ئەزموونەکە (ریپێرتەر) دەگەڕێتەوە بۆ شکڵبەندیی بکەرەکان لە ململانێکان و بکەرەکان لێکتر دانابڕێت.

سی. تیللی، "رێپێرتەرە ئاژاوەگێڕەکان لە بەریتانیای مەزندا، ١٧٥٨ - ١٩٣٤

Contentious Repertoires in Great Britain Contentious Repertoires in Great Britain"، لە کتێبی م. تراوگۆت، "رێپێرتەر و بازنەکانی کار و کردەوەی بەکۆمەڵ"، (دورهام، کارۆلاینای باکوور و لەندەن: چاپی زانکۆی دیوک، ١٩٩٥)، ل ٣٠.

 36. Police Abstract of Intelligence, No. 29, 19 July 1930, AIR 23 / 417.

٣٦ - کورتەی هەواڵگریی پۆلیس Police Abstract of Intelligence، ژمارە ٢٩، ١٩ی تەمووزی ١٩٣٠،    AIR 23 / 417 .                                                    

٣٧ - دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)،١٢ی ئابی١٩٣٠.

  CO 730/ 157 /5                                                

٣٨ - فەرمانگەی پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنوالیسی راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠ .                       

٣٩ -  دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ١٢ی ئابی ١٩٣٠ .  6  / 157 /   CO 730                                   

٤٠ -  هەمان سەرچاوە.

٤١ - مێجەر ئی. بی. سۆن، فەرمانگەی حاکمی سیاسی (سلێمانی)، بۆ ئێن. بی. فوڵەری جێگری   کۆمیسیاری  مەدەنی (بەغدا)، ١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠،     FO 371 / 5068 / E 3297.       

٤٢ -  دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت، ١٢ ی ئابی ١٩٣٠،  5  /157/ CO 730

سەربەستی کوڕی تۆفیق قەزاز ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە باوکی دەربارەی ستراتیجییە سیاسییەکانی غاندی بۆ دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی هندستان گەلێ سەرچاوەی خوێندووەتەوە. بێجگە لەوەش رۆژنامەی "ژیان"ی ناوخۆیی هەواڵی رووداوە سیاسییەکانی هندستانی لە دەڤەری سلێمانیدا بڵاودەکردەوە. چاوپێکەوتنی نووسەر لەگەڵ سەربەست قەزاز، ئۆکتۆبەری ٢٠٠٧

٤٣ -  لە وەزارەتی ناوخۆوە (بەغدا) بۆ پشکنەری گشتی (سلێمانی)، ١٩ی ئابی ١٩٣٠.

5. 157/ CO 730                           

٤٤ -  دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ٢٠ی تەمووزی  ١٩٣٠             .

٤٥ - لە نێو ئەو شاعیرانەدا کە لە ژێر کاریگەری و ئیلهامبەخشیی ئەم رووداوانەدا بوون، پیرەمێرد             (١٨٦٣ - ١٩٥٠)، فایەق بێکەس (١٩٠٥ - ١٩٤٨) شێخ سەلام عازەبانی (١٨٩٢ - ١٩٥٩) دیار و بەرچاو بوون.

٤٦ - محەمەد رەسوڵ هاوار، "شێخ مەحموود قارەمانی حکوومەتی کوردستان باشوور" (بە زمانی کوردی)، بەرگی دووەم (لەندەن: جاف پرێس، ١٩٩١).

٤٧ - سی. تیللی، "سیاسەتی توندوتیژیی بەکۆمەڵ The Politics of Collective Violence". (کامبریج: چاپی زانکۆی کامبریج، ٢٠٠٣)، ل ١٨.

٤٨ - لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠.                    CO 730 / 157 / 6 CO 730 / 157 / 6                           

  ٤٩ -  زیانە مادییەکان شکاندنی ١٥٣ پەنجەرەی تەلاری سەرا و ١٧ چرای سەر شەقامەکانیش شکاون.

٥٠ -  هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٥١ -  هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٥٢ -  دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) ، ٧ی ئەیلوولی ١٩٣٠.   229  /    AIR 23

٥٣ - شێخ قادر، تۆفیق قەزاز، رەمزی فەتاح ئەفەندی، عەزمی بەگ و فایەق بەگی بابان، عەلی عیرفان، حەمەی ئەوڕەحمان ئاغا، عیزەت بەگ، محەمەد ساڵح بەگ، شێخ محەمەد گوڵانی و ماجید ئەفەندی کانی ئاسکان. لە ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٣٠دا بڕیاری بەردانی زۆربەی ناودار و پیاوماقووڵانی سلێمانی درا بێجگە لە شێخ قادر کە بڕیاری نیشتەجێبوونی ناچاری بۆ دەرکرا لە شاری ناسرییە و هەروەها رەمزی فەتاح ئەفەندی و تۆفیق قەزاز دران بە دادگا.

