"دەمانچەی چەرخی بۆ هەڕەشەكردن بەكارهێناوە"؛ كەسێك بەتۆمەتی دزی لە كەركوك دەستگیركرا
  2022-07-22       414       

پۆلیسی كەركوك رایگەیاند، كەسێكیان دەستگیركردوە كە خۆی وەك كارمەندی هێزە ئەمنییەكان ناساندوەو لەماوەی مانگێكدا هەستاوە بە ئەنجامدانی چوار تاوانی دزیكردن لە یەكێك لە بازاڕەكانی شاری كەركوك و دوای دەستگیركردنیشی دەركەوتوە ئەو دەمانچەیەی بەكاریهێناوە بۆ هەڕەشەو ترساندنی هاوڵاتیان، دەمانچەیەكی چەرخ بوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەدوای ئەوەی كە ژمارەیەك سكاڵایان پێگەیشتوە لەسەر ئەوەی كەسێك كە خۆی وەك كارمەندی هێزە ئەمنییەكان ناساندوەو هەڵساوە بە ئەنجامدانی چەند تاوانێكی دزی لە دوكانە بازرگانییەكانی بازاڕی ئەحمەد ئاغا،  پۆلیس تیمێكی پێكهێناو لە دەروازەكانی بازاڕەكە بۆسەیەك بۆ تۆمەتبار نرایەوەو توانرا دەستگیربكرێت.

پۆلیسی كەركوك ئاماژەی بەوەشداوە كە تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنی دانی بەوەداناوە كە لەماوەی یەك مانگدا چوار تاوانی دزی ئەنجامداوەو لەگەڵ دەستگیركردنیشیدا دەستگیرا بەسەر دەمانچەیەكی وەهمیدا كە "چەرخ" بوەو لە رێگەوە هەڕەشەی لە هاوڵاتیان كردوەو ترساندونی.

پۆلیسی كەركوك ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆمەتبارەكە لە ئێستادا بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×