عەمار حەكیم بۆ كورد: یان لەسەر یەك كاندید رێكبكەون یان كاندیدەكانتان ببەنە پەرلەمان
  2022-07-29       561       

عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە سێ پێشنیار بۆ چارەسەری بنبەستی سیاسی دەخاتەڕو و داواش لە كورد دەكات لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار رێكبكەون یان كاندیدەكانیان ببەنە پەرلەمانی عێراق تا لەوێ یەكێكیان وەك سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت.

ئاوێنە: عەمار حەكیم، ئەمڕۆ هەینی، لە وتەیەكدا لە گردبونەوەی لایەنگرانی لە گۆڕەپانی خەلانی لە بەغدا سێ پێشنیاری خستەڕو بۆ چارەسەركردنی دۆخی بنبەستی سیاسی لە عێراق.

پێشنیاری یەكەمی عەمار حەكیم پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە هەبو و رایگەیاند، میكانیزمێكی رون و ئاشكراكرا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دابنرێت و لە كۆبونەوە داخراوەكاندا نەهێڵرێتەوە.

وتیشی، برایانی كورد یان لەسەر یەك كاندید رێكبكەون یان لەماوەیەكی دیاریكراو و نزیكدا بە دو كاندیدەوە بچنە پەرلەمان و بۆ ئەوەی پەرلەمان یەكێكیان هەڵبژێرێت.

هەروەك پێشنیاری دوەمیشی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بو، وتیشی، هەمواركردنەكە بەشێوەیەك بێت عێراق لە داخرانی سیاسی رزگاربكات.

حەکیم هەروەها باسى لەوەکرد، پێشنیاری سێیەمی ئەوەیە  رێككەوتن لەسەر ئەولەویەتە سیاسییەكان بكرێت كە قورسترین پرسە روبەڕویان بۆتەوەو وتیشی،  كێشەكە لەوەدا نییە كە لە وردەكاریی جێبەجێكردندا جیاوازیان هەبێت، بەڵكو گەورەترین كێشە ئەوەیە کە جیاوازن لە دەستنیشانکردنی ئەو ئەولەویەتانە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×