دەستپێكی كاری پاڵاوگەیەكی نەوتی لەهەرێمی كوردستان راگەیەنرا
  2022-10-26       600       


لە رێوڕەسمێكدا بەئامادەبونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێم و بەرپرسانی حكومی، خستنەكاری پاڵاوگەی لاناز راگەیەنرا.

ئاوێنه‌: لە بەشێكی ئەو رێوڕەسمەدا مەسرور بارزانی لە وتەیەكدا رایگەیاند: پاڵاوگەی لاناز یەكێكە لە هەرە پاڵاوگە پێشكەوتوەكان و لەسەر ستانداردی جیهانی بونیاتنراوە، تا ببێتە ژێرخانێكی بەهێزی ئابوری كوردستان، هەروەها دەتوانێت خزمەتی زۆری هاووڵاتیان بكات جگە لەوەی بۆتە شوێنێك بۆ بەدەستخستنی هەلی كار كە حكومەت هەمیشە پاڵپشتی كەرتی گەشتی و تایبەت بوە بۆئەوەی هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بڕەخسێنێت.

مەسرور بارزانی وتیشی: سامانی ئەم وڵاتە رژێمەكانی پێشوو لەجیاتی ئەوەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەكاری بهێنن بۆ كڕینی چەك و وێرانكاری بەكاریانهێنا، ئێمە لە رابردودا نەمانتوانیوە سودی لێ ببینین ئێستا ساڵ لەدوای ساڵ بۆ خزمەتی خەڵك و ئاوەدانی كوردستان بەكاری دەهێنین.

راشیگەیاند: دوای روخانی رژێمی سەدام و لەدوای نوسینەوەی دەستور ئەرك و مافەكانی هەموو خەڵكی عیراق بەهەرێمی كودستانیشەوە دیاریكرا كە چۆن دەتوانین سود لەو سامانە ببینین، بەداخەوە هەندێكجار ئەوەی پێشبینی دەكەین نایەتەدی چاوەڕوانبوین دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستور جێبەجێ بكەن، بەڵام بەپێی مەزاج و بەرژەوەندی هەندێك كەس تەفسیریان بۆ دەستور كرد وەك دەبینین لەهەندێك ناوچەی عیراق لە خزمەتگوزاری سەرەتایی بێبەشن و ئەمەش هۆكاری ئیدارەدانی خراپ و پێشێلكردنی دەستور یەكێك لە هۆكارە سەرەتاییەكانێتی، هیوادارین لە كابینەی نوێی حكومەتدا چارەسەری كێشەكان بكرێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×