كەشناسی هەرێم: ئەمڕۆو سبەینێ باران دەبێت و پلەكانی گەرماش دادەبەزن
  2022-10-21       310       

بەپێی پێشبینی كەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە، باران بارین زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو پلەكانی گەرماش بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ هەبونی تاوە باران و بروسکە، سەرەتا باران بارین بەشێوەی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای دهۆک دەبێت پاشان لە زۆربەی ناوچەکانی تر باران بارینمان دەبێت.

بەگوێرەی پێشبینی كەشناسی هەرێم، هەر ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بە 2 تا 3 پلە لەچاو تۆماركراوەكانی دوێنی، دادەبەزن.

كەشناسی پێشبینی كردوە، ئەمڕۆ بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە بن: ھەولێر: 29، سلێمانی: 30، دھۆک: 29، کەرکوک: 33، ھەڵەبجە: 31، سۆران: 29، گەرمیان: 33 پلە.

كەشناسی هەرێم لەبارەی كەشوهەوای سبەی شەممەوە، رایگەیاندوە، ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ بونی باران بارینێکی کەم لە زۆربەی ناوچەکان، لە ناوچە شاخاوییەکان باران بارین زیاتر دەبێت و پلەكانی گەرماش لە چاو ئەمڕۆ 1 بۆ 3 پلەی دیكە دادەبەزن.

جەختیشی كردۆتەوە كە کاریگەری ئەم ناجێگیرییەی کەشوهەوا تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 28، سلێمانی: 28، دھۆک: 27، کەرکوک: 32، ھەڵەبجە: 29، سۆران: 27، گەرمیان: 32 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×