سێبەری شەڕی تورکیا لەسەر سەری جووتیارانی کورد
  2022-10-14       315       

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری مۆنیتۆر بەشێکی گەورە لە چالاکیی جووتیارانی کوردی سووریا لە نزیک سنوورەکانی تورکیا بەهۆی هێرشەکانەوە ڕاگیراوە.

ئاوێنه‌:  تورکیا هاوکات لەگەڵ هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریادان، ڕێگری کردووە لە هاتنە ناوەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بۆ ئەو ناوچانە. هه‌روه‌ها گۆڤاری ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مریكی باسی له‌ ڕاگیرانی چالاكییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ ناوچه‌ به‌پیته‌كه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوردانی سووریا كردووه‌ به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیاوه‌.

بەپێی راپۆرتی ئەم گۆڤارە ئەمریکییە، هەڕەشە رۆژانەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا وایکردووە بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا دەستبەرداری چالاکییە کشتوکاڵییەکانیان بن، چوونکە هێزەکانی تورکیا هەڕەشە لە جووتیاران دەکەن و هەروەها بەهۆی دروستبوونی بەربەستی سنوورییەوە، توانای فرۆشتنی بەرهەمەکانیان نییە.

ئەم گۆڤارە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی کوردانی سووریادان بە سەبەتەی خۆراکی ئەم وڵاتە ناسراون، بەڵام جووتیاران ناتوانن بەردەوام بن لە چالاکیەکانیان چوونکە سەربازانی تورکیا ڕێگە نادەن جووتیارانی کوردی سووریا ئاوی کێڵگەکانیان بدێرن بۆیە لە ئەنجامدا زۆربەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لەناو دەچن.

هەروەها سەلمان عەرەب، بەرپرسی بەشی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکووری سووریا، بە ئه‌لمۆنیتۆری ڕایگەیاندووە، بەهۆی پەرەسەندنی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و هاوەنەکانی تورکیا، ئیدارەی خۆسەر ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە جووتیارانی ناوچەی سنووری لەگەڵ تورکیا بکات، هەر بۆیە بەرهەمهێنان دژوار بۆتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وێنەی مانگە دەستکردەکان بە باشی جیاوازی بەرچاوی گەشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەردوو دیوی سنوورەکە نیشان دەدەن، چوونکە ئەو بەشەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریادایە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆتە بیابان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×