ماڵەكانی "لیوا رەشەكە"و "جەمەلۆنەكە" لە كەلار بە پێدانی زەوی قەرەبو دەكرێنەوە
  2022-10-20       331       
دیمەنی ماڵێك لە گەڕەكی لیوا رەشەكەی كەلار. فۆتۆ: هونەر عەزیز

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی قەرەبوكردنەوەو چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی 163 پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردو بینای "لیوا ڕەشەكە"و "جەمەلۆنەكە" لە شاری كەلار كە ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبون گونجاو نییەو مەترسیی ڕوخان و بومەلەرزەیان لەسەر هەیە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە"ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی دانیشتوانی ئەو دو شوێنەیە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەبەر هەژاری و كەمدەرامەتی لەم شوێنە نەشیاوە بۆ ژیانكردن ماونەتەوەو بەردەوام مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە سەرۆكی حكومەت بە دابینكردنی پارچە زەوی لەسەر ڕوبەری (200م2) لە سنووی شارەوانیی كەلار شوێنێكی شایستەو گونجاویان بۆ دیاری دەكات تاوەكو ڕزگاریان بێت لەم بارە ناهەموارەی تێیدان، ئەویش بە قەرەبوكردنەوەو گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی گونجاو بە ژیان."

پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار لە ڕێگەی قائیمقامیەتی كەلار و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە بە مەبەستی قەرەبوكردنەوەی ئەو ماڵانە، نوسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی شارەوانی "لە رێككەوتی لە ڕێككەوتی 16/10/2022 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی ئەو هاوڵاتییانە و چارەسەركردنی ئەو گرفتە بڕیاری دا هەر ماڵەی بە پارچە زەوییەك لە سنووی شاری كەلار قەربو دەكرێنەوەو ئەو فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچونییەوە جێبەجێ دەكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×