ئایا بۆ خۆشمان لە پێوەندی لە گەڵ پەروەندەی تیرۆری د.قاسملوودا، کەمترخەم نەبووین و نین؟
  2022-07-11       995       

قادر وریا

 

چەند ڕۆژ لەمەوبەر پۆستێکم لە بارەی مەرگی گوماناویی مانفرێد وایدینگێر، وەکیلی قوربانییەکانی تیرۆری ٢٢ی پووشپەڕی ڤییەن لە فەیسبووک بڵاو کردەوە و ڕووی پرسیاری خۆم لە بارەی ئاکامی کەیسی ئەو مەرگە گوماناوییە( لە ٣١ی ژوئیەی ٢٠٠٣) کردە چالاکانی سیاسیی کورد لە ئوتریش و لە پێشەوەی ئەوانیش، تێکۆشەرە دێرینەکانی حیزبی دیموکرات لەو وڵاتە، بەڵکوو دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ زانیارییەکیان ئەگەر هەیە، باسی بکەن.

ژمارەیەک لە دۆستان لەم بارەیەوە لە ژێر پۆستەکەم ڕاو بۆچوون و هەستی خۆیان دەربڕی. لە نێو ئەواندا چەند دۆستێک، خودی حیزبی دیموکراتیان لە پێوەندی لە گەڵ پەروەندەی تیرۆری ڤییەندا بە کەمتەرخەم دانا و رەخنەیان لێگرت. دیارە ٢-٣ کەسیش بە پێوەندی و پەیامی تایبەت هێندێک شتیان لە گەڵ باس کردم.

پێشەکی سپاس بۆ هاوبەشیی دۆستان و هاوڕێیان لەم باسەدا. لە ئاست ڕەخنەکانیشتان، شتێکم نییە جگە لە دانپێدانان و قبووڵکردنیان؛ هەر چەند هێندێک لە رەخنەکان ڕوونکردنەوە هەڵدەگرن.

دەمەوێ لە سەرەتادا قەناعەتی خۆم لەو پێوەندییەدا باس بکەم. ئەویش ئەوەیە کە حیزبی دیموکرات دوای ساتوسەودای وڵاتی ئوتریش لە گەڵ ڕێژیمی ئێران لە سەر ڕادەستکردنەوەی تیرۆریستەکان، و دڵنیابوون لەوە کە ئەو وڵاتە پەروەندەی تیرۆری د.قاسملوو و هاوڕێیانی بە یەکجاری داخستووە، نە لە ڕووی دارایییەوە لە خۆی رادیت کار بۆ گوڕینی ئەم وەزعە بکا، نە لە باری دروستکردنی گوشاری سیاسی و دیپلۆماتی و مرۆڤدۆستانە هەوڵێکی ئەوتۆی دا، یا لە دەستی هات. ڕێبەریی حیزب قەناعەتی بە خۆی هێنابوو کە بەدواداچوون بێفایدەیە.

گومانی تێدا نییە کە ئیمکاناتی دارایی حیزبی دیموکرات نە ئەوسا و نە ئیستا لە گەڵ هی ڕێکخراوی موجاهیدین و پارتی دیموکرات و پێ کاکا و یەکیەتیی نیشتمانی بۆ بەراوردکردن نابێ. وەک دەڵێن جیاوازییەکە یا وێکچوونەکە ئاسمان و ڕیسمانە! بۆیە دروست نییە ئەو چاوەڕوانییەمان لە حیزبی دیموکرات هەبێ ئەو کارانەی ئەو هێزە سیاسییانە بە پارە دەیکەن و کردوویانە، بە ویش بکرێ. بەڵام سەرەرای ئەم ڕاستییەش، ئەو قەناعەتەی ڕێبەریی ئەوسا و ئیستای حیزبی دیموکرات کە خۆماندووکردن بۆ کردنەوەی ئەم کەیسە بێفایدەیە، لە جێی خۆیدا نییە و بە تەواویی جێگەی رەخنەیە.

دەبێ قبووڵی بکەین ئەگەر حیزبی دیموکرات یەکگرتوو با و هێزی مرۆیی خۆی لە دەرەوەی وڵات و ئیمکاناتە دیپلۆماسی و ماڵی و تەبلیغاتییەکەی خۆی و هەر وەها پشتیوانیی دۆستەکانی بە پلان و بەرنامە بۆ کردنەوەی ئەم پەروەندەیە چڕ کردباوە ؛ ئەگەر لە سەر توانا نەدیتراوەکانی خۆی و ڕێکارە تاقینەکراوەکان کاری کردبا، چارەنووسی پەروەندەی تیرۆری ڤییەن وەک ئێستا نەدەبوو.