٥٤ - لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (بەغدا) ، ١٤ی ئەیلوولی ١٩٣٠،  418 /  AIR 23. 

٥٥ - لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)،  ١١ی ئەیلوولی ١٩٣٠.  157 / 6 / CO 730.

٥٦ - ف. بارث، "گرووپە ئێتنیکییەکان و سنووریان، رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و جیاوازییە کولتوورییەکان Ethnic Groups and Boundaries. The Social Organization of Culture Differences"،       (ئۆسلۆ: زانکۆی فۆرلاجێت، ١٩٦٩).

57. C. Schmitt, "La Notion du politique. The´orie du partisan"  .(Paris: Calmann – Le´vy, 1972), p. 67.

٥٨ - عەزمی بەگی بابان، فایەق بەگی بابان، عیزەت بەگی وەسمان پاشای جاف، محەمەد ساڵح بەگ، ماجید مستەفا ئەفەندیی کانی ئاسکان و شێخ محەمەد گوڵانی.                                                                                

٥٩ -  شێخ قادر، حەمە ئاغای ئەوڕەحمان ئاغا، تۆفیق قەزاز و رەمزی فەتاح ئەفەندی.                                       

٦٠ - لە دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی) بۆ هەواڵگریی ئەرکانی هێزی ئاسمانیی شاهانە (هنێدی)، ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٠.   230 / AIR 23.

٦١ -  راپۆرتی سلێمانی، ٢٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٠.  418  / AIR 23 .

٦٢ -  دەزگای خزماتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ١ی مارتی ١٩٣١ . 233 / AIR 23 .                     

٦٣ - ئەم هێزە ناڕێکوپێكە، کە بریتی بوو لە نزیکەی دوو هەزار ئاشووری، ملکەچی فەرماندەیی بەریتانی بوو نەک حکوومەتی عێراق. لێڤییەکان رۆڵێکی گرنگیان بینی لە شاڵاوی بەریتانییەکاندا دژ بە یاخیبووە کوردەکان.        

٦٤ -  لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ٦ی نۆڤەمبەری ١٩٣١. AIR 23 / 231 .

٦٥ - لە ئی. سی. ئێج. ئەڵبان، پشکنەری ئیداری (سلێمانی) بۆ ک. کۆرنواڵیس، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ (بەغدا)، ٣ی کانوونی دووەمی ١٩٣١.    AIR 23 / 232.

٦٦ -  رۆڵی نەرێنیی خەڵکی سلێمانیی خۆی لە لایەن شێخ مەحموودەوە رەخنە کراوە لە رۆژنامەکەی شێخ خۆیدا (بانگی شاخ )، (پێدەچێت رۆژنامەی بانگی حەق بووبێت کەوا شێخ لە ئەشکەوتی جاسەنەی لای سوورداش دەریدەکرد)، کە تێیدا ئیشارەتی بەوە کردووە کەوا خەڵکی شاری سلێمانی هەموویان "سەر بە عەرەب" بوون و گوێیان بە خەڵکی شاخەکان نەدەدا، کە شێخ  مەحموود و شوێنکەوتووانی بوون. دەزگای خزمەتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ١٥ی مایسی ١٩٣١، .AIR 23 / 234           

٦٧ - دەزگای خزماتگوزاریی تایبەت (سلێمانی)، ٩ی شوباتی ١٩٣١.  233 / AIR 23 .       

٦٨ -  سەبارەت بە رەخنەگرتن لە مەسەلەی 'دز و جەردە'  کە لە لایەن بریکارەکانی حکوومەت و زانا و لێکۆڵەرە   کۆمەڵایەتییەکان و یادەوەریی میللییەوە بەکاردەهات بڕوانە:                                                             

ک. بارکی،  ”جەردە و بیروکراتەکان، رێچکە و رێبازی عوسمانییەکان بۆ بەسێنتراڵ کردنی دەوڵەت

 Bandits and Bureaucrats. The Ottoman Route to State Centralization”. (Ithaca, NY and London: Cornell University Press, 1994), pp.  179 - 88.     

٦٩ - سەلماندنی ئەوەی کە شێخ مەحموود سەرکردەیەکی پوختی ناسیۆنالیستە ستراتیجی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییە مۆدێرنەکانی  کوردستانی عێراق نیە. لە پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ و دوو ساڵ دوای مەرگی شێخ جەماوەری خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکانی سلێمانی لە پشتیوانیی کۆماردا بە بەرزی "وینە و پۆرترێتی شێخ مەحموودی نەمر و سەرکردە ناودارەکانی تری کوردیان هەڵکردبوو" وەک مستەفا سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان. بروانە: ئیدمۆندس 28 / 1 Edmonds, Box.                                    

