پەرلەمانتارێك: رۆژانە لەسلێمانی 30 بۆ 35 كەس گیان لەدەست دەدەن
  2022-07-24       573       


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان مەترسییەكی گەورە دەخاتەروو لەبارەی نەبوونی دەرمان لەنەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ و نەخۆشخانەی هیوای شێرپەنجەو دەڵێت:" سەیر ئەوەیە پاڵەوانەكانی دۆلار ! لە كابینەی نۆیەم، ژمارەی قەبە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەخەنەڕوو ...... لە ناو ئەم ژمارە گەورانە ئەوەی بێ نرخە گیانی خەڵكە. ھیچ حكومەتێك لە دنیا ھێندە بێ باك نیە".

ئاوێنه‌: دابان محەمەد رایگەیاند:"‎لە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ، سەرجەم نەشتەرگەرییە ساردەكان ڕاگیراوە، ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ ھاوڵاتیش بەھۆی جەڵتەی دڵەوە پێویستیان بە نەشتەرگەری خێرا ھەیە، تەنیا بەشی یەك ھەفتە دەرمانی پزیشكی لە بەردەستە، دوای ھەفتەیەكی تر ئەوەش ڕادەگیرێت، ئیتر لە سلێمانی ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٣٥ كەس گیان لە دەست دەدەن ".

‎هەروەها راشیگەیاند:" لە نەخۆشخانەی شێرپەنجە نزیكەی ٦٠٠ كەس گیانیان لە مەترسیدایە و بەرەو پیری مردن دەبرێن، چونكە ئامێرەكانی تیشك لە كار كەوتون".

دابان محەمەد دەشڵێت:" ئەم ئامێرانە كە كڕدراون چاككردنەوەی بەردەوامی دەوێت، ٢ ساڵە ئەم چاككردنەوەیە ڕاگیراوە, پارەی چاككردنەوەی ئەم ئامێرانە لە ماوەی ٢ ساڵدا تەنیا یەك ملیۆن دۆلارە (( خەڵك ھەبوە سەرەی گرتوە بۆ تیشك، دوای ٦ مانگ كە تەلەفۆنی بۆ كراوە، كەس و كارەكەی وتویانە مردوە. خەڵك ھەبوە لە قۆناغی سەرەتای شێرپەنجەدا بوە و چارەسەری زۆر ئاسان بوە، كاتێك سەرەی ھاتوە، لە پێشكەوتوترین نەخۆشخانەی دنیاش ناتوانرێت چارەسەری بۆ بكرێت".

‎هاوكات رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێم دەگرێت و دەڵێت:"سەیر ئەوەیە پاڵەوانەكانی دۆلار ! لە كابینەی نۆیەم، ژمارەی قەبە لە داھاتی فرۆشتنی نەوت دەخەنەڕوو كە ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار مانگانەیە، ژمارەی قەبە لە زیادكردنی داھاتی ناوخۆ دەخەنەڕوو كە ھەندێك مانگ گەیشتوەتە، ٤٠٠ ملیار دینار، لە ھەموی سەیرتر باس لە دانەوەی ملیاران دۆلار قەرز دەكەن بە كۆمپانیا و وڵاتان! لە ناو ئەم ژمارە گەورانە ئەوەی بێ نرخە گیانی خەڵكە. ھیچ حكومەتێك لە دنیا ھێندە بێ باك نیە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×