لە ٣٠ ساڵەی تیرۆری د.قاسملوودا، کاتێک کاک ژیاری گوڵ، راپۆرتێکی دەوڵەمەند و پڕ زانیاریی لە سەر ئەو تیرۆرە و بە تایبەتی نیوەرۆکی ئەو کاسێتەی قسەکانی دانیشتنە خوێناوییەکەی ڤییەنی تێدا تۆمار کرابوو، ئامادە و بلاو کردەوە، وێرای دەستخۆشی لەو، ئەو ڕەخنەیەم لە خۆمان گرت کە نزیک بە ٣٠ ساڵ دەبوو ئەو کاسێتە لە دەفتەری پاریسی حیزبی ئێمە هەبوو، بەلام هیچ کات کۆپییەکی نەهاتەوە بۆ ڕاگەیاندنی حیزب لە کوردستان، تا مەمانان کاری دۆکیۆمێنتاریی لە سەر بکەین!

دوای بڵاو بوونەوەی پۆستی پێوەندیدار بە مەرگی گوماناویی مانفرێد وایدینگێر لە فەیسبووک، چەند دۆستێک لە ئوتریش بە پەیامی تایبەت لە سەر ئەو پرسیارە، پێوەندییان پێوە کردم. ئەو دۆستانە باسی ئەوەیان بۆ کردم کە مانفرێد وایدینگێر، وێڕای وەئەستۆگرتنی ئەرکی پارێزەری لە پێوەندی لە گەڵ کەیسی تیرۆری د.قاسملوو و کاک عەوڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ رەسووڵ، لە سەر چەند کەیسێکی دیکەش کاری کردووە کە ئەوانیش هەر "بڤە" بوون، وەک گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و چەک فرۆشتنیان بە پێچەوانەی یاساکانی وڵات و هتد.. کە رەنگە مەرگە گوماناوییەکەی پێوەندی بەوانەوە هەبێ. هەر وەها باسی ئەوەشیان کرد کە دوای دۆزرانەوەی تەرمی ئەو پارێزەرە، هەڕەشەیان لە ژنەکەی کردووە کە بەو راپۆرتە قەناعەت بکا کە هۆی مردنەکەی، "ڕاوەستانی دڵ" بووە نەک مەرگی گوماناوی و، لەمە زیاتر لە سەری نەڕوا! من لەوە بە داخم کە لەو بارەیەوە بە کوردی و فارسی، کەمترین زانیاریی بڵاو بووەتەوە. ئەمەش هەر رەخنەیە لە سەر لایەنی کوردی و بە تایبەتی حیزبی دیموکرات کە خاوەنی سەرەکیی ئەو کەیسەیە. هەتا ئیستاش هەست دەکەم جۆرێک خۆپاراستن و خۆسانسۆرکردن و خۆبواردن لە دانی زانیاری و بیروڕادەربڕین لەو پیوەندییەدا بە تایبەتی لە میدیاکان و تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا لە لایەن ئەو کوردانەی لە ئوتریش دەژین، بەدی دەکرێ. بۆچی ئەو بەڕێزە ئاگادارانە، ناخوازن یا ناوێرن ڕاستییەکان باس بکەن؟ نازانم. ئایا لە لایەن دەولەت و دەزگا پێوەندیدارەکانی ئوتریش بەرەورووی لێپێچینەوە دەبن؟ یا لە ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران نیگەرانن؟

٣٣ ساڵ بە سەر تیرۆری د.قاسملوو و کاک عەوڵا قادری ئازەردا ڕادەبرێ. ڕاستە بەرژەوەندپەرستیی دەوڵەت و هێندێک لە حیزبەکانی نێو دەسەڵات و دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی ئوتریش هۆی یەکەم بووە بۆ ئەوەی ئەم پەروەندەیە بە داخراوی بمێنێتەوە. بەڵام لایەنیی کوردیی خاوەنی ئەم کەیسە چی کردووە و دەبوایە چ بکا و نەیکردووە؟ ورووژاندنی ئەم پرسیار و ڕەخنەیە ڕەنگە لە شانی هاوڕێیانی حیزبی خۆش نەیە. بەڵام پێمان خۆش بێ یان نا، دەبێ لە جیاتی خۆ لێ گێل کردن، بیبیسین و وڵاممان بۆی هەبێ. دەبێ لە قۆناغی داهاتووی تێکۆشانی حیزبی یەکگرتووی دیموکراتدا، هەوڵدانی بە بەرنامە و چڕ و تۆکمە بۆ تەکاندنی تۆزی داخراوی لە سەر پەروەندەی تیرۆری د.قاسملوو، یەک لە ئەرکە سەرەکییەکان بێ. چی دیکە بەو وڵامە کە "بەدواداچوون بێفایدەیە" ناتوانین بەرپرسیارەتیی خۆمان لە ئاست کەیسی تیرۆری د.قاسملوو، لە بیر بەرینەوە.

یادی شەهیدانی تیرۆری ١٣ی ژوئیەی ڤییەن بەڕێز،

بە هیوای کرانەوەی پەروەندەی ئەو تیرۆرە و، دادگایی ڕێژیمی تیرۆریستی ئێران و هاودەستە ئوتریشیەکانیان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×