٧٠ -   لە پشکنەری ئیدارییەوە (کەرکووک) بۆ خاوەن پایە باڵوێزی بەریتانیا (بەغدا)، ٢٤ی تەمووزی ١٩٤١.   FO 624 / 63

 ٧١ - ئەم دەربڕینە لە پ. ئە. گۆسمان وەرگیراوە ، "ئاژاوە و پشێوی بنیاتنانی ناسنامەی کۆمەڵگە لە ناو موسڵمانانی بەنگالدا، ١٩٠٥-  ١٩٤٧ Riots and the Construction of Communal Identity Among Bengali Muslims ". (بۆڵدەر، کۆلۆرادۆ: چاپی وێستڤیو). ١٩٩٩، ل ١٦٥.            

٧٢ - بۆ نموونە ئەم  راوبۆچوونە هی تۆفیق وەهبییە، کە لە گفتوگۆیەکیدا لە گەڵ سی. جەی. ئەدمۆنز باسی لەوە کردووە کە ئایدیای ئۆتۆنۆمی لەڕاستیدا لە مێشکی هەموو کەسێکدا بوو لە سلێمانی ئەوەیە کە "ئێستا خەڵک کپ و بێدەنگە، بە سادە و ساکاری لەبەر ئەوەیە وا هەست دەکەن کە بەختیان نەیهێنا". یاداشتی ئەدمۆنز، پەرەگرافی ٦٠٢، ٢١ی نۆڤەمبەری ١٩٣١.

  )  1 -  3/ .(Edmonds Papers, Box 2      

  ٧٣ - لەڕاستیدا وەک کاپتن ئەلبانی راپۆرتی لە سەر بەرزکردووەتەوە، هەموو قوربانییەکانی  هەرا و ئاژاوەکەی ٦ی ئەیلوولی ١٩٣٠ لە خەڵکی سەر بە چینەکانی خوارەوە بوون. بەهەرحاڵ، لە نەبوونی بەڵگەدا، قورسە پێ لە سەر ئەوە دابگریت کەوا رەشەخەڵکە "ئایەخ و لاوەکییەکە" هاوبەشی هەمان بیر و بۆچوونی دەستەبژێرە ناسیۆنالیستەکە بووبێتن. دەکرێت لێکۆڵینەوە و شیکاریی زیاتری مەسەلەکە ئەوە روونبکاتەوە کە بە تەواوی "ئەجێندای" رەشەخەڵکەکە لە سلێمانیدا چی بووبێت لەوکاتەدا.

 

سەرچاوە:

 گۆڤاری توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بەرگی ٤٤، ژمارە ٤، تەمووزی ٢٠٠٨، لاپەڕە ٥٣٧ - ٥٥٢

Middle Eastern Studies, Vol. 44, No. 4 , July 2008

P. 537 - 552

Urban Mobilization in Iraqi Kurdistan during the British Mandate: Sulaimaniya         1918 - 1930

 

Jordi Tejel Gorgas

جۆردی تێجێڵ گۆرگاس  Jordi Tejel Gorgas 

لەدایکبووی ساڵی ١٩٧١ و لە ئێستادا پرۆفیسۆری مێژووی نێودەوڵەتییە لە ئینستیتیوتی گراجوەیت بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی نێودەوڵەتی Graduate Institute of International and Development Studies لە شاری جنێڤی سویسرا و پێشتر هاوکاری توێژینەوە بووە لە خوێندنگەی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵات و ئەفریقا و خوێندنگەی توێژینەوەی پێشکەوتووی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە پاریس. هەروەها لە زانکۆی فرایبورگ لە سویسرا موحازیر بووە. هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە خوێندنگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس و زانکۆی فرایبورگ لە سویسرا. خاوەنی چەند کتێبێکی مێژووییە و لەوانە، کتێبێکی لەبارەی عێراق و مێژووی کوردەوە بە فەرەنسی (٢٠٠٦)، لەبارەی ناسیۆنالیزمی کوردەوە لە سووریا لە سەردەمی ماندێتی فەرەنسادا (١٩٢٥ - ١٩٤٦) دیسان بە فەرەنسی. کتێبی سێهەمی کوردەکانی سووریا: مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵگە (٢٠٠٩)، کتێبی چوارەمی، مێژووی عێراق: ئالینگارییە مێژوویی و سیاسییەکان، بە هاوکاری لەگەڵ پێتەر سڵاگلێت، ریکاردۆ بۆکۆ، حەمید بۆزئەرسەلان (٢٠١٢).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×