قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ لە هەمان شوێنی چەند رۆژێك پێش ئێستا شکایەوە، ئەمە لەکاتێدایە کە دوێنێ بۆرییەکە چاککرابوەوە.
ئاوێنە: نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لەبارەی شکانی بۆرییەکەوە ئەمڕۆ هەینی بە روداوی راگەیاند، لە هەمان ئەو شوێنەی کە چەند رۆژێک پێش ئێستا شکابو، جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکایەوە، ئەمەش چوارەمین جارە لەم مانگەدا بۆرییەکە دەشكێت، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو بۆرییە ئاو بۆ نزیکەی 40%ـی دانیشتوانی هەولێر دابین دەکات.
قایمقامی هەولێر وتیشی، لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر گۆڕینی بۆرییەکە بە گشتی دراوە کە لە سەرچاوەکەیەوە تاوەکو نێو هەولێر 11 کیلۆمەترە و هەموی دەگۆڕدرێت.
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کەوتوەتە باکوری شاری هەولێرو نزیکەی 40%ـی ئاوی هەولێر دابین دەكات کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکور و رۆژئاوای شارەکە.
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، 15 ساڵە دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین دەکات.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە. ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتوەتە کار.