محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: هه‌وڵێك هه‌یه‌ تا سه‌در له‌ سعودیه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تی عیراق پێكبهێندرێت
  2022-07-04       1143       

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، هەوڵێك هەیە تا سەدر لە سعودیە نەگەڕاوەتەوە حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە گەر بگەرێتەوە، رەنگە پێکهێنانی حکومەت قورستر بێت، بەتایبەت دەوترێت مەرجەعیەت بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران رازی نیە.

لەچەند رۆژی رابردوودا، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان له‌ باره‌ی ناوه‌رۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی ئێران، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: "ئێرانیەکان رەنگە ئاگاداری فشارەکان بن، ئەوان بێ ئاگا نیین لە رووداوەکان، چونکە ئێران حوکمی چەندین وڵات دەکات و لە عیراقیش خاوەن بڕیارە، هەر ئەوان نەیانهێشت سەدر هیچ بکات، بۆیە کاریگەریان لەسەر رووداوەکان هەیە".

وتیشی: "نازانم ئاگاداری موشەک بارانی هەولێرن یان نە، بەڵام ئەو گروپانەی هەولێریان موشەک بارانکرد، بە عەینی موشەک، کێڵگەی غازی کۆرومۆریشیان موشەک بارانکرد، ئەمە پەیوەندی بە عیراق و حەشدی شەعبیەوە هەیە، کە لەچەندین گروپی جیاواز پێکهاتوون و کەس بەکەس نیە، لەهەموو حاڵەتێکیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ شتێک بێ ئاگا نییە، کە لە ناوچەکە ر وودەدات".

لە بارەی رای ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ی ئێران لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستەکە، محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "ئەوان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکەبوون، داوایانلێکردم، هەوڵبدەم نێوان یەکێتی و پارتی هێوربکەمەوە، چیم پێکرا بیکەم".

روونیشیکردەوە، بەمەبەستی سەردانی دکتۆر چووەتە ئێران، بەڵام کاتێک بەرپرسانی ئێران پێیانزانیووە لەو وڵاتەیە، داوایانلێکردووە بیبینن و زۆربەیانی بینیووە، وتی: "رەئیان وابوو، پەلە بکرێت لەپێکهێنانی حکومەتی عیراق، کێشەی سەرۆک کۆمار لەنێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر بکرێت، رەنگە لەم ماوەیەدا خۆشیان سەردانی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوان جەختیان لە پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ هەرێم دەکردەوە".

بەپێی زانیاری هەندێک لەسەرچاوەکان کە زانیاری یان داوەتە دەنگی ئەمریکا، محەمەدی حاجی مەحمود پەیامی مەسعود بارزانی لەبارەی چۆنیەتی بەشداریکردنی پارتی لە حکومەتی داهاتووی عیراق گەیاندووەتە ئێرانیەکان، بەڵام ناوبراو تەواوی زانیاری یەکانی رەتکردەوە، بە دەنگی ئەمریکای وت: "وەڵاهی کاک دڵشاد، هیچ پەیامێکی جەنابی بارزانیم پێنەبوو، هاتم بۆ ئێران بە رێکەوت لە فرۆکەخانە بافڵ تاڵەبانیم بینی، بەڵام هیچ پەیامێکم پێنەبووە".

دەربارەی ئەو زانیاریانەی هەن گوایە پێش سەردانەکەی بۆ ئێران، چاوی بە بەرپرسانی پارتی لە هەولێر کەوتووە، محەمەدی حاجی مەحمود وتی: "لە هەولێر لە موناسەبەی مێژووی بارزانییەکان بەشداربووم، کتێبێک نوسرابوو، لەوێ بەشداریم کرد، نەک بۆ کۆبوونەوە لەوێ بم".

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە، ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بەتەواوەتی قوڵبوونەتەوە، چەند جارێک محەمەدی حاجی مەحمود سەردانی هەردوولای کرد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەبارەی ئەنجامی هەوڵەکانی، بە دەنگی ئەمەریکای وت: "هەوڵمدا و ئەنجامی هەوڵەکانیشم، یەکتربینینی لێکەوتەوە، بەڵام تا ئێستا وەزعەکان وەک خۆیانن، رەنگە لەمەودوا دۆخەکە هێورببێتەوە لە نێوان پارتی و یەکێتی، چونکە لایەنە عدراقیەکان هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەت دەخەنە ئەستۆی کورد، لەکاتێکدا گەر خۆیان رێکبکەون نیو کاتژمێر چاوەڕێی کورد ناکەن و حکومەت دروست دەکەن، بۆیە دەبێت یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆمار رێکبکەون".

محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پێیوایە، یەکێتی و پارتی لەکۆتاییدا ناچارن لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک کۆمار بگەنە رێککەوتن، دەڵێت: "مالیکی و عامری قسەیان لەگەڵ کاک مەسعود و هەرێم کردووە، چونکە ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتە".

جەختیکردەوە"هەرچەندە رەنگە پێکهێنانی حکومەت بکەوێتە دوای جەژن، بەڵام هەوڵ هەیە تا سەدر لە سعودیە نەگەڕاوەتەوە حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە گەر بگەرێتەوە، رەنگە پێکهێنانی حکومەت قورستر بێت، بەتایبەت دەوترێت مەرجەعیەت بەکاندیدکردنی مالیکی بۆ سەرۆک وەزیر رازی نیە، خەزعەلی داوای هەڵبژاردن دەکات، حەکیم رەتیدەکاتەوە بەشداری حکومەت بکات، چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو خۆشیان رێکنین".

سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسیلەوەکرد، سەدر خۆی هۆکاربووە بۆ پەراوێزخستنی، چونکە هەر ساتە و بڕیارێک دەدات، بەڵام پێناچێت بێدەنگ دانیشێت، وتی: "ئێستا سەدر بەناوی حەجەوە لە سعودیەیە، پێموایە سەردانەکەی تەنها بۆ حەج نیە، رەنگە بەرنامە و کۆبوونەوەی هەبێت، بایدن سەردانی ناوچەکە دەکات، سەدر ئیمتیازی زۆری داوەتە پەرلەمانتارەکانی بۆ کشانەوە، بۆیە بە بێدەنگی دانانیشێت، رەنگە بیەوێت تەمەنی حکومەت کورت بێت، یان داوای هەڵبژاردن بکات، چونکە ئەو نیازی وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوو 100 کورسی بهێنێت".

لەبارەی گوشارەکانی عیراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "گوشارەکانی عیراق بۆ سەر هەرێم سیاسین، ئەوان واتێگەیشتوون کورد لە دۆخێکی تایبەت دا و لە ژێر سێبەری ئەمریکا شتی دەستکەوتووە، ئێستا ئەمەیان پێ قەبوڵ ناکرێت، نایانەوێت کورد لەعێراق شەریکیان بێت، ئەمە هۆکاری گوشارەکانە".

هەرچەندە جنین پلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق، چەندین جار لەبارەی خراپی دۆخی هەرێمەوە هۆشداری داوەتە لایەنە کوردیەکان و دووجاریش لەگەڵیان کۆبووەتەوە، بەڵام محەمەدی حاجی مەحمود پێیوانیە مەترسیەکانی سەر هەرێم جدی بن، دەڵێت: "هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووری و یاسایی دانپێدانراوە، پێموانیە مەترسی هەبێت لەسەری، رەنگە هۆشداریەکانی پلاسخارت، بەشێکی بۆ ترساندن بێت، بەشێکیشی بەهۆی خراپی پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیەکانەوە بێت، کە بەغدا سود لەو ناکۆکییانە وەردەگرێت و هەوڵدەدات کێشەکان گەورەبکاتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×