حكومەتی هەرێم هەناردەو داهاتی سێ مانگی نەوتی ئاشكراكرد
  2022-07-07       638       

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەناردەو فرۆشی سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2022ی ئاشكراكردو رایگەیاند: کۆی داھاتی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم لەو ماوەیەدا زیاتر لە سێ ملیارو 63 ملیۆن دۆلار بوە كە دوای دەركردنی سەرجەم خەرجییەكان لەو بڕە زیاتر لە یەك ملیار و 343 ملیۆن دۆلاری ماوەتەوە كە بۆ موچە تەرخان کراوە.

ئاوێنە: فەرمانگەی میدیاو زانیاری سەربە حكومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ(پێنجشەممە) لە راگەیەندراوێكدا، ئاشكرایكرد، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 34 ملیۆن و 923 هەزارو 168 بەرمیل لە رێگەی بۆرییەوە فرۆشراوە كە تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك 86.730 دۆلار بوەو كۆی گشتی داهاتەكەی سێ ملیارو 28 ملیۆن و 903 هەزارو 497 دۆلار بوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا 409 هەزارو 37 بەرمیل نەوت بە ناوخۆ فرۆشراوە كە تێكڕای هەر بەرمیلێك بە 84.230 دۆلار بوەو كۆی داهاتەكەی 34 ملیۆن و 453 هەزارو 394 دۆلار بوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە كۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو لەماوەی ئەو سێ مانگەدا سێ ملیارو 63 ملیۆن و 356 هەزارو 891 دۆلار بوە كە دوای دەركردنی سەرجەم خەرجییەكانی نەوت، یەك ملیارو 343 ملیۆن و 841 هەزارو 232 دۆلار ماوەتەوە كە بۆ موچە تەرخانكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×