كۆمپانیایەكی دیكەی نەوت پابەندبونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق راگەیاند
  2022-06-29       813       

بەپێی راپۆرتێكی پێگەی "عێراق ئۆیڵ ریپۆرت" كۆمپانیایەكی نەوتی دیكەی ئەمریكی پابەندبونی خۆی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگەیاند كە دژبە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان دەریكردوە.

ئاوێنە: پێگەی "عێراق ئۆیڵ ریپۆرت" لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە كە گەورە كۆمپانیای نەوتی ئەمریكی "هاڵیبێرتۆن"، وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگاداكردۆتەوە كە پابەند دەبێت بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقەوە كە بڕیارەكە بنەما یاساییەكانی كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەپێی ئەو پێگەیە، كۆمپانیا ئەمریكییەكە لە نامەیەكدا كە دوێنێ ئاڕاستەی وەزیری نەوتی عێراقی كردوە، رایگەیاندوە، بەبێ رەزامەندی بەغدا خۆیان بەدوردەگرن لە ئیمزاكردنی گرێبەستی نوێ یاخود بەشدارییكردن لەو تەندەرانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەن.

بەپێی راپۆرتەكەی پێگەی "عێراق ئۆیڵ ریپۆرت"، بەوەش كۆمپانیای نەوتی هاڵیبێرتۆن چۆتە ریزی هەردو كۆمپانیای نەوتی ئەمریكی "شڵومبێرگەر" و "بەیكەر هیوز" كە پێشتر پابەندبونیان بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگەیاندوە.

لەدواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى عێراقەوە كە تێیدا یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، وەزارەتى نەوتی عێراق کۆمپانیا نەوتییەکانى لە هەرێم ئاگادارکردەوە کە پابەندى بڕیارەکە بن.

بەڵام دەسەڵاتەكانی هەرێم بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بە نایاسایی ناودەبەن و رەتیان كردۆتەوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×