راوێژكارێكی بەرهەم ساڵح: پارتی سەرجەم كارتەكانی سوتاون و یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوە
  2022-07-26       1434       

راوێژكارێكی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پێی وایە پارتی تەنها یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوەتەوە كە ئەویش ئاشتەواییە لەگەڵ سەرجەم لایەنە كوردییەكان دوای "سوتانی سەرجەم كارتەكان"ی لە پێشبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆماردا. دەشڵێت: یەكێتی پێشنیارەكەی پارتی رەتكردۆتەوە كە داوای كردبو یەكلادنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار ببرێتە پەرلەمانی كوردستان.

ئاوێنە: هاوژین عومەر، راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند: دوایین داواکاریی پارتی سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بریتییە لەوەی ئەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە...یەکێتیی نیشتمانیی ئەو داوایەی پارتی ڕەت کردۆتەوە و سوربونی خۆیان لەسەر تاکەکاندیدی حیزبەکەیان کە دکتۆر بەرھەم ساڵحە، دوپات کردۆتەوە.

وتوشیەتی، ئەو داواکارییەی پارتی گوزارشتە لە وەی ئەم حزبە ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەر دەستدا نەماوە و ھەمو کارتەکانی دەستی سوتاون، "تاکە بژاردەیەکی گونجاویش کە ئێستا مابێت لە بەردەم پارتی بە بڕوای بەندە، ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵەیەیە، لەگەڵ بڕیاردانی ئاشتەواییەکی گشتی لەگەڵ ھەمو ھێزە کوردییەکان."

دەقی نوسینەكە:

داواکارییەکەی پارتی و چەند سەرنجێک لەوبارەیەوە

دوایین داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بریتییە لەوەی ئەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.. بێگومان و وەکو چاوەڕێش دەکرا، یەکێتیی نیشتمانیی ئەو داوایەی پارتی ڕەت کردۆتەوە و سوربونی خۆیان لەسەر تاکەکاندیدی حیزبەکەیان کە دکتۆر بەرھەم ساڵحە، دوپات کردۆتەوە.

ئەو داواکارییەی پارتی لە چەند ڕویەکەوە گرفتی گەورەی ھەیە.. بەندە سەرنجی خۆم لەسەر ئەو داواکارییە لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕو:

یەکەم: دیارترین کێشەی ئەو داواکارییە ئەوەیە؛ کە ھەر پارتی بۆ خۆی قورسایی پەرلەمانی کوردستانی نەھێشتوە و ساڵانێکی زۆرە ھیچ بابەت و دۆسیەیەکی ھەستیار و چارەنوسسازی نەبردۆتە ئەو دامەزراوە نیشتمانییە گەورەیە، ئیتر چۆن ئێستا ئەو داوایە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی دەکات؟! ھەرکاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بابەتێکی نیشتمانیی و چارەنوسسازی وەکو گرێبەستە نەوتییەکانی شەفافانە ببردایەتە بەردەم پەرلەمان، یان پەرلەمانی بکردایەتە تاکە مەرجەعی بابەتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و بە تایبەتیش بابەتی دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، یان ڕۆژانێک پەرلەمانی پەک نەخستایە، ئەوکات ئاسایی بو داوایەکی وەھاش بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆماریی لە ناو باڵەخانەی پەرلەمان بکات.

دوەم: ئەو داواکارییەی پارتی گوزارشتە لە وەی ئەم حزبە ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەر دەستدا نەماوە و ھەمو کارتەکانی دەستی سوتاون، چ لەسەر ئاستی ناوەند و چ لەسەر ئاستی ھەرێمیش، بۆیە پەنا بۆ وەھا داواکاریی و پێشنیازێک دەبات، ئەمەشی لە لایەک دەرئەنجامی سیاسەت و خوێندنەوە ھەڵەکانی خۆی بون، لە لایەکیشی بە ھۆکاری ناڕێکیی ھاوپەیمانە ناموتەجانیسەکانی بون.

سێیەم: ھەروەھا داواکارییەکە ئەوەش دەسەلمێنێت کە پارتی دیموکرات لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ھەڵە و ئەو ڤیتۆکارییەی لە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمارییدا بە بێ پاساو پەیڕەویکردن و ھیچ ئەرزشێکی بۆ ڕا و سەرنجی لایەنەکانی دیکەش دانەنا، ئێستا جگە لەوەی بە بێ بژاردەی بەھێز ماوەتەوە، ھاوکات کەوتۆتە کاتی زائیعەوە و ھاوشێوەی سیناریۆکەی ساڵی ٢٠١٨ش، ھەم پاشەکشەی لە کێبڕکێکە دەبێتە شکستی گەورە بۆی، ھەمیش مانەوەی، ئەمە جگە لەوەی کاتیش لە بەرژەوەندیی ئەو نییە.

دوبارەشی دەکەمەوە، ئەوەی لە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمارییدا پارتی بە ئەم قۆناغەی ئێستا گەیاند، تاکڕەویی و غرور و حسابنەکردنی بو بۆ زۆرینەی لایەنە کوردییەکان، لەگەڵ وەلاخستنی بەرژەوەندیی و یەکڕیزیی کورد لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی و کەسیی. تاکە بژاردەیەکی گونجاویش کە ئێستا مابێت لە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕوای بەندە، ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵەیەیە، لەگەڵ بڕیاردانی ئاشتەواییەکی گشتی لەگەڵ ھەمو ھێزە کوردییەکان، بە شێوەیەک ھەم ئەرزش بۆ پڕۆسەی سیاسی و حکومەتداریی لە کوردستان بگەڕێتەوە، ھەمیش کار بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵکی بکرێت و ھەڵە گەورەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردیی سەبارەت بە ناوخۆ و عێراقیش ڕاست بکرێنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×